فەرهاد شێروانی*
یەکێک لە دەستکەوت و پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کابینەی نۆیەمدا بریتییە لە پڕۆژەی ڕووناکی کە بیرۆکەی خوودی سەرۆکی حکوومەتە بە هاوتەریبی لەگەڵ چەندین پڕۆژەی تری ستراتیژی و پلانی درێژخایەنی حکوومەت وەک پڕۆژەکانی ئاو و ڕێگاوبان و پڕۆژە کشتووکاڵیەکان، هەروەها پەرەپێدان لە بواری پیشەسازی و وەبەرهێنان لە گشت سێکتەرەکان، کە ئەمانە دەتوانین بڵێین شۆڕشێک بوون بۆ بنیادنانی ژێرخانی ئابووری و خۆشگوزەرانی هەرێم ، دەکرێت بڵێین ڕێنسانسێک بوو لە بواری پەرەپێدان و بووژانەوەی ژێرخانی هەرێم .
ئەوەی شایەنی باسە کە لە ئێستا پڕۆژەی ڕووناکی (واتا کارەبای ٢٤ کاتژمێری) ڕێژەی تەواوبوونی پڕۆژەکە گەیشتۆتە 75٪ ڕۆژانەش ئەم ڕێژەیە لە زیادبووندایە لە گشت پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان .
سوود و بەهای ئابووری پڕۆژەی ڕووناکی بەم شێوەیەی کە لە خوارەوە هاتووە پۆلێن دەکەین :
١- بەهۆی جێبەجێ کردنی ڕێژەیەکی بەرچاو لەم پڕۆژەیە زیاتر لە ٣٤٠٠ موەلیدەی گاز کووژاوەتەوە کە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ژینگەی گەڕەک و ناوچەکان زیاتر پاک و تەندروستتر بێت بەهۆی کەم کردنەوەی گازی (CO2 ) لە هەوادا.
٢- ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی زیاتر درێژبوونی تەمەنی بەکارهێنانی ئامێرە کارەباییەکانی هاوبەشان و بە تایبەتی جۆری ماڵان و هەروەها تەمەنی تۆڕە کارەباییەکان و وێستگەکانی دابەش کردنی کارەبا کە دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر استقرار بوون یاخوود جێگیربوونی (ڤۆڵتیەی کارەبا و هێرتز ) لەسەر ئامێرەکان.
٣- دواجار دەبێتە هۆی ڕێکخستنەوە و کەم بوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی کارەبا و کرێی مانگانەی.
٤- جێبەجێ کردنی ئەم پڕۆژەیە واتا بوونی کارەبای ٢٤ کاتژمێری فاکتەرێکی ئەرێنییە بۆ زیاد کردنی کاتژمێرەکانی پێ دانی کارەبای بەردەوام بە پڕۆژەکانی ئاو و بیرەکانی ئاو و هەروەها باشتر پڕبوونی تۆڕەکانی ئاو و کەم کردنەوەی ڕێژەی بەکارهێنان لە ئاو.
٥- تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی زیاتر کەمبوونەوەی کێشەی دابەزینی ڤۆڵتییە لەسەرتاسەری هەرێم بە تایبەت تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرز کە چەندەها ساڵە هەرێم بە دەستیەوە دەناڵێنێت.
٦- دەبێتە هۆی زیاتر دابەشکردنی کارەبا لەسەر گشت هاوبەشان و پۆلەکانی هاوبەشان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە.
٧- کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی چاککردنەوەی تۆڕەکانی کارەبا بەهۆی نەمانی (Overload) و (Short) و زیاتر درووستبوونی (Reliability ) لەسەر تۆڕەکان.
٨- کەمبوونەوەی خەرجی کارپێکردنی وەزارەتی کارەبا و هەروەها بوودجەکان بە گشتی.
٩- زیاتر پەرەپێدان لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتووکاڵ و وەبەرهێنانی زیاتر تیایاندا.
* ئەندازیاری شارەزا

