زكری مووسا
ئەمەی ڕۆژی هەینی 5ی ئەیلوولی 2025 لە پاریس ڕووی دا، لە مێژووی پەیوەندیی گەلی كوردستان لەگەڵ ئەوروپادا لاپەڕەیەكی زێڕین و بێوێنەیە. سەت ساڵ لەو ستەمەتێدەپەڕێت كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گەلی كوردستانی كرد. گەلی كوردستان بە دەرئەنجامەكانی پەیمانی لۆزان ڕازی نەبوو و كەوتە ناو خەباتێكی ئەفسانەیی دوورودرێژ و سەدانهەزار قوربانی دا. لەم ڕێیە سەخت و دژوارەی قوربانیدان و پێداگری لە ناسنامەدا پێشمەرگە، یەكێك بوو لەو ئامراز و چەمكە باڵایانە كە گەلی كوردستان لە خەباتی خۆیدا بەهۆیەوە بەرگریی لە مان و نەمانی خۆی دەكرد.
پێشمەرگە لە خەباتی خۆیدا لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەردەم پارێزەری ئازادی و بەها باڵاكان بووە. بۆ یەك جاریش پێشمەرگە لە خەباتی چەكداریی خۆیدا دەستی بۆ تیرۆر و تۆقاندن نەبرد. ئەگەرچی نەیارەكانی نامرۆڤ و بێویژدان بوون بەڵام مەرد و مەردانە لە تێكۆشان و خەباتیدا بەردەوام بوو و بووە یەكێك لە نموونە باڵاكانی خەباتی سەردەم. هەروەك لەناوەكەیدا دیارە پێشمەرگە بە پێش مەرگی خۆی دەكەوێت بۆ ئەوەی ژیان بپارێزێت، باشە چ بەهایەك لەمە باڵاترە؟؟ لە شەڕی تیرۆریستانی داعشیشدا ئەوە پێشمەرگە بوو بە خوێن و فیداكاری و پێداگریی خۆی بووە قەڵغانێك بۆ مرۆڤایەتی و بەرگریی لە بەهاكان و ئازادی كرد و بە خوێنی خۆی سەركەوتنی گەورەی تۆمار كرد، بەڵێ دەتوانین بڵێین جیهان قەرزاری پێشمەرگە و بوێری و نەبەردییەکەیەتی.
دوای سەت ساڵ، ئێستا لە پاریس ڕێزی پێشمەرگە و خەبات و ماندووبوونەكەی دەگیرێت. ئەمە دەستكەوتێكی گەوەریە و مانایەكی زۆر قووڵی هەیە و بۆ هەموومان دەبێ جێگەی شانازی و خۆشحاڵی بێت. لەونێوەدا ڕەنگە زۆر كەس قسە بكەن، ڕەخنە بگرن، ڕق هەڵگرن بەڵام ئەمانە هیچیان زۆر گرنگ نین، گرنگ ئەوەیە كارەكە كرا و ناوی پێشمەرگە لە یەكێك لە پایتەختە هەرە گرنگەكانی ڕۆژئاواییدا بۆ تاهەتایە بووە یادگاریی هاوبەش و هێمای دۆستایەتیی نێوان فەڕەنسا و كوردستان.
مەراسیمەكەی پاریس دڵی هەموو تێكۆشەر و خەباتكار و ئازادیخوازێكی شاد كرد بەڵام لەنێو ئەوانەدا یەكێك هەبوو كە لە هەموومان خۆشحاڵتر بوو و ناخی پڕ بوو لە شادی و شانازی. ئەو كەسە سەرۆك مەسعود بارزانی بوو. ئەو كە ڕەمزی تێكشكاندنی ئەفسانەی داعشە و هەمیشە خۆی بە پێشمەرگە زانیوە و پێشمەرگەبوون بە باڵاترین پلە دەزانێت، لە ڕۆژی هەینیی پاریسدا لە بەرگی پێشمەرگەیەكدا بە پەردەلادان لەسەر ناوی پێشمەرگە لە پایتەختی ئازادی و شارستانیەتی ڕۆژئاوا بەردێكی تری دانایە سەر دیواری بەرزی شانازییەكانی گەلی كوردستان. سەرۆك بارزانی زۆر باش دەزانێ ئەمە بۆ ئازادیخوازانی كوردستان پڕە لە مانا و ڕووناكی بۆ ئەو ڕێگەیەی كە هێشتا ماوەیانە بیبڕن…

