خوسرەو جاف
ئەوانەی گەشتەکەی گەڕیدەی بەریتانی (کلۆدیۆس ڕیچ)یان خوێندبێتەوە، کە هاتووە بۆ سلێمانی و ناو عەشیرەتی جاف، بە وردی و بەربڵاوی باسی جاف و سەرۆکەکەی (کەیخەسرەو بەگی جاف) دەکات لە ساڵی ١٨٢٠. ئەو زاتە سێ کوڕی هەبووە: (عەبدوڵڵا بەگ، قادر بەگ، محەمەد بەگ). عەبدوڵڵا بەگ لە شەڕی (گردەگریودا) کە لەنێوان دوو پاشای باباندا ڕووی داوە، یەکێکیان سەر بە ئێران و ئەوی تریان سەر بە دەسەڵاتی عوسمانی، لەو شەڕەدا ئەوەی سەر بە ئێران بووە زاڵ دەبێت و سلێمانی داگیر دەکات. لەو شەڕەدا (عەبدوڵڵا بەگی جاف) کە سەرکردەی دە هەزار شەڕکەری جاف بووە، بریندار دەبێت و بە برینداری لەناو شاری سلێمانیدا بە جۆرێکی گومانلێکراو بە زامەوە دەمرێت (چەند ئەمڕۆ لە دوێنێ دەچێت!) ئیتر مردنی کوڕی سەرۆکی عەشیرەتی جاف بەو شێوەیە بوو بەهۆی دابڕان و ساردیی نێوان جاف و بابان. من لە جێگەی تردا باسم لە چۆنیەتیی ژەهرڕێژیی برینەکەی عەبدوڵڵا بەگم کردووە. کوڕی دووەمی کەیخەسرەو بەگ لەناو دوو تیرەی جافدا کوژراوە. کوڕی سێیەمی، محەمەد بەگ، کاتێک باوکی مردووە گەنجێکی تازە پێگەیشتوو بووە. سەرۆک تیرەکانی جاف کۆمیتەیەک لە دەوری محەمەد بەگی کوڕی کەیخەسرەو بەگ دروست دەکەن، چاوساغ و ڕێپیشاندەر ئەو کۆمیتەیە لە دەوری محەمەد بەگی گەنجی سەرۆک عەشیرەت دوور نەکەوتوونەتەوە. کە کەیخەسرەو بەگ کۆچی دوایی دەکات، ئەحمەد پاشای بابان دەیەوێت وەلەد بەگ بکاتە سەرۆکی جاف، کە لەولاشەوە خاڵۆیشی بووە. جاف ئەوە قبووڵ ناکەن. ئەحمەد پاشای بابان دەنێرێت بەدوای محەمەد بەگدا تا بڕوات بۆ سلێمانی، ڕیشسپیانی جاف ئەوە قبووڵ ناکەن و دوو سێ بەگزادەی خزمی محەمەد بەگ دەنێرن. ئەحمەد پاشا قیر دەیانگرێتەوە بە زیندانی دەیانێرێت بۆ زیندانی کۆیە. لە موقابەلەیەکدا لەگەڵ ئەو مامەڵەیەدا، محەمەد بەگی کەیخەسرەو بەگ پەلاماری هەوارگەی وەلەد بەگی خاڵۆی پاشای بابان دەدات و دەستگیری دەکات، لەگەڵ خۆیدا و تەواوی جافی کۆچەردا دەڕۆنە ناو خاکی ئێرانەوە، کە ئێستا بە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەژمێردرێت. دوای چوار ساڵ لە ئێران مانەوە، هەواڵ بە محەمەد بەگی جاف دەگەیەنرێت کەوا (ئەملاکی سەنیەی عوسمانی) دەڤەری قزراباتی خستووەتە هەڕاجەوە بۆ فرۆشتن. محەمەد بەگی جاف نازناوی (خانی) لەلایەن ناسرەدین شاوە پێ دەدرێت و دەکرێتە فەرمانڕەوای دەڤەری سەرپێڵ زەهاو. سەرئەنجام دەڤەری قزرابات (سەعدیەی ئێستا) بە بڕی ١١٥٠٠ لیرەی زێڕ دەکڕێت. محەمەد بەگی جاف کە ئەوکاتە نازناوی پاشایەتیشی پێ نەدرابوو، گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵاتی عوسمانی، لەبەر ئەوەی لەگەڵ ئەحمەد پاشای باباندا ناتەبا بووە، لە جێی ئەوەی بگەڕێتەوە هەڵەبجە و شارەزوور، دەگەڕێتەوە بۆ دەڤەری قزرابات (سەعدیە)، جافەکەش بە هەزاران ڕەشماڵەوە لە دەوری دەبن. حەمە بەگ گەورە بووبوو، هەروەک عیفریتەکەی ناو فانۆسەکەی (عەلائەدین) وەدەرکەوت. محەمەد بەگ دەیزانی ئەو هەزاران ڕەشماڵە لە هاویندا توانای ژیانیان لەو دەڤەرەدا مەحاڵە، بۆ ئەوەی کە دەوروبەری لە جێی عەرەب کورد بن، ناردی بۆ لای خانی لوڕەکان تا هەزار ماڵی لوڕی بۆ بنێرێت بۆ نیشتەجێبوون (هەزاران ماڵ لە تیرەی زەرگۆش و قەڵەوز) لەلایەن خانی لوڕەکانەوە دەنێردرێن و، پێنسەد ماڵی (کەڵهوڕیش) هەر لەسەر داوای (محەمەد پاشا) کە هەر لەو سەردەمانەیدا نازناوی پاشایەتی لە دەوڵەتی عوسمانییەوە پێ بەخشرا.
بێگومان ئەو دەڤەرە و بناری (حەمرین) عەشایەری (ڕەبیعە)ی تێدا دەژیا، ناکۆکی لە نێوان جاف و (ڕەبیعە)دا هەبوو. لە ئەنجامی ئەو ناکۆکییەدا سەرۆکی (ڕەبیعە) کوژراوە. ئیتر کوردی هاوردە بۆ دەڤەری سەعدییە لە مێژوودا بۆ یەکەمین جار کورد سیاسەتی (تەعریب)ی کردووە، ئەویش لەلایەن محەمەد پاشای باپیرە گەورەمەوە کراوە و، سنووری کوردستان گەیشتووەتە زنجیرە شاخی حەمرین. لەوکاتەوە بووە کە ئەو دەڤەرانە بوونەتە مڵکی جاف و تاپۆی عوسمانی. محەمەد پاشای جاف لە شاری قزراباتدا گەورەترین مزگەوتی تێدا ئەنجام داوە و هەتاوەکوو کوڕی مەحموود پاشای جاف، چەند کەسێکی تر لە نەوەکانی مەزارەکەیان لەو مزگەوتە دایە. مەزاری باوکیشم هەر لەوێدایە. خانوویەک کە لەلایەن محەمەد پاشاوە دروست کراوە دەکاتە کۆنترین خانوو لەو شارەدا، ئێستا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراقەوە دەستی بەسەردا گیراوە.
دوای شۆڕشەکەی ١٤ی تەمووز و ڕووخانی پاشایەتی، مامم داود بەگی جاف و چەندین خزمێک ڕۆیشتوونەتە دیداری هەڵگیرسێنەرانی شۆڕش. یەکێک لەوانە (نەجیب ڕوبەیعی) بووە کە سەرۆکی سەروەریی عێراق بووە، ڕوو دەکاتە مامم داود بەگی جاف و دەڵێت: دەزانن ئێوە باپیرە گەورەی منتان کوشتووە. مامم لە وەڵامیدا دەڵێت: سازش دەڵێیت ئامادەین، دژمنایەتی دەڵێیت، هەر ئامادەین.
دەربارەی دەڤەری قزرابات (سەعدییە)، بنەماڵەی ئێمە هێشتا ئەو سەنەدانەمان بەلاوەیە، بەڵام جێگەی داخە کە حەشدیشەعبی هاتە ناو شاری قزرابات، مزگەوتە مێژوویەکەی مەحموود پاشای تەقاندەوە تا نیشانە و دیکۆمێنتی کورد لەو شارەدا بسرێتەوە، هەر باش بووە ئێسکی باوباپیرانمانیان لە گۆڕ وەدەر نەهێناوە، لێرەوە سوپاسگوزاری پەروەردگارین.
دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم زۆربەی زۆری قەڵەوزی ئێستای هەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان و شاری بەغدا لە نەوەی ئەو هەزار ماڵە لوڕەن، کە دوو تیرە بوونە (زەرگۆش و قەڵەوز) کە لەسەر داوای حەمە پاشای جاف کە لە خانی خانانی (لوڕ)ی کردووە، بەداخەوە ناوەکەیم لەبیر نەماوە.

