رۆژنامەی ھەولێر

پێشمەرگە هێمای تێکۆشان و سیمبولی ئاشتی

شێرکۆ حەبیب
جێگای شانازیە کەوا پێشمەرگە و سەرۆک مەسعود بارزانی کە زیاتر لە نیو سەدە چەکی پێشمەرگایەتی لەشانە، لە پاریس لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا، بەشداری کردنەوەی شەقام و پارکێکیان کرد کە بەناوی پێشمەرگەوە ناونراوە. ئەم ڕووداوە لە بۆشایی و بێ هۆدا نەهاتە ئاراوە، بەڵکو وەک ڕێزگرتن و پێزانینێک بۆ پێشمەرگەی کوردستان و سەرۆکەکەی مسعود بارزانی، کە پێشەنگی خەبات و تێکۆشانن و ڕۆژێکی مێژوویی و سەرکەوتنێکی دیکەی پێشمەرگەی کوردستانە ئەمڕۆ هاتە دی، بەکردنەوەی شەقامێک لە فەرەنسا و لە ناوجەرگەی شاری پاریسی جوانی و هونەر بەناوی پێشمەرگە.
بێگومان کردنەوەی ئەو شەقامە لە گرنگی و گەورەیی ئاستی گەورەیی ئەو وڵاتەیە کە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و پێگەی تایبەتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و بڕیارە گرنگەکان هەیە، پشتگیری دۆزی ڕەوای میللەتی کوردستان و خەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانە.
ئەم بۆنەیە ڕێزگرتنە لە سەرجەم پێشمەرگەی کوردستان و پێشمەرگە مسعود بارزانی کە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەرکردایەتی باوکی ڕۆحی گەلی کورد مستەفا بارزانیی نەمر خەبات دەکات. لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و بەشداری لەچەندین داستانی مێژوویی و سەرکەوتن، کە شایەتحاڵی بەرگرییەکی گەورە بوو لە بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی و بنیاتنانی عێراقێکی فیدراڵی دیموکراسی. هەڕوەها له کاتی هێرشەکانی تیرۆریستانی داعشدا پێشمەرگەی کوردستان بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی سەڕسوڕهێنەرترین داستان و سەرکەوتنی قارەمانانەی لە بەرگریکردن لە جیهانی ئازادی دیموکراسی و شکستی داعشی تیرۆریست تۆمار کرد، هەروەها سەدان شەهید و زامداری بەناوی جیهانەوە پێشکەش کرد.
کردنەوەی پارک و شەقامێک لە شاری ڕووناکی و جوانی پاریس، بەڵگەی قووڵایی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان گەلی کورد و فەڕەنسایە، هەروەها ڕێزگرتنی فەرەنسا بۆ ڕۆڵ و قوربانیدانی پێشمەرگە و ڕێبەرەکەیان، مسعود بارزانی یە، کە سەرکردایەتی بەرگریکردن لە ئازادی و دیموکراسی و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە و برایەتی دەکات.
هەڵبەتە ئەم رێزگرتنە شایستەیە لە ڕوانگە و تیڕوانینی جیهانی ئاشتی خوازە لە پێشمەرگە کە پارێزەری نیشتمان و گەل و بنیاتنەری دەوڵەتێکی دیموکراسییە. ڕێزگرتن لە پێشمەرگە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە سەلماندویانە هێزی ئاشتی و پاراستنی کەرامەتی گەلێک و بەرگریکردن لە جیهانن. بەم ڕووداوە پاریسییە، نەک هەر لە دڵی گەلی کورددا پشتڕاست دەکرێنەوە، بەڵکو بوونەتە هیمای قوربانیدان و ئاشتی لە سەرانسەری جیهاندا. ئەم شەرەفە فەرەنسییە بەبێ پێگە و گرنگی کوردستان مومکین نەدەبوو.
پەیوەندی کورد و فەرەنسا مێژووییە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرکردەی نەمری کورد، ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانیی نەمر و سەرۆک دیگۆل و بەردەوامی بەهەوڵەکانی سەرۆک مسعود بارزانی تا گەیشتە ئەو ڕادەی سەرۆکی فەرەنسا سەردانی کوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆک بارزانی کە سەردانێکی مێژوویی بوو. ئەم شەرەفە وەک دانپێدانانێک دێت کە پێشمەرگە لەلایەن بیانییەکانەوە ڕێزی لێدەگیرێت و قەدری دەزانرێت نەک تەنها گەلی کورد.
سڵاوێکی گەرم بۆ پێشمەرگە و سەرکردە، مەسعود بارزانی، کە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە تا ئێستا وەک پێشمەرگەیەکی بەوەفا و دڵسۆز خەبات دەکات.
سڵاو لە گیانی پاکی پێشمەرگەکانی کوردستان کە گیانی خۆیان خەبات کرد، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد.