لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
منداڵان هەر لە هاتنەدنیاوە بە ئاواز و دەنگی لایەلایە ئارام دەبنەوە. لایەلایە جۆرێک میوزیکی ئارامشبەخشە کە منداڵان بەبیستنی ئاسوودەتر دەخەون. دەروونناسان پێشنیاری لایەلایە بۆ ئەو باوک و دایکانە دەکەن کە منداڵەکەیان بەڕێکی ناخەوێت.
لایەلایەکردن لەسەردەمی دووگیانی
بەپێی لێکۆڵینەوەیەک ئاوازی لایەلایە و مۆسیقای هێمن، پێش هاتنەدنیاوە باشترە. لە ڕاستیدا ئەودەمەی کۆرپەلە لە پزدانی دایکدایە، پێویستە دەستپێبکرێت، چونکە کاریگەر دەبێت لە پرۆسەی گەشەی کۆرپەلەدا. بەگشتی لایەلایەکردن لە هەفتەی ٢٥ـەمی دووگیانیەوە کە کۆرپەلە بەتەواوی دەبیستێت، هەستی بیستن بەهێز دەکات. باوک لەگەڵ دایک بۆ پەیوەندیکردن بە منداڵەکەیانەوە لەکاتی دووگیانی، لایەلایەی بۆ دەکەن، بێگومان دوای هاتنە دنیاو لە داهاتووی منداڵەکەیاندا ئەنجامی دەبینن.
کاریگەری لایلایە یان لاواندنەوە بەسەر بیستن و قسەکردنی منداڵ
میوزیک بەتەمەنێکی زۆر بچوک، لە مێشکماندا جێ دەگرێت. توانای پرۆسێسکردنی مۆسیقا لە ناوچە تایبەتەکانی مێشکدا، لە چەند مانگی یەکەمی دوای هاتنەدنیا دەردەکەوێت. ئەم کارامەییە جگەلە هاندانی جووڵەی دەمار و جەستەیی منداڵان، یارمەتییان دەدات پەیوەندی کۆمەڵایەتی باشتر ببەستن. کاریگەرییەکانی تری لایلایە یان لاواندنەوەی منداڵان بریتین لە هاندانی هەست و هۆرمۆنەکانی چێژ، باشترکردنی تێگەیشتن و پێکهێنانی شوناسی کەسایەتییان. هەروەها کۆرپە دەتوانێت جیاوازی بکات لەنێوان دەنگە جیاواز و میلۆدییەکان، بۆیە دەکرێت لایلایە یان لاواندنەوەی خەوتن بۆ کۆرپەکەت بەسود بێت.
زۆربەی دایکان و باوکان لەوباوەڕەدان کە لایەلایە یان لاواندنەوە تەنیا بۆ کۆرپەیە، بەڵام بۆ هەموو تەمەنەکانی منداڵ بەسودە. لایەلایە یان لاواندنەوە کاریگەری زۆر ئەرێنیان بەسەر منداڵانەوە هەیە، نەک تەنیا پەیوەندییەکی سۆزداریی بەهێز لەنێوان دایک و باوکی تازە هاتووانی دنیا دروستدەکات، بەڵکو مێشکی منداڵیش کارا دەکەن. کاتێک کۆرپە لەزنجیرەیەک میلۆدی هاوئاهەنگدا گوێ لەدەنگی دایکی دەگرێت کە لە هەموو جیهاندا خۆشیدەوێت، هەست بە ئارامیی و دڵنیایی دەکات. هەموو ئەم هۆکارانە پێکەوە وا لە کۆرپەکە دەکەن بەبێ گریان و خەبەر بوونەوە، خەوی لێ بکەوێت.
لایەلایە یان لاواندنەوە وشەی هارمۆنین کە نەخشێکی دەنگی ئاوازدار و دووپاتە بووەوەی هەیە و بۆ منداڵ ئارامکەرەوەیە. لایەلایە یان لاواندنەوەی زۆربەی دایکان بەئاوازێکی هێمنە، لەکاتێکدا کۆرپەکەیان دەهەژێنن. شێوازێکی ناوازە هەیە کە دایک بەپێی ڕیتم و لایەلایەی خەوتن، تۆن و پەستان و دەنگی خۆی بەڕێوەدەبات. ئاوەها بە تۆن و هەوای دەنگی ڕێنمایی کۆرپەکە دەکات و ژینگەیەکی ئاسوودە و بە پەرۆشی بۆ دەڕەسێنێت کە منداڵە بچووکەکەی بتوانێت بخەوێت. لایەلایەی خەوتن کاریگەری ئارامکەرەوەیان لەسەر کۆرپەکە هەیە، دایک و باوکێک منداڵەکە دەهەژێنن و لایەلایەی خەوتنی بۆ دەکەن.
سودەکانی لایەلایە بۆ منداڵ، لە ١٠ خاڵدا کورت دەکەینەوە:
١. قۆناغێکی ساغتر بۆ گەشەکردنی منداڵ دەڕەخسێنێت.
٢. وشەی سادە بۆ لایەلایە بەکارهێنراوە، هەموومان لە زمانی گشتی دەگەین و مۆسیقای پاشخانی ئاوازدارە و نەخشی ڕیتمیکی هەیە. ئەمەش وا دەکات کۆرپە بتوانێت خێرا لە قۆناغێکی زەمەنیدا فێریان بێت.
٣. تا ئەوکاتەی دایک بەردەوام دەبێت لە قسەکردن یان لایەلایە بۆ کۆرپە، ناوەندەکانی بیستن و بینین و پەیوەندیدار بە زمان لە مێشکدا هان دەدرێن.
٤. هەندێک لە دەستەواژەکانی ناو لایەلایە، زۆر بابەتی کاروباری ژیان بۆ منداڵان دەگوازنەوە.
٥. لایەلایەوادەکات کۆرپە ئارام بێت و بێ شڵەژان ئارامییان دەکاتەوە. ئەمە وادەکات ماسولکەکانی مێشک زیاتر شل ببنەوە و لە ئەنجامدا منداڵەکە دەخەوێنێت.
٦. هەندێک لایەلایە بەجۆرێک یارمەتی منداڵان دەدات بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی ئارامتریان هەبێت.
٧. زۆربەی لایەلایە باوەکان ئەو وشانە لەخۆدەگرن کە گوزارشت لەخواست و ئاوات و خۆشەویستی و خۆشگوزەرانی گشتی منداڵەکە دەکەن. لە ئەنجامدا وشەکان کاریگەری ئەرێنییان لەسەر نائاگایی منداڵەکە دەبێت.
٩. ئەو گۆرانییە خەوتنانەی کە پێش کاتژمێرەکانی خەوتنی نائارام دەوترێنەوە، وا لە کۆرپەکان دەکەن هەست بە گرنگیدان بکەن. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی هەستی متمانە و ئاسایش لە منداڵەکەدا.
١٠. لە قۆناغێکدا کە لایەلایە یان لاواندنەوەی خەوتن بۆ منداڵێکی ساوا دەوترێتەوە، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دەمارەکانی مێشک دەبێت. دەمارەکانی بیستن لە نیوەگۆیەکاندا بە گوێگرتن لە مۆسیقای ئاشنا ئارام دەبنەوە. هەروەها تەواوی پرۆسەی لایەلایەی خەوتن و مۆسیقای نەرم یارمەتی ئارامکردنەوەی دایک و باوکانی دڵەڕاوکێ دەدات.
دواقسە
لایەلایە بە وشەی کێشدار ناسراون کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەئامانجی خەوتنی منداڵان دەوترێنەوە. کاتێک دایکێک منداڵەکەی بە لایەلایە دەخەوێنێت، بێ ئەوەی خۆی بزانێت، بە ڕیتم و وشە و تەنانەت زاراوەی خۆی، خۆی پێ دەناسێنێت و دەشێت بڵێین زمانی زگماکی خۆی فێر دەکات و، ئەم کارە سادەیە گوێی منداڵەکە بە وشەی نوێ ئاشنا دەکات. لە ئەنجامدا لایەلایەی خەوتن، جگە لە یارمەتیدانی گەشەکردنی جەستەیی منداڵ، یارمەتی پەروەردە و فێربوونیشی دەدات.

