بەکر کەریم حەسەن*
(تۆماس ئەدیسۆن) داهێنەر و بازرگانی ئەمریكی دەڵێ”گەورەترین لاوازیمان لەوازهێنانماندایە، ئەو ڕێگایەی زۆرترین سەركەوتنی تێدایە هەمیشە تاقیكردنەوە لەدوای تاقیكردنەوەیە”.
هاندان و بەردەوامی و پاڵپشتی كردن هۆكاری هەرە بەهێزن بۆ سەركەوتن و سووربوون و واز نەهێنان لە هەوڵەكاندا كە دەرئەنجام سەركەوتنی لە دوایە، بۆیە گرینگە هەر یەكێك لە ئێمە هەمیشە وشەی هاندان و دەستخۆشی و پاڵپشتی كردن بەكاربهێنین بەرامبەر بە قوتابییە ئازیزەكان و ئەوانەی بەیەكەوە كار دەكەین. چوونكە ئەوە هەستێكی جوان و قووڵ دەبەخشێتە بەرامبەرەكە و هەست بە بوونی خۆی دەكات و، هەست دەكات تا ئێستا لە سەر زەوی كاریگەری هەیە و خۆڕاگرە و پاشگەزنەبۆتەوە و بەردەوامە لە سەر هەوڵەكان و كۆسپ و تەگەرە و گرفتەكان نەیانتوانیوە ڕایبگڕن و بیوەستێنن، چوونكە هاندان هەمیشە متمانە و دڵنیایی كەسەكان بەخۆیان زیاتر دەكات و وایان لێ دەكات بەردەوام كۆسپ و تەگەرەكان تێپەرێنن و پەرۆشی و ئارەزوو بۆ كارەكانیان زیاتر دەبێت و، وای دەبینێ وشەی هاندان یارمەتیدەری سەرەكی دەبێت، كەوا هەردەم كارامەییەكانی زیاتر دەبێت و گرنیگدانی بۆ بابەتەكان باشتر دەبێت، هەمیشە سەركەوتن و شكستەكان دەبنە بەشێك لە فێربوون، نەك كۆسپ، واتە هاندان كلیلی بەردەوامی و سەركەوتنە.
دەگێڕنەوە ” ڕۆژێك لە بۆنەیەكی قوتابخانەیەكی سەرەتایی دایكان و باوكان لەگەڵ منداڵەكانیان دانیشتبوون لە ئاهەنگی ساڵانەی دابەشكردنی خەڵات و بڕوانامەی سەرکەوتن بە سەر قوتابییە سەركەوتووەكان، بەرێوەبەری قوتابخانە دوای ئەوەی وتەی خۆی پێشكەش كرد بەو بۆنەیەوە ناوی قوتابی سەركەوتوویی خوێندەوە، قوتابییەكە و دایك و باوكی وەستان لە نێوان چەپڵە ڕێزانی ئامادەبوواندا و دواتر هەرسێكیان ڕوویان كردە سەر سەكۆ و دوایی تەوقەكردن و پیرۆزبایی خەڵات و بڕوانامەیان پێدرا دواتر بەڕێوەبەر ناوی قوتابییە سەرکەوتووەکانی تری خوێندەوەو خەڵات و بڕوانامەیان بەسەر دابەشکرا، ئینجا بەرێوەبەر ناوی (ئیسحاق نیوتن)ی خوێندەوە و بانگی سەر سەكۆی كرد. سەرەتا كەس ڕانەوەستا و نەهات و نیوتن بڕوای بە گوێچكەكانی نەدەكرد و پێشبینی نەدەكرد بڕوانامە وەربگرێ، چونكە ئەو تاكە قوتابی بوو لە هەموو بابەتەكان كەوتبوو. جارێكی تر بەرێوەبەر ناوی (نیوتن)ی خوێندەوە و داوای كرد بچێتە سەر سەكۆ. قوتابی (نیوتن) بە دوودڵی و شلەژاوی ڕووی كردە سەر سەكۆكە، بەرێوەبەر زۆر بە گەرمی تەوقەی لەگەڵ كرد بڕوانامەی نایابی داپێی و گوتی ئەو قوتابییە لە هەموو وانەكان كەوتووە سەرەڕای ئەوە نایابترین قوتابی قوتابخانەیە لە ڕووی ڕەوشت بەرزی و ڕێك و پێكی و بێ گرفتی، من شانازی پێ دەكەم و ڕۆژانە وەكوو نموونەی بەرزی ڕەوشت باشی باسی دەكەم لە نێوان قوتابییەكان و من دڵنیام و بڕوام پێی هەیە سەرەڕای ئەوەی ئەو ساڵ لە هەموو وانەكان كەوتووە و ساڵی داهاتوو بە نمرەی زۆر باش لە هەموو وانەكاندەردەچێت، چوونكە ڕەوشت بەرزە و پابەندە بە ڕێنماییەكان و دەتوانێ زاڵ ببێ و ئەو دەرنەچوونە بگۆڕێ بۆ دەرچوون لە ساڵی داهاتوو. لەو كاتەدا سەرجەم قوتابییان و دایكان و باوكان چەپڵەی تووندیان لێ داو سەرسام بوون بە گرینگی پێدان و هاندانی بەرێوەبەر بۆ ئەو قوتابییە و وای كرد قوتابییەكانی تریش کە دەرنەچوونە و ورە و توانا و ئاستیان بەرز بێتەوە و هان بدرێن بۆ دەرچوون. بێگومان بە دڵنیایی هاندان و گرینگی پێدانی بەرێوەبەر و گوتنی ئەو قسە جوان و باشانە توانی قوتابییەكی كەوتوو لە هەموو بابەتەكان بگۆڕێ بۆ گەورەترین زانای سەدەی هەژدەیەم لە فیزیا و بیركاری كە خاوەنی یاسای كێش كردن و یاساكانی جولەیە.
ئەو چیرۆكە کە ڕاست و دروستە پێمان دەڵێت و بۆمان ڕوون دەكاتەوە گرینگی وشەكانی هاندان دەتوان مرۆڤ لە ناخ و قوولایی دۆڕان و شكست دەربهێنن و دەربازی بكەن و بەرزی بكەنەوە و بیگەیەنتە لووتكەی سەركەوتن. لە بیرمان نەچیت هەمیشە قسەی باش و چاكە كاریگەری هەیە لە سەر كردنەوەی دەرگا داخراوەكان و دەتوانی وا لە مرۆڤ بكات بەدەستی خۆیان لە قوولایی نائومێدی دەریان بهێنێ و هیوا و ئومێد لە ناخیان بچێنێ و بەرەو ژیانێكی باشتر و چاكتر هەنگاو بنێن.
*ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی

