رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆک بارزانی ڕەمزی شکۆ و ئیرادەی گەلی کوردستانە

ئامینا زكری
کردنەوەی ڕێرەوی “پێشمەرگە” لە پاریس

ئەم ناساندنە هەڵگری هێمایەکی گەورەیە. تەنیا ناونانی شەقامێک یان پارکێک نییە، بەڵکو دانپێدانانی فەرمی یەکێک لە گەورەترین هێزەکانی ئەوروپاو جیهانە بە ڕۆڵی پێشمەرگە وەک هێزێک کە نوێنەرایەتی جیهانیکرد لە وەستانەوە دژی تاریکی داعش و مرۆڤایەتی لە دڕندەییەکانی پاراست.

ئەم بۆنەیە، بۆنەیەکی گرنگ و مێژوویی بوو لە دڵی پاریسدا کە بەهاکانی ئازادی و بەرخودان تێیدا بەرجەستە کراوەو ناوی پێشمەرگە بەرز دەکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هێمایەکی جیهانی قوربانیدان و خۆڕاگری.

پەیامێکە بۆ گەلی کوردستان کە قوربانیدانەکانیان تەنها لە جوگرافیایەکی لۆکاڵیدا سنووردار نەبووە، بەڵکو دەنگی دایەوە بۆ ڕزگارکردنی هەموو جیهان.

سەرۆک بارزانی لە چاوی زلهێزەکانی دنیادا نوێنەرو گوزارشتی ڕاستەقینەیە لە سەرکردەو ڕێبەری ماندوو نەناسی میللەتێک کە مێژووێکی دورو درێژە بێ حەسانەوە لەپێناو گەلەکەیدا ڕێگا دەبڕێت و لەژێر سایەو حیکمەتی ئەم سەرۆکەدا بەسەر سەختی و ناڕەحەتی و هەوڵەکان بۆ لەناوبردنی میللەتەکەمان خۆڕاگرو پێشمەرگانە ڕاوەستاوە.

تەواجودو حزوری جوانییان لەو شوێنانەی کە ناوی پێشمەرگەی لێ دەبرێت ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە کە جەنابییان هەمیشە دەڵێت “باشترین پلەو پۆست کە منی پێ بناسێنن ئەوەیە پێم بڵێن تەنها پێشمەرگەیەکە”