رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆڵی پەروەردە لە شیعرەکانی (شێرەبەفرینە)دا

ئەرسەلان حەسەن
(شێرەبەفرینە؛ شیعر و ئۆپەرێت بۆ منداڵان)ـەکەی شاعیر (ڕەووف محەمەد ئالانی)، ساڵی (٢٠٢٣) چاپی یەکەمی بڵاو کردووەتەوە و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە گشتییەکان ژمارەی سپاردنی (١٤١٩)ی ساڵی (٢٠٢٣)ی پێ دراوە و (٣٠) شیعر و (٤) ئۆپەرێتی لە دووتوێی (٧٥) لاپەڕە و لە بەرگێکی ڕەنگ ئاسمانیدا لەخۆ گرتووە.
لەم نوسینەدا ئاوڕ لە ڕۆڵی پەروەردە لە شیعرەکانی شێرەبەفرینە و کاریگەریی پەروەردەیی لەسەر منداڵان دەدەینەوە.
زمانی دایک، ئەو زمانەیە بۆ یەکەم جار منداڵ زمانی پێ دەپژێت، پێی دەدوێت و پەیوەندی بەئەوانی ترەوەی پێدەکات. (ئیرینا بۆکۆڤا) کارگێڕی ڕێکخراوی فەرهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) دەڵێت: “زمانی دایک کاریگەریی بەسەر کەسایەتی و کلتووریی مرۆڤدا دەبێت و ڕاهێنان بەزمانێکی بێجگەلە زمانی دایک، نابێته چوارچێوەیەک بۆ ئەوەی منداڵ بەتەواوی سوود لەتواناکانی وەربگرێت و بەردەوام زیانی پێدەگەیەنێت”.
هەروەها پڕۆفسۆر (جیم کامینز) له زانکۆی تۆرنتۆ و زۆرێک توێژینەوەی ناوەندەکانی زمانەوانی و پەروەرده دەڵێت: “ئەو منداڵانەی زمانی دایک دەزانن و پێی ڕاهاتوون، بەئاسانی فێری زمانەکانی تر دەبن و ڕاهاتن و فێربوونی زمانی دایک، ڕۆڵێکی بەرچاوە لە پێگەیشتن و پێشکەوتنی منداڵدا”. شاعیریش لای لە زمانی دایک کردووەتەوە و لە شیعری “زمانی دایک”دا دەڵێت:
زمانی من کوردییە
ڕوونە خوا کردییە
تا دەگاتە کوردستان و ئاوات دەخوازێت کوردستان ئاوەدان بێت، چونکە نیشتمانی ئێمەی کوردە و هەمووشمان دەزانین نیشتمانیش دایکە و چۆن لەباوەشی دایکمان دێینە دنیاوە، ئاواش بۆ باوەشی گەرمی خاک دەگەڕێینەوە کە نیشتمانمانە.
ئاوەدان بێ، کوردستان
نیشتمان دایکی هەمووان
نوسینی شیعر بۆ بۆنە و یادە تایبەتییەکان شتێکی تازە نییە و شێرەبەفرینەش بەدەر نییە لێی و چەند شیعرێکی هاوشێوەی تێدایە کە لەخۆشەویستی بۆ قوتابخانە نوسراون و زۆر جاریش نوسینی ئەم شیعرانە بۆ پیشەی شاعیر دەگەڕێتەوە، بۆ نمونە شاعیر مامۆستایە و مامۆستاش لە قوتابخانە وانە دەڵێتەوە، منداڵان فێری نوسین و خوێندنەوە دەکات، بەڕۆحێکی نەتەوەیی و نیشتمانی پەروەردەیان دەکات کە خاک و گەل و نیشتمانەکەیان زۆر خۆش بوێت و وەک بیلبیلەی چاویان بیپارێزن و داکۆکی لێ بکەن. ئەو خۆشەویستییەش وایکردووە مارشێک بەناوی “مارشی قوتابخانەی هەرەوەز”، بۆ قوتابخانەکەی بنوسێت، دەڵێت:
هەرەوەز
لانەی فێربوونە ماڵی
زانینە
جێگەی پەروەردە، ڕێڕەوی
ژینە
تا دەڵێت:
پەیمان بێ ئێمە لەم ماڵە جوانە
بڵند کەین ئاڵای ئەم کوردستانە
پەروەردە و ژینگە سەرمەشقی کارە
ئەوەی دڵسۆزە بەرهەمی دیارە
پەپولە و گوڵ دوانەیەکن و هەر کاتێک باسی هەر یەکەیان بکەین، ئەوی دیکەشمان بەزەیندا دێت، وەها یەکانگیری یەکتر بوون، بوونەتە ئاو و هەوا پێکەوە. دەشزانین هەر کە باسی پەپولە بکەین یەکسەر وشەی نەخشینمان بیردەکەوێتەوە و خۆشەویستی و هۆگریمان بۆی، بووەتە زادەی لەدایک بوونی ئیدیۆمێک و بینینی یەکێکی بێ وەی و زیان بۆ هیچ کەس و شتێک، دەڵێین “دەڵێی پەپولەیە”و شاعیر لە شیعری “پەپولە و گوڵ”دا دەڵێت:
گوڵ باوەشی کردەوە
خەمی لەبیربردەوە
لەوڕۆژەوە پەپولە
عاشقی باخ و گوڵە
باخچەی منداڵان، ئەو شوێنەیە منداڵ دوای دایەنگە بۆی دەچێت کە دنیایەکی فراوانتر و جیاوازە لە ماڵ و لەوێ بەشێوەیەکی سادە دنیای دەوروبەری پێ ئاشنا و پەروەردە دەکرێت چۆن لەگەڵ دنیای دەوروبەری بژی و بەرکەوتە بەدەوروبەری بکات. شاعیر هاتووە شیعرێکی سادە و جوان و پڕواتای بەناوی منداڵانی باخچە نووسیوە و لەو شیعرەدا دەڵێت:
ئێمە مناڵی باخچەین
وەکو گوڵی دەم خونچەین
پێدەکەنین بۆ ژیان
دەچڕین ئاوازی جوان
هەمیشە منداڵ کە دایەنگە و باخچەی منداڵان تێدەپەڕێنێت و دەچێتە بازنەی یەکەمەوە، هەموو شتە نائاشتانەکەی دەوروبەری خۆی کە نایانناسێت، لای دەبێتە پرسیار و بەردەوام پرسیار دەربارەیان دەکات، بۆیە پێویستە لەوکاتەدا پرسیارەکانی منداڵ بێ وەڵام نەمێننەوە و بەشێوەیەکی سادە و ئاسان وەڵامیان بدرێتەوە و وەڵامدانەوەی پرسیاری منداڵ ئەرکێکی پەروەردەییە. لە شیعری “جوانیەکانی ئاسمان”یشدا منداڵ ڕووی لە دایکی دەکات و لێیدەپرسێت بۆئەوەی بزانێ ئاسمان چییەو لەچی پێکهاتووە؟ دەڵێت:
دایە، دایە، هۆ دایە
ئاسمان چیوچی تێدایە؟!
دایکیشی لە وەڵامدا دەڵێت:
ڕۆڵە ئاسمان بەشەوان
پڕە لە ئەستێرەی جوان
جگە لە مانگ شەوانە… .
شاعیر لە شیعرەکانیدا بیری نەچووە کە منداڵ هەمیشە دۆستی ئاژەڵ و باڵندەیە و خۆشی دەون و ئەویش لە سێ شیعردا بەناوەکانی “ڕیشۆڵە” و “چۆلەکە پاساری” و “کەو”، ئاوڕی لەم خۆشەویستییە داوەتەوە و سێ شیعری جیای بۆ نووسیون و لە شیعری “ڕیشۆڵە”دا کە ڕیشۆڵە خۆی بەمنداڵان دەناسێنێت، دەڵێت:
من ڕیشۆڵەی باڵ ڕەشم
هاوڕێی دڵسۆزە بەشم
تا لە کۆتاییدا دەڵێت:
دەم بەخەندە و پێکەنین
دڵشادبن، ئازاد بژین
لە شیعری “چۆلەکە پاساری”یشدا منداڵ چۆلەکە پاساری دەدوێنێت و بەخۆی دەچوێنێت کە خەریکی یارییە و بەیانیانیش لە خەو هەڵی ناستێنێت، بەڵکو کە لە خەو هەستا دەنگی چۆلەکە پاساری دەگاتە گوێی و وزەیەکی پڕجۆش وخرۆشی پێدەدات، مێشکی دەلاوێنێتەوە و ئەوەش خۆشەویستی کردووە لە لای، کە دەڵێت:
تۆ چۆلەکە پاساری
وەک من خەریکی یاریی
بەیانیان کاتێ هەستام
دەنگی خۆشت دێتە لام
دایک لای هەمومان بەڕێز و پیرۆز و خۆشەویستە و یەکەم مامۆستای منداڵە کە منداڵ لێیەوە فێر دەبێت و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەری هەیە. خۆشەویستی دایک وای لە منداڵ کردووە هەمیشە بێئەو هەست بەتەنیایی بکات، چونکە دەزانێت زۆر بەخەمیەوەیەتی و بەردەوام بەدەوریدا دێت و داوا و خۆزگەکانی بۆ بەدی دێنێت و لە باوەشە گەرم و نەرمەکەی، بەدەنگە بە سۆزەکەی دەی لاوێنێتەوە. شاعیر لە شیعری “دایکم”دا دەڵێت:
دایکم زۆر شیرینە لام
بێ ئەو هەمیشە تەنیام
تا دەڵێت:
ئەپرسێ لە کاری خۆم
تا فێرببم و جوان بڕۆم
پیشەی ڕۆژانەم وایە
دایکم پشت و پەنایە
منداڵ هەر کە دەرگای ماڵەوەی کردەوە و چووەدەرەوە بەدوای یەکێکدا دەگەڕێت هەڵسوکەوت و یاریی لەگەڵدا بکاو کەسێکی بێوەی و لەگەڵی باش بێت و ئازاری نەدا، دیارە ئەوکەسەش هاوڕێیە و منداڵیش بەردەوام وێڵی دوای هاوڕێیەکە لەگەڵی هەڵ بکات. شاعیر لەشیعری “هاوڕێ”دا دەڵێت:
بەڵێن بێ هاوڕێی باش بین
لەگەڵ یەکتری چاک بین
شاعیر لە شیعری “من”دا لە زمان منداڵەوە باسی منداڵ و جۆینبوونی منداڵ لەگەڵ دایکوباوکی دەکات، چونکە پەروەردە و گۆشیان کردووە و بەم ڕۆژەیان گەیاندووە کە منداڵ لەبیری ناچێتەوە و دایم لەبیریەتی و نایەوێت ئەو هەموو ڕەنج و ماندووبوونەیان بە با بدا، دەڵێت:
من گوڵی بابە و دایەم
ڕەنجیان بەفیڕۆ نایەم
تا دەڵێت:
منیش مناڵی جوانم
خونچە و گوڵی ئەوانم
وێنە لەشیعر و چیرۆکی منداڵاندا ڕۆڵی گرنگ دەبینێت و باسی وردەکاری شیعرەکە یان چیرۆکەکە بەوێنە، ڕەنگەکان دەکات و هەندێک منداڵیش زیاتر کاریگەریی بینینی لەسەرە تا شیعر یان چیرۆکەکە و لەڕێگای بینینەوە تێی دەگات. وێنەی شیعری دووتوێی “شێرەبەفرینە” ئەوە دەسەلمێنێت، چونکە شاعیر بیری چووە ناونیشانی شیعرەکە بنوسێت یان بەهۆی چاپەوە پەڕیوە و دوورنییە منداڵ کە شیعرەکە دەخوێنینەوە خەیاڵی بۆ زۆر باڵندەی هاوشێوە بچێت، بەڵام لەکۆتایی شیعرەکە چاوی دەچێتە سەر وێنەیەک و دەبینێت باڵندەکە “قاز”ە، بێشک شیعرەکەش بۆ قاز نوسراوە. شاعیر دەڵێت:
گەردنت بەرز و ملت درێژە
قیڕە قیڕەکەت لەدوور بێژە
ڕەنگە زۆربەمان لەگەڵ ئەوەدانەبین قوتابی ئاوەڵناوێکی بۆ زیاد بکرێت و پێی بگوترێت قوتابی ژیر، چونکە لەبەرامبەر هەر وشەیەکی ئەرێنی، وشەیەکی نەرێنیش هەیە و کار لەمنداڵ دەکات. واتا ئەگەر قوتابی ژیر هەبێت، قوتابی تەمبەڵیش هەیە. ئەمە وادەکات قوتابی لەناو هاوڕێکانی و کۆمەڵدا هەست بەناتەواوی بکات و کاریگەری نەرێنی لەسەر هەبێت. شاعیر لەشیعری “قوتابی ژیر”دا دەڵێت:
من لەگەڵ بابە و دایە
کردەوەی باشم لایە
تا دەڵێت:
من پەروەردەم ئاوایە
دواڕۆژم وەک چرایە
ژینگە ئەو ناوەندە یان دەوروبەرەیە تێیدا دەژین و کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەرمانەوە هەیە. بۆیە مرۆڤ بەردەوام هەوڵدەدا ژینگەکەی پاکوخاوێن بێت و لەئالودەبوون بیپارێزێت. شاعیر لەشیعری “ژینگە”دا، باسی جوانی و ڕازاوەیی ژینگەکەی دەکات و ماڵ و کۆڵان و قوتابخانە بەژینگەی خۆی دەزانێت. بەڵێن دەدات زۆر بەجوانی و پاکی و دوور لەساردی و بێباکی ڕای بگرێت و شاعیر لەکۆتایی شیعرەکەیدا دەڵێت:
من ئاوا پەروەردە بووم
بەڕێگەی چەوتا نەچووم
خۆشم دەوێ ژینگەی جوان
نیشتمان، دایکی هەمووان
پۆل ئەو چوارچێوەیەیە منداڵ لەگەڵ هاوڕێکانی تێیدا دادەنیشێت، وانەکانی دەخوێنێت، فێری نوسین و خوێندنەوە دەبێت، هاوپۆلەکانی دەناسێت. شاعیر لەشیعری “پۆلەکەم”دا دەڵێت:
پۆلەکەم ڕازاوەیە، بە گوڵی جوان
بە شیعر و وتە و پەندی پێشینان
ئێمە هەموومان گوڵی ناو پۆلین
وەک هێشووی ترێی، بۆڵ بۆڵین
پێشتر باسی خۆشەویستی نێوان منداڵ و ئاژەڵ و باڵندەمان کرد کە شاعیر لە شیعری سێیەم بۆ باڵندە “کەو”، تاریفی جوانی کەو، بەلەنجەولار ڕۆیشتن، دەنگەخۆشەکەی کە لەچیا و دۆڵەکان زایەڵەی دەنگدەداتەوە و بەهاوڕێی گیانی و دڵسۆزی دەچوێنێت، شاخ و هەرد دەنەخشێنێت. دەڵێت:
هاوڕێی مرۆڤ و کانی
ئاوازی خۆش بەجوانی
پەروەردەکردن و بارهێنانی مرۆڤ لەمنداڵییەوە کە فرەیی شمەک و مرۆڤەکان چ جوانی و خۆشی و ئاوازێک بەژیان دەدەن، لەمنداڵییەوە مرۆڤ بەخۆشەویستییەکی پاکوبێگەرد پەروەردە دەکەن و باری دەهێنن. شاعیر لەشیعری “دەنگە جیاوازەکان”، پێماندەڵێت بولبول و گوڵ و کەو و بزەی لێوو پاساریی و کۆتر، هەموویان پێکەوە چ جوانییەک بەسروشت دەدەن و چەندە دەیڕازێننەوە، دەڵێت:
چەهچەهەی بولبول
ڕەنگی جوانی گوڵ
قاسپەی کەوی کێو
خەندەی جوانی لێو
جریوە جریوی نەرم
پاساری دڵی گەرم
گمەی کۆتر تا بەیانی…هتد.
وانەی کوردی یەکێکە لەو وانانەی منداڵ یان قوتابی لەقوتابخانە وەک هەر وانەیەکی دیکە دەیخوێنێت و شاعیر لەبەر خۆشەویستی بۆ وانەی کوردی کە زمانی نەتەوەکەیەتی، شیعرێکی بۆ نوسیوە و پێماندەڵێت وانەی کوردی پڕ هەست و، تام و چێژی تایبەتی خۆی هەیە و لێیەوە فێردەبین بنوسین و بخوێنینەوە. کێ فێرمان دەکات بەو زمانە بنوسین و بخوێنینەوە، مامۆستا. شاعیر دەڵێت:
مامۆستا بە زمانی خۆش
بە وریایی و پڕ لەجۆش
ناوی هەموومان دێنێ
خەندە بۆ لێومان دێنێ
بۆ ناساندن و خۆشەویستکردنی ئاڵا لای منداڵ، شاعیر لە شیعری “ئاڵا”دا دەڵێت:
سوێند بە ئاڵای نیشتمان
هەموو بەرەو تێکۆشان
تا
بژی ئاڵای کوردستان
پایەداربێ نیشتمان
نەورۆز بۆنەیەکی نیشتمانی، نەتەوەیی، سەری ساڵی نوێی کوردییە و هەمیشە کورد وەک جەژن و بۆنەیەکی نەتەوەیی پیرۆز لێیڕوانیوە، ڕێزی لێگرتووە و شاعیر لەزمانی منداڵانەوە بۆ نەورۆز دەڵێت:
ئێمەی مناڵی بەسۆز
لەگەڵ مامۆستای دڵسۆز
یادی نەورۆزی وڵات
دەکەین بەمەشقی خەبات
خەباتی ئێمە، خوێندنە
ڕۆژی نوێ، سەرکەوتنە
پێنوس یان قەڵەم ئەو ئامرازەیە پێیدەنوسین، هەستونەستی ناخ و ویستمانی پێ دەردەبڕین. شاعیر لە شیعری “پێنوس”دا دەڵێت:
بە هێواشی و بە نەرمی
بەدڵی خۆش بە گەرمی
چاو دەخەینە سەر پێنوس
نوسین، لە ناو تیانوس
هەمیشە منداڵ بەفری بەلاوە جوان بووە و ئارەزووی کردووە یاریی لەناودا بکات، چونکە سپی و بێگەردە وەک سپی و بێگەردی خۆی و هێمای پاک و بێگەردییە و شاعیر لەشیعری “بەفر”دا لەزمانی منداڵ و لەدواندنی دایکیدا، دەڵێت:
دایە بەفر زۆر جوانە
کلوی سپی و نیانە
بێگەردە وەکو مناڵ
دەبێتە میوانی ساڵ
“شێرەبەفرینە” جگەلەوەی ناوی کتێبەکەیە، ناونیشانی شێعرێکە شاعیر بانگی منداڵان دەکات و مژدەیان پێدەدات کە بەفر باریوە. ئێوەش وەرن لێرە لەم شوێنە هەمومان بەیەکەوە گیاندارێک دروستبکەین:
دەی وەرن لە ئەم شوێنە
بەرزە و جوانە و بێوێنە
گیاندارێک دروست بکەین
سەر و چاو و گوێی بکەین
شاعیر بۆ ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی (١٩٩٧) شیعرێک بۆ قوتابخانەی شانەخسێی زێدی خۆشەویست و ئازیزی دەنوسێت. لەو ساڵەشدا وەک (مارشی خوێندنگەی شاناخسێ)، پێشکەش دەکرێت. دەڵێت:
ئەی خوێندنگەی شاناخسێ
خۆری ئێمەی لێ هەڵدێ (خۆری ئێمەت)
لە كۆتاییدا، هیوام پڕبەرهەمی و بەردەوامیی شاعیر (ڕەئوف ئالانی)یە.
سەرچاوە: شێرەبەفرینە، شیعر و ئۆپەرێت بۆ منداڵان، ڕەووف محەمەد ئالانی، چاپی یەکەم، ساڵی ٢٠٢٣.