د. ئەیوب ساڵحی
پێناسەی سەرکەوتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، لەوانەیە بۆ هەندێک بەدەستهێنانی سەقامگیریی دارایی بێت، بۆ هەندێکی تر گەیشتن بە پلەی زانستی باڵا یان دروستکردنی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی پتەو بێت. بەڵام، سەرەڕای جیاوازیی تێگەیشتنەکان، کۆمەڵێک ڕێگا و ستراتیجی هەن کە کاریگەرییان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتندا لەسەر ئاستە جیاوازەکان سەلمێندراوە ..
1- دیاریکردنی ئامانجی ڕوون:
یەکەم هەنگاو بەرەو سەرکەوتن ئەوەیە کە بە وردی بزانیت دەتەوێت چی بەدەست بهێنیت. ئامۆژگاری دەکرێت کە ئامانجی زیرەکانە دابنرێت، واتە ئامانجەکەت دیاریکراو، شایەنی پێوانەکردن، شایەنی بەدەستهێنان، پەیوەندیدار بە ژیانتەوە، و خاوەنی چوارچێوەیەکی کاتی بێت. بۆ نموونە، لەبری ئەوەی بڵێیت “دەمەوێت سەرکەوتوو بم”، دەتوانیت ئامانجەکەت بە وردی دیاری بکەیت وەک “دەمەوێت لە ماوەی دوو ساڵدا کاری تایبەتی خۆم لە بواری بازاڕکردنی دیجیتاڵیدا دەست پێبکەم .”.
2- پلاندانان و ڕێکخستن:
دوای دیاریکردنی ئامانجەکان، قۆناغی دانانی پلانێکی کاری ورد دێت. ئامانجە گەورەکانت دابەش بکە بۆ سەر ئەرکی بچووکتر و ئاسانتر بۆ بەڕێوەبردن. پلاندانان یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی هەوڵەکانت چڕ بکەیتەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر ئاراستەیان بکەیت بەرەو بەدەستهێنانی ئەوەی ئارەزووی دەکەیت ..
3- ویست و کۆڵنەدان :
ڕێگای سەرکەوتن هەمیشە ئاسان نییە، بەڵکو زۆرجار پڕە لە ئاستەنگ و بەربەست. بۆیە، ویست و سووربوون لەسەر بەردەوامبوون سەرەڕای سەختییەکان، بە یەکێک لە گرنگترین هۆکارەکانی سەرکەوتن دادەنرێت. هەمیشە لەبیرت بێت کە شکست کۆتایی نییە، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ فێربوون و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوەکە ..
4- بیرکردنەوەی ئەرێنی و متمانەبەخۆبوون:
شێوازی بینینت بۆ شتەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامەکانت هەیە. بیرکردنەوەی ئەرێنی پاڵنەرت پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی بەردەوام بیت، و یارمەتیت دەدات دەرفەتەکان لە ناوەڕاستی ئاستەنگەکاندا ببینیت. هەروەها متمانەبەخۆبوون و باوەڕبوون بە تواناکانت نهێنییەکی سەرەکیی سەرکەوتنە، چوونکە پاڵت پێوە دەنێت بۆ تێپەڕاندنی گومانەکان و هاندانی خۆت ..
5- فێربوون و گەشەپێدانی بەردەوام:
جیهان لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە، بۆیە پێویستە هەمیشە هەوڵبدرێت بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و کارامەیی نوێ. جا چ لە ڕێگەی خوێندنەوەوە بێت، یان بەشداریکردن لە خول
ە ڕاهێنانەکان، یان گوێگرتن لە ئامۆژگاریی شارەزایان، فێربوون ئاسۆی نوێت بۆ دەکاتەوە و یارمەتیت دەدات لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خۆت بگونجێنیت ..
6- دروستکردنی خووی ڕۆژانەی بەهێز:
سەرکەوتن بەرهەمی خووە ڕۆژانە بچووک و کەڵەکەبووەکانە. هەندێک لەم خووانە بریتین لە زوو هەستان لە خەو، گرنگیدان بە تەندروستی جەستەیی و دەروونی، و تەرخانکردنی کاتی ڕۆژانە بۆ کارکردن لەسەر ئامانجەکانت ..
7- دوورکەوتنەوە لە شتە سەرنجڕاکێشەکان و دواخستنی کار:
لەم سەردەمەی ئێمەدا، ئەو شتانەی سەرنجت لادەدەن زۆرن و لەوانەیە لە ئامانجەکانت دوورت بخەنەوە. گرنگە ئەم شتانە دیاری بکەیت و هەوڵبدەیت تا دەتوانیت خۆتیان لێ بەدوور بگریت. هەروەها دواخستنی ئەرکەکان یەکێکە لە گەورەترین دوژمنەکانی سەرکەوتن، بۆیە هەوڵبدە سەرەتا بە ئەرکە قورسترەکان دەست پێبکەیت ..
8- دەوردانی خۆت بە کەسانی ئەرێنی:
مرۆڤ زۆر کاریگەری دەوروبەری لەسەرە، بۆیە باشتر وایە هاوڕێیەتی کەسانی سەرکەوتوو و ئەرێنی بکەیت کە پشتگیری و هانت دەدەن. هاوڕێکانت بە ژیرییەوە هەڵبژێرە، چوونکە یان دەبنە پاڵپشتت لە گەشتەکەتدا یان دەبنە ڕێگر لەبەردەم پێشکەوتنتدا .
9- ئارامگرتن و بەردەوامی:
سەرکەوتن بە شەو و ڕۆژێک نایەتە دی، بەڵکو گەشتێکە پێویستی بە ئارامگرتن و کۆڵنەدان هەیە. لەوانەیە ڕووبەڕووی سەختی و ئاستەنگ ببیتەوە، بەڵام بەردەوامبوون لە کارکردن و خۆڕاگری لە کۆتاییدا دەتگەیەنێتچە ئاواتەکەت ..
10- پشت بەستن بە خودا :
بۆ زۆر کەس، پشت بەستن بە خودا و داوای یارمەتی لێکردنی لە هەموو کارەکاندا بە هەنگاوێکی سەرەکی و سەرچاوەی ئارامی و هێز دادەنرێت لە گەشتی هەوڵدان بەرەو سەرکەوتندا..

