رۆژنامەی ھەولێر

خالید خۆشناو و مەدالیای بارزانی

‎هاودەنگ فارووق
‎وەک وەفایەک بۆ ئەو سەرمایەدارە نیشتمانییە جەنابی سەرۆک بارزانی بەپێدانی مەدالیای بارزانی، تاجی سەروەرییەکانی لەسەرنا. هیوادارین سەرجەم سەرمایەدارانی دیکەش لەم سەروەرییە پشکی شێر بۆ خۆیان ببەن و بەشدار بن لە تۆمارکردنی مێژووی سەرکەوتن بۆ گەلی کوردستان.
‎پیرەمێردی شاعیر دەڵێت: “بوارە ڕەش و سپی دەردەخا”. بەو مانایەی کە لە کاتی تەنگانە و قەیرانەکاندا، پیاوی ڕاستەقینە و جوامێر و خاوەن هەڵوێست و نیشتمانی دەردەکەون، لەبەرانبەردا ئەوانی دیکەش دەردەکەون، کە بە سەنگ و بەها نیشتمانییەکان وەک پوشی سەردەمی پوشپەڕن و لەیادەوەریی نەتەوەدا هیچ پۆینتێکی ئەرێنی بەجێ ناهێڵن.
‎ئەم بابەتە لەناو هەموو میللەتانی دونیادا بەجۆرێک لەجۆرەکان هەبووە، لە زەمەنی قەیرانە گەورەکاندا، پیاوەکانی ڕۆژی تەنگانە و لەبەرانبەریشدا پیاوەکانی سەردەمی شەقامی پان، یان دۆستەکانی سەرسفرەشی بەخۆیان و بە حوکمی سەختی قەیرانەکان، بێ ئەوەی جەبرێکیان لەسەر بێت، لە سوچێکی مێژووەوە ڕیز دەبن.
‎لە مێژووی کورددا، قەیرانی تاقەتپڕوکێن هاتوون و تێپەڕیوون، یادەوەریی جۆراوجۆریان بەجێهێشتووە. بۆ نموونە لە سەردەمی گرانیی گەورە کە لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا بەهۆی جەنگی جیهانییەوە یەخەی جیهان و ناوچەکە و کوردستانیشی گرتبوو، خەڵکێکی زۆر لە برسان مرد. ئەگەر هیممەتی سەرمایەدارە نیشتمانییەکان نەبووایە، کوردان قڕ دەبوون. چونکە نە لە کوردستان و نە لە وڵاتانی دەوروبەریش، نان نەبوو خەڵک بیخوات.
‎لەناو دڵی ئەو قەیرانە ترسناکەدا، سەرمایەداری نیشتمانی وەکو “کەریمی عەلەکە” دەرکەوت، توانییان دڕ بە شەوی یەڵدا و ئەنگوستەچاودا بدەن. ڕاستە قەیرانەکان تەواو بوون، بەڵام ناوی ئەوان، ناوبانگ و جوامێرییان تا کۆتایی مێژووی کورد دەمێنێتەوە، زەمەن و قەیران ناتوانن ئەوان بە فەرامۆشی بسپێرن.
‎ئێستاش کە قەیرانێکی قورس ڕووی لە کوردستان کردووە، سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرەکان توانیویانە جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژووی ئێمە بنەخشێنن، ئەو کۆڵە قورسە بخەنە سەر شانی خۆیان کە ناحەزان و داگیرکەران بۆ کوردستانیان هێناوەتە ئاراوە. ڕۆژ بەڕۆژ ئەوان کێشەیەکی قوڵتر دروست دەکەن و گرەو لەسەر پاشەکشەی حوکمی کوردستان دەکەن، سەرمایەدارانی نیشتمانیش لەسەرویانەوە کاک خالید خۆشناو بەرەنگاری پیلانەکانی ناحەزانی کوردستان دەبنەوە. هەرکات ئەوان گرەوێکی تازە دەکەن، ئەم سەرمایەدارە نیشتمانپەروەرە بە پڕۆژەیەکی جوانتر و قەشەنگتر کوردستان دەڕازێنێتەوە و بە نەیاران دەڵێت: وەڵامی سەرمایەدارانی نیشتمان بۆ قەیرانە دروستکراوەکانتان، پڕۆژەی ستراتیژی و بنیاتنان و بەهێزکردنی حکوومەتی کوردستانە! ئەوەی لە پشتی ئەم واقیعە بەهێزەی کوردستانەوە وەستاوە و دەوەستێت، سەرمایەدارانی نیشتمانین لەسەرویانەوە کاک “خالید خۆشناو” کە بەتەواوی گرەوی لە مێژوو بردووەتەوە و مێژوو ناچارە بە پیتی زێڕین ناوی بنووسێتەوە.
‎بە دەرککردن بەم ڕاستییە، جەنابی سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانی بەخشی بە کاک خالید خۆشناو، چونکە ئەو نەک هەر سەری خۆی و سەرمایەکەی بەرزکردووەتەوە، بەڵکو سەنگەری کوردی بەجۆرێک بەهێز کردووە، هاوكاری حكومەت كوردستانەو هەرکاتێک هاووڵاتییەکی باشووری عێراق دێتە هەولێر ، ڕاستەوخۆ هەست بە جیاوازی ئێرە و ئەوێ دەکات.
‎لەم جەنگە چارەنووسسازەدا، سەرمایەکەی خالید خۆشناو و سەرمایەدارانی نیشتمانی دیکە، هیچی کەمتر نییە لە گیانبازیی پێشمەرگە و ئەوانەی کە بە گیانی خۆیان قەوارەی هەرێمیان پاراست و دەپارێزن.
‎کاک خالید خۆشناو بە ماڵ و سەروەتی خۆی بۆ پاراستنی کوردستان و شەرەفی گەلی کورد دەکات، ئەمەش هاوتای ئەو گیانبازیەیە؛ کە پێشمەرگە بە خوێن و گیانی خۆی دەیکات.