هێرۆ حەسەن ئەحمەد
فەرمانبەران لە كەرتی گشتی و كارمەندان لە كەرتی تایبەتیدا دەست و قاچی ئەو دەزگایانەن كە كاری تێدا دەكەن. درككردن بەم ڕاستیە وای لە دەزگاكان كردووە گرنگی بە ڕاهێنان و پەرەپێدانی كارمەندان بدەن، لە رێگای خول و پرۆگرامی تایبەتە و بە شێوەی سیستەماتیك.
ئاشكرایە، لە بەشێك لە دامودەزگانی هەرێمی كوردستان لە هەردوو كەرتی گشت و تایبەتی بەش هەیە، بۆ ڕاهێنانی فەرمانبەران و كارمەندان لە هەمان كاتیشدا جار، جاریش خول هەیە، بۆ هەمان مەبەست. بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوێستە لەسەركردنە ئەم بەشانە لە هەموو دەزگایەك نیە خولەكانیش كە دەكرێنەوە بۆ هەموو فەرمانبەران نیە لە بوارە جیاوازەكان. بە نموونە بۆ پیشەی ئەندازیاران خول و بەرنامە نیە، ئەگەر هەشبێت بە گوێرەی پێویست نیە. لە كاتێكدا ئەندازیارەكان سەرپەرشتی و بە دواداچوون بۆ پڕۆژە گەورەكان دەكەن، لە حاڵاتی نەبوونی زانیاری تەواو بێگومان دەبێتە هۆی كارەسات لە پڕۆژەكان، هەمان حاڵات بۆ فەرمانبەرانی تر لە پسپۆڕییە جیاوازەكان.
ئێستاکە پرۆگرامی فێربوونی بەردەوام بۆ فەرمانبەران، زۆر گرنگە بۆ گشت دامودەزگاكان و گشت فەرمانبەران بە گرێبەست و هەمیشەییەوە و لە هەموو پسپۆڕییەكان و پلەكاندا. ئەم پرۆگرامە ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە لە پێشكەوتن و پەرەپێدانی توانا و شارەزایی كارمەندان، باشتركردنی ژینگەی كار، نوێكردنەوەی زانیارییەكان بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنە خێراكانی سیستەمی كارگێڕی و تەكنەلۆژیای نوێ و ئاشناكردنی كارمەندان بە دوایین زانست و زانیاری سەردەم، هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و دڵنیایی زیاتر لە كاركردن، تێگەیشتنێكی قووڵتر لە یاسا و ڕێنماییەكان، سوود وەرگرتن لە توانا و پسپۆڕی و شارەزایانی ناوخۆ و دەرەوە لە سەرجەم بوارەكان.
بۆ دڵنیایی لە جێبەجێكردنی ئەم پرۆگرامە بە شێوەیەكی دروست و سەركەوتوو و كاریگەر، پێویستە تیشك بخەینە سەر ڕێكار و پێداویستیەكانی تایبەت بەم بیرۆكەیە، كە بریتین لە پێكهێنانی تیمێكی هاوبەشی چالاک و شارەزا لەم بوارەدا لە خودی دەزگاكە، بە مەبەستی ڕێكخستن و داڕشتنی پلانێكی ورد و ڕوون و ئامانجدار. دیاریكردنی ئامانجەكان بە گشتی و دەستنیشانكردنی ئەو بوارانەی پێویستن بۆ كارمەندان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانا و شارەزایییان لە بواری خۆیاندا. هەڵسەنگاندنی پێداویستیەكانی تایبەت بەم بیرۆكەیە، دیاریكردن و دانانی چالاکی گشتی و تایبەتیەكان لە بوارە بە شێوەیەكی بەردەوام، ئەویش لەڕێگای ڕێكخستنی وۆركشۆپ، خول، ڕاهێنان لە بوارەكانی ئەندازیاری، ژمێریاری، یاسایی، زمانەوانی، كارگێڕی و، هتد. بەڕێوەبردنیان لەلایەن كەسانی شارەزا و توانا لە بواری جیاوازەكان و ڕاهێناندا، بەمەبەستی پێكانی ئامانجی دیاریكراو. هەڵسەنگاندن و بەراووردكردنی ئەدای كارمەندان لە ڕێگای دروستكردنی سیستەمێك بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردكردنی ئەدای كارمەندان دوای تەواوبوونی خولەكان، گۆڕانكاری و پەرەپێدان تیایاندا بەپێی ئەنجامی هەڵسەنگاندنەكان بۆ دیاریكردنی خاڵە لاواز و بەهێزەكان و دڵنیایی لە ئاست و كوالیتی بەڕێوەچوونی پرۆگرامی ناوبراو، كاركردن لەسەر خاڵە لاوازەكان و چارەسەركردنیان و باشتركردن و پەرەپێدانی پرۆگرامەكە لەكاتی پێویست ئەمەش پێویستی بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان هەیە.
ئەم بەرنامەیە بۆ كارمەندە هەمیشەییەكان هۆكارە بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئاستی توانا و زانستی، ئەویش لە ڕێگای دانەبڕان لە دوایین زانست و تەكنەلۆژیای سەردەم، خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنە خێراكان لە ڕووی زانست و بەڕێوەبردن لە بوارە جیاوازەكان، باشتركردنی كوالیتی كار و بەرزكردنەوەی زیاتری توانای كار و چالاکییەكان، داهێنان و نوێكاری. هەروەها بۆ كارمەندی تازە دامەزراو و گرێبەستیش دەبێتە هۆی دەستكەوتنی زانیاریی پێویست و شارەزابوونی زیاتر تایبەت بە سروشتی كاركردن و گونجاندنیان لەگەڵ ژینگەی كار، ئاشناكردنیان بە یاسا و ڕێنماییەكانی وەبەرهێنان و شێوازی كاركردن تیایاندا، بەهێزكردنی توانا و زیادكردنی متمانە و دڵنیایی لە كاركردندا و، هتد.
وازهێنان یان خانەنیشبوونی فەرمانبەر و فەرمانبەری تازەدامەزراو جا چ بە گرێبەست یان بە هەمیشەیی هەروەها پێشكەوتنەكانی سەردەم دەخوازێ پرۆگرامێكی فێربوونی بەردەوامی فەرمانبەران هەبێت لە هەموو دەزگاكان لە پێناو پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، بەرهەمی باش، خێرا ڕایكردنی مامەلەكان، كاركردن بێ گرفت و زانستی و چالاکتر بە كۆمەڵگا.

