رۆژنامەی ھەولێر

لە میترانەوە بۆ ماکرۆن پەیوەندییەک بۆ پاڵپشتی دۆزی کورد

ڕێبین ڕەحیم
لە کۆڕەوی ملیۆنی ساڵی ١٩٩١دا مادام میتران، خانمی یەکەمی ئەوکاتی فەڕەنسا خێزانی فرانسۆ میترانی سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسا بەبێگوێدانە ئەو مەترسیانەی بۆی دێنەپێش هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵێک میدیای گرنگی ئەوکاتەی دونیا خۆی گەیاندە چیا سەرکەشەکانی کوردستان و چیرۆکی مەرگەسات و نەهامەتی کۆچی ملیۆنان خەڵکی کوردستانی نیشانی جیهاندا، لەم ڕێگەیەوە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوکاتی وت لەپێناو ژیانێکی ئازادانەدا ڕویان لە چیاکانی کوردستان و وڵاتانی هاوسێی کوردستان کردووە.
* دیمەنی کۆڕەو و مەرگی سەدان و هەزاران هاووڵاتی سڤیل بە منداڵ و گەنج و پیرەوە کاربەدەستانی ئەوێ ڕۆژێی ئەوروپا و ئەمریکا و دونیای هاندا کە بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایش دژی ڕژێمە مرۆڤ کوژەکەی سەدام بدەن و هێڵی ٣٦ بۆ پاراستنی هەرێمی کورسستان هاتە گۆڕێ.
لەو ساتەوە تا دانانی ناوی پێشمەرگە وەک هێزی ئاشتی پارێز و سیمبولێکی داعش شکێن لە پارکێکی گەورەی پاریس نیشانەی هەبوونی پەیوەندیەکی تۆکمە و بەهێزە کە لاچونی سەرۆک و سەرکردەکانیش نەیهێشتووە ئەو گرنگی و ئیهتیمامەی کە فەڕەنسا بۆ دۆزی کورد هەیەتی هیچ گۆڕانکاریکی نێگەتیڤی بەسەردابێت.
* بێشک بەبوونی جێگەیەک بەناوی پێشمەرگە حاڵەتە سیمبولی و شانازیەکەی لە واتا وجوودیەکەی بەماناترە چونکە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە جیهان چەند گرنگی بەکوردستان دەدات و چۆن لە دۆزی کورد و ئایندەکەشی دەڕوانێت، چونکە گرنگیدان بە پێشمەرگە سەرەنجام یانی گرنگی ڕۆڵ و پێگەی گەلی کورد لە ناوچەکە و جیهان، ئەگەر وانەبا بۆچی ناوی هێزێکی دیکەی شەڕکەر دژی تیرۆر ناوی لەنەخشەی پاریسدا دانانرێت؟
* لەوتاری کردنەوەی ڕاڕەوی پێشمەرگە سەرۆک بارزانی فەرموی ساڵی ١٩٩٢ سەرۆک میترانی بینیوە و ئەوەش یەکەم هەنگاو دیداری باڵای ئەوروپییەکان بوو تایبەت بە دۆزی ڕەوای خەڵکی کوردستان بەجۆرێک ئەو دیدار و یەکتربینینە بوو بە بناغەی ئەو پەیوەندیە توندوتۆڵەی کە ئێستا لە نێوان پاریس و هەولێردا هەیە و هەموومان بینیمان لەگەرمەی شەڕی دژی داعشدا سەرۆک ئۆلاند سەرۆکی ئەوکاتی فەڕەنسا چۆن هاتە هەولێر و بۆ خۆی و وەزیری دەرەوەش چونە سەنگەرەکانی دژی داعش لە سەنگەری چیای زەرتک.
* ئەوەی کە مەبەستمە عەرزی ئێوەی بکەم ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی وەک دامەزرێنەری ئەم پەیوەندیە زۆرباش و بەسودە لەگەڵ دەوڵەتێکی گەورەی وەک فەڕەنسا بەکردنەوەی ڕاڕەوی پێشمەرگە هێزێکی دیکەی بەو پەیوەندیانەدا و بە فەڕەنسا و ئەوروپیەکانیشی وت ئێمە لەسەر بەها هاوبەشەکانمان بەردەوام دەبین و ئاشتی و ئازادی و وەک یەکی و پێکەوەژیان سەرچاوەکەی لەبیروباوەڕێکی قوڵەوە هەڵدەقوڵێ و ئامادەین لەم ڕێگەیەدا پێکەوە ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکانی ناوچەکە بوونیاد بنێین و لەم پێناوەشدا پێشمەرگە و تەواوی خەڵکی کوردستان ئامادەی هەموو قوربانیدانێکن.
* ئەگەر دوێنێ لەڕێگەی دیدارێکی تاڕادەیەک نهێنی لەگەڵ سەرۆک میتران سەرۆک بارزانی هەنگاوی یەکەمی ئەم ڕێگا دوورودرێژەی دەستپێکردبێت ئەوا بێشک لەئێستادا کە وەک سەرۆکی دەوڵەتێک بەجلوبەرگی پێشمەرگانە و سرودی “واهاتن پێشمەرگەی مە” پێشوازی دەکرێت، دەکرێت بڵێین لەسەرۆک میترانەوە بۆ سەرۆک ماکرۆن ئێمە لەسەر بەها هاوبەش و باڵاکانمان بەردەوامین و چاومان لەوەیە هاوکاری دۆستەکانمان بمانبەن بەرەو قۆناغێکی دیکەی باشتری حکومڕانیەکەمان لە ناوچەکەدا.