شێرکۆ حەبیب
بۆ مێژوو چەواشە دەکەن؟
ئەگەر کەشتێک بە ویژدانەوە بەناو مێژووی هاوچەرخی کورد دابکەین، دەبینین کەوا کێ هۆکاری ناساندنی کورد و دۆزە ڕەواکەی بە جیهان بووە، کورد وەک میللەت ناسراوە لەسەر ئاستی مێژوو وەک میللەتێک لەسەر خاکی خۆیان ژیاون کە ئیستا دابەشکراوە ئەوە نکۆڵی لێ ناکرێت، بەڵام مێژووی هاوچەرخ دەبینین بەتایبەتی لەسەرەتای سەدەی نۆزدە کە جەنابی شێخ عبدولسلام بارزانیی نەمر لە سێدارە دەدرێت، و جەنابی مەلا مستەفا بارزانیی نەمر کە تەمەنی سێ ساڵ بوو لەگەڵ خوالێخۆشبێت دایکی رەحمەتی لە زیندانی حکوومەتی دەولەتی عوسمانی بەند دەکرێت، و دواتر شۆڕشەکانی بارزان و ئەیلوول ، ئایا ئەمانە کوردیان بە جیهان نەناساند ؟ کاتێک حکوومەتی چەند وڵات هەوڵی دەستگیرکردنی بارزانیی نەمر دەدەن، یا پیشوازی لێکردنی لە لایەن سەرۆک جەمال عبدولناسر، و دیداری بارزانیی نەمر لەگەڵ سەدان رۆژنامەوانی عەرەبی و بیانی، نەک هەر ئەوە رۆژنامەکانی سەرەتای بیستەکان و سییەکانی سەدەی ڕابردوو کە کۆمەڵێکیان لای منن بە زوبانی عەرەبی و ئینگلیزی پارێزراوە، و هەندێکیانم بڵاو کردووە، یا بوونی سەدان بەڵکو هەزاران بەڵگە لە ئەرشیفی بریتانی و ئەمریکی، کە باس لە ڕۆڵی بارزانیی نەمر لە بزاڤی ڕزگاری خوازیی کورد دەکات.
ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانینە لەم یەک دوو رۆژە کەسانێک دوور لە زانیاری مێژووی و سیاسی و تەنانەت بۆ بەرژەوەندی کەسایەتی دەڵێن نەوت کوردی بەجیهان ناساند! یا ئەوەی تریان دەڵێ فڵانە کەس کوردی بە جیهان ناساندووە، ساتێک خانەوادەی بەڕێزی بارزانی کوردیان بە جیهان ناساند نە نەوت بوونی هەبوو نەکەسانێک کە ناویان دێنن لە دایکبوو بوون، بەڵێ رۆڵیان هەبوو لە بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد بەڵام نەک هۆکاری ناساندنی کورد بە جیهان، ساڵی ١٩٧١ ماڵمان لە دهۆک بوو، بە هۆی کاری باوکم بۆ مانگێک لە ناوەڕاستی مانگی هەشت تاوەکو ناوەڕاستی مانگی نۆ لە هاوینەهەواری پیرمام بووین، ڕۆژێکیان هەڤاڵێکی باوکم کە هاوپیشەی بوو مێوانمان بوو باسی بارودۆخی کوردیان دەکرد و پشتەوانی دۆزی کورد لە دەرەوە، برادەرەکەی باوکم گوتی پێش چەند ساڵێک سەردانی چەندین وڵاتانی ئەوروپیم کرد، لە ئەلمانیا لە کافتریایەک بۆ چا خواردنەوە لەگەڵ یەک دوو برادەری کورد بووین کەسێک لێم نزیک بوو گوتی ئێوە بە چ زوبانێک قسە دەکەن گوتم کوردی، تێنەگەیشت گوتم کوردستانی عێراق، گوتی کوردستان. بارزانی، گوتم بەڵێ. هاتە لامان دەستی کرد بە قسە و گوتی ئێمە کوردستان بەناوی بارزانییەوە دەناسین. سەرەتای دەست بەکاربوون لە قاهیرە برادەرێکی ئازیز سەردانیکردم پێکەوە بە تاکسیەک چووینە مۆڵێک شۆفێری تەکسیەکە زانی عێراقیم پێم گوت کوردم، بێ یەک و دوو گوتی ئێوە سەرۆکێکی قارەمان و تێکۆشەرتان هەیە نەیزانی من چ کارەم یەکسەر باسی جەنابی سەرۆک بارزانی کرد، ئەوجا بەرێزان بۆ مێژوو چەواشە دەکەن؟ ئەگەر بۆ مەرامی تایبەتی و بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی نەبێت !

