رۆژنامەی ھەولێر

دۆسیەی تایوان، هاوشێوەی دۆسیەی كوردستان نیە

مەشخەڵ كەوڵۆسی
ماوەیەكە قسەكردن لە سەر دۆسیەی تایوان خەریكە دەبێتە دیاردە لەناو میدیای كوردیدا، جاروبار هەندێك لەو كەسانەی كە سەردانی چین یان تایوانیان كردووە، یان بەشێوەیەك لەشێوەكان سەروكارێكیان لەگەڵ خوێندنەوەی سیاسیدا هەیە، دەیانەوێت هەردوو دۆسیەی تایوان و كوردستان تێكەڵاو بكەن.
ئەوجۆرە كەسانە هەربۆ ئەوەی مشتومڕێكی بێ ئەنجام و لابەلا لەگەڵ سەربەخۆییخوازانی كوردستان دروست بكەن، ڕاستەوخۆ دەپەڕنەوە سەر بابەتی تایوان و، بەئاشكرا دەڵێن: كەواتە پێویستە تایوانیش سەربەخۆ بێت! یان هەروەكو ئەوەی بێنە و بەردە و پەیوەندییەك لەنێوان ئەو دوو دۆسیەیەدا هەبێت، دەڵێن: وەك چۆن تایوان سەربەخۆ نابێت، ئاوا كوردستانیش سەربەخۆ نابێت.

جارێ تۆ لەوە بگەڕێ كە هیچ پەیوەندییەكی جوگرافی و مێژوویی و ئیتنیكی لەنێوان ئەو دوو دۆسیەیەدا نیە، هیچ بازنەیەكی لێكەوتەی هاوبەشیان نیە و، تێناگەم بۆچی ئەو دوو بابەتە تێكەڵ دەكرێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێم: گریمان ڕەوابێت ئەو دوو بابەتە بەراورد بكەین، پێویستە ڕاستییەكان وەك ئەوەی هەیە ببینین و، بە تێگەیشتنی تەواوەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە:
بۆچی پێویستە تایوان وەك بەشێك لەخاكی چین بمێنێتەوە؟ ئەی بۆچی پێویستە كوردستان جیاببێتەوە؟
هەمووان دەزانین، تایوان وەكو جوگرافیا و مێژوو، هەروەها وەكو ئیتنیك و ئاین بەشێكە لەگەلی چین، تاكو سەرەتای دامەزراندنی كۆماری میللی چین، تەنانەت ئێستایشی لەسەر بێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان دانی بەسەربەخۆیی ئەو پارچەیەی خاكی چیندا نەناوە، هەر بەشێكە لەچین، بەڵام سەركردەكانی كۆمینتانگ لەساڵی 1949، بە تۆپزی یەك نەتەوەو یەك خاكیان دابەشكرد و، كشانەوە بۆ دوورگەی تایوان و، ئامادەنەبوون بچنە ژێر سەروەری یەك دەوڵەتی زلهێزی نەتەوەكەیانەوە. بەوەش نەك خزمەتیان بەنەتەوەكەی خۆیان نەكردووە، بەڵكو هێز و توانای نەتەوەكەیان پەرتكردووە.
لەگەڵ ئەوەشدا لەو ماوە دوور و درێژەی ناكۆكییەكانیاندا، وێڕای ئەوەی كۆمینتانگەكان و سەركردەكانی تایوان بەردەوام كێشەیان بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی كۆماری میللی چین دروستكردووە، نائارامییان لە تەنگەی تایوان دروستكردووە، كەچی كۆماری میللی چین بە پێڕەوكردنی ستراتیژی ئەوپەڕی ئارامگری مامەڵەی كردووە و، هەرگیز پەنای نەبردۆتە بەر زەبر و زەنگ. تەنانەت لەكۆتا دەستبردنیشدا بۆ كێشەی تایوان، ستراتیژێكی ئاشكرا كرد بەناوی: گەڕاندنەوەی تایوان بەبێ ڕشتنی یەك دڵۆپ خوێن!
بۆیە كاتێ بەراوردی ئەم دۆسیەیە بكەین بە دۆسیەی كوردستان، دەبینین هیچ لێكچونێك لەنێوانیاندا نیە، چونكە لەدۆسیەی كوردستان، میللەتێكی تر ” گەلی سەردەست” هاتووە خاكی میللەتی كوردی داگیركردووە، لەگەڵ ئەوەشدا بەدرێژایی سەد ساڵ زیاتر، لەهەموو ناكۆكییەكدا، پەنای بردۆتە بەر خاپووركردنی كوردستان و، بە كیمیاوی و ئەنفال وبڕینی مووچە و برسیكردن، خەڵكی كوردستانی سەركوت كردووە.
لێرەوە پێم خۆشە چەند جارێكی تریش بگەڕێمەوە سەر ئەم گرێیەو، بە تەواوی بۆ خوێنەری كوردی ڕوون بكەینەوە، كە بابەتی تایوان، بەهیچ شێوەیەك كێشەی میللەتێك نیە كە خاكی داگیركرابێت و، داوای سەربەخۆیی و مافی چارەنووس بكات بەگوێرەی بڕوانامەی نەتەوە یەكگرتووەكان! ڕێك پێچەوانەی دۆسیەی خەڵكی كوردستانە. بۆ ئەوەی ئەم بابەتەش نەكرێتە حەكایەتی مێش و، بەرچاوی خەڵكی كوردستانی پێ تاریك نەكرێت، لەچەند وتارێكی تردا، دەگەڕێمەوە سەر ئەم پرسە و، ئەو خاڵەش ڕوون دەكەینەوە كە بۆچی بۆ ئاسایشی جیهان وا باشترە تایوان سەربە چین بێت؟ بەڵام بۆچی بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واباشترە كوردستان سەربەخۆ بێت؟.