رۆژنامەی ھەولێر

مشتێك لە خەرواری بایەخدانی ئیسلام بە بێوەژن

عومەر چنگیانی
بۆ ئەو بەڕێزانەی پێیان خۆشە بڵێن لەم مانگەدا بایەخ بە یادی لەدایكبوونی پێغەمبەری خۆشەویستمان دەدەین، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، ئەم بابەتە دەكەمە دیاری بۆتان، سا بەڵكو بە ئاوڕدانەوە لەو هەموو بێوەژنە بێدەرەتانەی كوردستان، بیچەسپێنن كە چەند حەزتان بە شوێنكەوتنی ئیسلام و بە پێشەنگدانانی پێغەمبەرە دروود و سڵاوی خوای لەسەر، هەر لە دەستپێكیشدا دەمەوێت بەشێك لە سێهەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا)تان وەبیر بێنمەوە، چونكە دەزانم، كاتێك نێرەكان كە _ بەدەگمەن پیاو بن و هەر نێرن _ حەزیان جۆش دەستێنێ و ئاڵۆشیان پێ دانامركێت، بە پاساوی ڕێگە پێدانی ئیسلام بۆ فرەژنی ئەو سێیەم ئایەتە دێننەوە بە بەڵگە، لە كاتێكدا، ئەگەر ئێمە بە وردی لە هۆكارەكانی هاتنەخوارەوەی ئایەتەكە ورد ببینەوە، لەوە تێدەگەین ئەو ڕێگەدان بە فرەژنییە هێندەی بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاركەوتووی خانمە بێوەژنی بێسۆز كەوتووە، یەك لە سەد هێندە، بۆ دامركانەوەی ئاڵۆش و حەزی نێرێتی نێرەمرۆڤەكان نییە! كە دەبینین خوا دەفەرمێت:
(گەر ئێوە ترستان هەبوو لە دەستەبەربوونتان بۆ سەرپەرشتیاریی بێنازكەوتووەكان، كە دادپەروەر نەبن، ئەوا هێندەی بۆتان ڕەوایە دوو یان سێ یان چوار بهێنن و گەر ترسی ئەوەیشتان بوو داد پەروەر نەبن تەنها یەك.)
هاوكات گوڵخەرمانەكەیشم وەڵامە بۆ ئەوانەی پێیان وایە ستەمی كۆمەڵگای كوردی لە “بێوەژن” دەرەنجامی وابەستەبوونی خەڵكەوەیە بە ئیسلام!
كە هەر لە سەرەتایشەوە دەڵێم: با ئەوە بزانین ئەوەی كە ئایینە و لە نێو دووتوێی دەقە شەرعییەكاندا هاتوون، لەگەڵ واقیعی ئێمە، كە بە زۆری شانازی دەكەین بە خۆمان و خۆمان بادەدەین بە ئیسلامەتییەوە و، وا دەزانین، كەس لە ئێمە باشتر لە ئیسلام تێنەگەیشتووە، بەجێ دێڵم بۆ خۆتان، كە زۆر بەداخەوە لە بەراوردێكی زانستیانەدا لە نێوان، دەق و ئاكارمان، بۆمان دەردەكەوێت، ئەگەر لێك دووریمان وەك ئاسمان و رێسمان نەبێت، زۆرجیاوازی نییە!
بە تایبەت ئەگەر هۆكاری بێوەژنكەوتنەكە، لێكجیابوونەوە بێت، با لەبەر ئەوەیش بووبێت، كە پیاوەكە، بە هیچ پێوەرێك شایانی ئەو خانمە نەبووبێت!
پێناسەی وشەی بێوەژن:
بێوەژن بەو خانمە دەگوترێت، كە مێردەكەی مردبێت، یان لە هاوسەرەكەی جیا بووبێتەوە و، بێهاوسەر كەوتبێت، كە هەردوو جۆرەكە، لەم لایەنەوە، كە بێهاوسەرن، یەكن، بەڵام لە ڕووی شێواز و هۆكارەوە لێك جودان، سەرباری ئەوەی لە ڕوویەكی ترەوە بە سەیركردنی “مانەوە و نەمانەوەی پەردەی كچێنی”، ئەوەی نەیمابێت و هاوسەری نەبێت، ئەویش جۆرێكە لە جۆرەكانی بێوەژن.
بە شێوەیەكی گشتی، زۆربەی كات، بێوەژن، دایكە بۆ كۆمەڵێك هەتیو، كە ئەوكات دوو بەڵا و ناخۆشی و تاقیكردنەوەی لەسەر كۆ دەبنەوە، بێوەژنكەوتن و هەتیوبارێتی، كاتی وایش هەیە ئەم بێوەژنە، نەبوون و هەژار و بێدەرەتان دەبێ، ئەوكات كێشە و خەم، دەبنە سێان، بێوەژنی و هەتیوباری و هەژاری. لێرەوە هەموو هاندەر و پاڵپێوەنەرە ئایینییەكان یەك دەگرن بۆ ئەوەی، دەستی یارمەتییان بۆ درێژ بكرێت و ئەو كەسەی بە كارەكە هەڵدەستێت خێری گەورە بەدەست دەهێنێت.
بە نموونە هینانەوەی چەند فەرموودەیەك:
1. ئیمامی بوخاری و كەسانی تریش، ڕەحمەتی خوایان لێ بێت، لە عایشەی دایكی مسوڵمانان و ئەبوهورەیرە و سەفوانی كوڕی سولەیمەوە، خوایان لێ ڕازی، لە پێغەمبەرەوە دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ، بۆمانی دەگێڕنەوە، كە فەرموویەتی: “ئەوكەسەی بە تەنگ كاروباری بێوەژن و هەژاری خاوەن داهاتی بەشنەكردووەوە (مسكین) بێت، وەك ئەو كەسە وایە، كە لە پێناو خوادا، تێبكۆشێت بە هەموو شێوازەكانی تێكۆشان، یان وەك ئەوكەسە وایە، كە هەردەم بە رۆژ بە رۆژووە و بە شەو خەریكی شەونوێژكردنە.
2. لە (صحیح الجامع)دا، لە دایكی مسوڵمانان عایشە و ئەبوهورەیرەوە خوایان لێ ڕازی، هاتووە، كە پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، فەرموویەتی:
“من و ئەو كەسەی دەبێتە دەستەبەری ژیان و گوزەرانی هەتیو، یان دەستەبەری هەر هەژارێكی دیكە، لە ڕۆژی دواییدا، لە نێو بەهەشتداين.”
3. هەروەها لەم بوارەدا، وەك لە كتێبی (بحر الزخار)ی ئیمامی “بەزار”دا، هاتووە، لە عەبدوڵای كوڕی مەسعودەوە، خوای لێ ڕازی، لە پێغەمبەرەوە دروود و سڵاوی خوای لەسەر، “خوای گەورە لەم دنیایەدا، بەشی ئەوانە دەدات كە خۆشی دەوێن و ئەوانەیش كە خۆشی ناوێن. بەڵام، ئایین بە كەسانێك دەدات، كە خۆشی دەوێن. سەوگەند بەوكەسەی گیانی منی بە دەستە، هیچ كەس سڵامەت نابێت، تا دڵی سڵامەت نەبێت، هیچ كەس ئیمانی دانامەزرێت تا دراوسێكانی لە خراپەكانی بە دوور نەگرێت.”
یارەكانی عەرزیان كرد: مەبەستت بە خراپەكانی چییە؟
ئەویش فەرمووی: خۆلەگێلیدان لە ئاست دراوسێكەی و ستەمكردن لێی. هیچ كەس نییە سامانێكی حەرامی دەست کەوتبێت و بیكاتە خێر و لێی وەربگیرێت.
هیچ كەس نییە سامانێكی حەرامی بەدەست هێنابێت و بیكاتە خەرجی بۆ ماڵ و منداڵی و خوا بەرەكەت و فەڕی تێ بخات.
هیچ كەس نییە كە پارەی حەرام بۆ میراتبەرەكانی بكاتە میرات، كە بۆی نەبێتە توێشووی ئاگر.
خوای گەورە و باڵادەست، بە تاوان، تاوان ناشۆرێتەوە، بەڵام بە چاكە تاوان دەشۆردرێتەوە؛ پیس، پیس لا نابات.
ئەو كەسەی، كە سامانێك بە دەست دەهێنێت و سامان بە دەست هێنانەكەی، لە ڕێگەی دروستی خۆیەوە نییە، بەڵام لە جێگەی خۆیدا بە كاری دەهێنێت، ئەوە ئەو كەسە، باشتر وایە بۆی، كە مافی هەتیو نەخوا و پۆشاك بۆ هەتیوان و بێوەژنان نەكات.
گەرهاتو كەسێك سامانێكی پەیدا كرد لە ڕێگەی نامەشرووعەوە و لە شوێنی خراپیشدا داینا، ئەوە نەخۆشی و دەردی بێدەرمانە.
ئەو كەسەی سامانێكی پەیدا كرد لە ڕێگەی نامەشرووعەوە، دواجار لە جێگەی مەشروعی خۆیدا داینا، ئەوە ئەو كارە وەك بارانی كاتی تینوویەتی زەوی وایە.”
4. لە موسنەدی ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەنبەلدا هاتووە، ڕەحمەتی خوای لێ بێ، لە عەبدوڵای كوڕی عەباسەوە ڕەزای خوای لێ بێ، دەگێڕێتەوە: “پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت، هەندێك شتی كڕی لە كاروانێك كە رووی كردبووە مەدینە و قازانجی لێ كرد و قازانجەكەی دابەش كرد لە سەر بێوەژنەكانی عەبدولموتەلیب. (١)
پەراوێز:
(1) دەتوانن بەڕێزتان بۆ زیاتر خوێندنەوە لەسەر ئەم بابەتە ئاوڕێك بدەنەوە لە ژمارە 3416 ڕۆژنامەی خەباتی 5/3/2010 لاپەڕە 11 و لاپەڕە “15”ـی ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە 2662 سێشەممە 8ـی ئابی 2017.