د. ئەیوب صاڵحی
چەندین خەسڵەت هەن کە کەسی سەرکەوتوو لە کەسی شکستخواردوو جیا دەکەنەوە، و گرنگترینیان ئەمانەن:
ویست و ئارامگری:
زۆر کەس پێیان وایە کە گەیشتن بە سەرکەوتن لەو بوارەی کە ئارەزووی دەکەن شتێکە کە بە ئاسانی بەدەست دێت، بەڵام ڕاستییەکە هێندەی دووریی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لەم باوەڕەوە دوورە. مرۆڤ هەرچەندە بەهرەمەند و ئارەزوومەندی کارەکەی بێت، ناتوانێت تێیدا پێش بکەوێت، مەگەر ئەوەی کە خاوەنی ئارامگری بێت، و پابەند بێت بە کاری ڕاستەقینەی جیددی، و ماندوو بێت و کۆشش بکات لە پێناو گەیشتن بەو شتەی خەونی پێوە دەبینێت. ئەمەیە کە کەسی سەرکەوتوو لە شکستخواردوو جیا دەکاتەوە؛ سەرکەوتوو ئەو کەسەیە کە بەهرەکەی بەکار دەهێنێت و کار لەسەر گەشەپێدان و پەرەپێدانی دەکات تا دەگات بەوەی کە دەیەوێت، لە کاتێکدا شکستخواردوو ڕەنگە هەمان بەهرەی هەبێت بەڵام نایەوێت ماندوو بێت و تێبکۆشێت بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی دەیەوێت .
• گەشبینی و دوورکەوتنەوە لە پەرشوبڵاوی
لەسەرانسەری ڕێگاکەت بەرەو ئەو خەونەی دەتەوێت، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبیتەوە، و زۆر کەس دێنە سەر ڕێگات کە هەوڵی ساردکردنەوە و پاشگەزکردنەوەت دەدەن لە کارەکەت، و هەمیشە ئارەزوو دەکەن بیرت لەو ئامانجەی دەتەوێت پێی بگەیت، پەرش بکەن. لەم حاڵەتەدا، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم شتانەدا دەکەیت؟ ئایا تەسلیمیان دەبیت و واز لە ئاوات و خەونەکانت دەهێنیت؟ بێگومان نابێت وا بکەیت. دەبێت بەسەر ئەم ئاستەنگانەدا زاڵ بیت، و وا گومان نەبەیت کە ئەمە کۆتایی ڕێگایە، و هەمیشە باوەڕت بە بەهرە و توانای خۆت هەبێت، و بزانیت کە هیچ شتێکی مەحاڵ لە ژیاندا بوونی نییە.
• پێشوازیکردن لە هەڵە و شکست بە سنگێکی فراوانەوە
ئەگەر سەیری ژیاننامەی کەسە سەرکەوتووەکان بکەین، دەبینین کە ئەوان دەیان و بگرە سەدان جار شکستیان هێناوە پێش ئەوەی بگەنە سەرکەوتنە گەورەکانیان. هەڵەکردن شتێکی حەتمییە، و قبوڵکردنی هەڵە، و فێربوون لێی، و دوورکەوتنەوە لێی لە هەوڵەکانی داهاتوودا، ئەوەیە کە تۆ دەکات بە کەسێکی سەرکەوتوو، چون ونکە هەر کاتێک هەڵە بکەیت، شتێکی نوێ فێر دەبیت کە بەبێ کەوتنە ناو هەڵەکەوە فێری نەدەبوویت کەسی سەرکەوتوو هەمیشە کار لەسەر فێربوون لە هەڵەکانی پێشووی دەکات، و لە هەوڵەکانی داهاتوودا خۆی لێیان دەپارێزێت، و لۆمەی کەسانی تر ناکات لەسەر ڕوودانی ئەو هەڵانە.
• فێربوونی چۆنیەتی سوودوەرگرتن لە کارامەییەکان
کەسی سەرکەوتوو، ئەو کەسەیە کە دەتوانێت بەهرە و تواناکانی لە شوێنی گونجاوی خۆیاندا بەکار بهێنێت، و بە باشترین شێوە سوودیان لێ وەربگرێت، و توانای ناساندن و بازاڕکردنی بۆ خۆی هەیە، و تۆڕێکی فراوان لە پەیوەندی جۆراوجۆر بنیاد دەنێت.
هەنگاوەکانی گەیشتن بە سەرکەوتن .
زۆر کەس سەریان لێ شێواوە سەبارەت بەو هەنگاوانەی کە دەبێت بیگرنەبەر بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن. ڕاستییەکەی ئەوەیە کە هیچ ڕەچەتەیەکی سیحری بوونی نییە کە پەیڕەوی بکەیت بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بیت، بەڵام چەندین ڕێنمایی هەن کە ئەگەر لەبەرچاویان بگریت، دەگەیت بە سەرکەوتن، و گرنگترینیان ئەمانەن.:
• ڕێکخستنی کات
وتەیەکی بەنرخ هەیە دەڵێت: “کات وەک شمشێر وایە، گەر نەیبڕیت، دەت بڕێت.” کات هۆکاری سەرەکییە کە سەرکەوتن یان شکستی کەسەکەی لەسەر دیاری دەکرێت. یەکەم هەنگاو دیاریکردنی ئەو ئەرکانەیە کە دەتەوێت ئەنجامیان بدەیت، چ لە ماوەی کورتدا لە ڕۆژێکدا، یان لە ماوەی درێژدا لە مانگێک یان ساڵێکدا، و خەمڵاندنی ئەو کاتەی کە بۆ ئەو ئەرکانە پێویستە، و پابەندبوون بە جێبەجێکردنیان لە کاتی دیاریکراودا.
• پاداشتکردنی خود لەسەر بەدەستهێنانی دەستکەوتەکان
تەنانەت ئەگەر ئەو دەستکەوتانە بچووکیش بن، بیاننووسەوە و لەبەرچاوی خۆت دایانبنێ، تا ببێتە هاندەر و پاڵنەرێک بۆت بۆ تەواوکردنی ئەو هەنگاوانەی کە لە ڕێگاکەتدا دەستت پێکردووە. پێشکەشکردنی دیاری بە خۆت و هاندانی، شتێکە کە یارمەتیت دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەو خەونانە.
• نەترسان لە شکست، و توانای دووبارەکردنەوەی هەوڵ
شکست یەکەم هەنگاوی ڕێگای سەرکەوتنە. ئەگەر لە ئەنجامدانی کارێکدا شکستی هێنا، بێ هیوا مەبە، بەڵکو ئەم شکستە بکە بە پەیژەیەک کە پێیدا سەردەکەویت بۆ پلەکانی شکۆمەندی، و لە دووبارەکردنەوەی هەوڵ بێزار مەبە، هەرچەندە ڕێژەی سەرکەوتن کە پێشبینی دەکەیت کەم بێت.
لە هەر ئەزموونێکدا کە پێتدا تێپەڕ دەبێت شتێکی نوێ فێر دەبیت، و پەشیمان نابیتەوە کە شتێکت تاقی کردووەتەوە و سەرکەوتنت تێدا بەدەست نەهێناوە، بەڵام زۆر پەشیمان دەبیتەوە ئەگەر دەرفەتەکە لەدەست بدەیت و ئەزموونەکە تاقی نەکەیتەوە.
• متمانە بەخۆبوون و پشتپێبەستن
ئەوەی کە متمانەت بە خۆت و کارامەیی و تواناکانت هەبێت، بەشی یەکەمە کە بە پشتپێبەستن تەواو دەبێت. و هیوا لەسەر کەسانی تر هەڵمەچنە بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی دەتەوێت، چوونکە بەهای ئەو دڵخۆشییەی کە هەستی پێ دەکەیت کاتێک دەگەیت بە سەرکەوتن، بەندە بە ڕادەی ئەو هەوڵەی کە داوتە بۆ گەیشتن پێی.بەم شێوەیە، گەیشتینە کۆتایی ئەم وتارە کە تێیدا باسمان لە سەرکەوتن و چەمکەکەی و خەسڵەتەکانی کەسانی سەرکەوتوو کرد، و ئەو خەسڵەتانەی کە کەسی سەرکەوتوو هەیەتی، هەروەها هەنگاوەکانی یارمەتیدەر بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنمان ناسی. هیوادارین وتارەکە سوودی پێویستی پێ گەیاندبن .
*مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین

