رۆژنامەی ھەولێر

١٦ی ئاب ئەمڕۆی دروست کرد

شێرکۆ حەبیب
لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە ساتێک هەوڵی میللەتان چڕ کرایەوە بۆ داواکردنی مافە نەتەوەییەکانیان لە دوای بەرز بوونەوەی هەستی نەتەوایەتی و هەوڵدان بۆ سەربەخۆیی و دابینکردنی ماف و یەکسانی لە چوارچیوەی دەستوور و یاسا و کەشێکی دیموکراسی و کۆمەڵگایەکی مەدەنی، هەر لەم ڕوانگە و دیدوبۆچوونە میللەتی کورد کەوا میللەتێکی ماف خوراو و زوڵم لێکراو بوو، هەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ ئەوەی مافەکانی دابین بکرێن، لەگەڵ بوونی چەند حزبێکی کوردی لەو سەردەمەدا کە بیروباوەڕی مارکسی زاڵ بوو بەسەریاندا، بۆیە پێویست بوو کە حزبێکی نەتەوەیی باوەر بە دیموکراسی ئەو ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت، لەم دیدوتێڕوانینە پارتی دیموکراتی کورد کە دواتر لە کۆنگرەی سێ بوو بە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی سەرجەم کوردستانیان بتوانن ببنە ئەندام، لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بە سەرۆکایەتی باوکی رۆحی کورد مستەفا بارزانیی نەمر دامەزرا، هەر لەگەڵ دامەزراندنی دروشمی (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان) بەرز کردەوە بەمەش پارتی تاکە حزبی عێراقییە دروشمی دیموکراسی بەرزبکاتەوە، باوەڕی بە کەشێکی دیموکراسییە بۆ ئەوەی بتوانێت مافەکانی میللەتەکەی دابین بکات، هەر لە ساتە وەختی دامەزراندنی دڵسۆزانی میللەتەکەمان لە دەوری کۆبوونەوە و باوەڕیان بە بەرنامە و هزری کوردایەتی جگە لە باوەڕ بوون بە کارێزما و لێهاتووی سەرۆکەکەی و رێبازی پیرۆزی بارزان.
پارتی هەر لە ساتی دامەزراندنی هەموو هەوڵەکانی چڕ کردەوە کە گرفتەکان لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بە لێک تێگەیشن چارەسەر بکات و مافەکان دەستەبەر بکات دوور لە گرژی، بەتایبەتی دوای شۆڕشی ١٤ی تموزی ساڵی ١٩٥٨ و بە گوێرەی دەستور کە دان بە بوونی میللەتی کورد دادەنێت وەک دووەم گەل لە عێراق، پارتی لە دوای گرژی نێوانی لەگەڵ دەسەڵاتی بەغدا کە بە فرۆکە و ئاگر وەڵامی مافەکانی گەلی کوردستانی دایەوە. ناچار پارتی بۆ بەرگری لەو زولمە شۆڕشێکی فراوانی سەرتاسەری کوردستانی ڕاگەیاند کە بڵێسەکەی لە ١١ی ئەیلوولی ساڵی ١٩٦١ هەڵگیرسا لەگەڵ ئەوەی جەنابی بارزانیی نەمر و میللەتی کورد خوازیاری جەنگ نەبوون بەڵکو بە لێکتێگەیشتن گرفتەکان چارسەر بکرێت، بەڵام دەسەڵاتی بەغدا لەو باوەرە دابوو کە لە ماوەیەکی کەم زاڵ دەبێ بەسەر شۆڕشی کورد، بێ ئەوەی لەوە گەیشتبێت کەوا سەرجەم گەلی کورد و کوردستانیان تەنانەت عەرەبەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بەشداری ئەو شۆڕشە بوون. بە قارەمانیەتی پێشمەرگە و جەماوەری کوردستان و شارەزایی و کارامەی سەرکردەی شۆڕش جەنابی بارزانی سەرجەم پیلانەکانی دەسەڵاتدارانی بەغدا پووچەڵ کرایەوە سەرەڕای هاوکاری ئەو کوردانەی خۆیان دابووە پاڵ دەسەڵاتی بەغدا، تا پارتی دیموکراتی کوردستان توانی گەورەترین سەرکەوتن بەدەست بێنێت لە میانەی رێککەوتننامە مێژوەییەکەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠، جگە لە چەندین سەرکەوتنی سەربازی لەسەرجەم بەرەکانی جەنگ و تۆمارکردنی چەندین داستانی کەم وێنە.
پارتی هەر لەسەرەتای دامەزراندنی توانی ببێتە حزبێکی سەرکردە و پێشڕەوی بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد، توانی دۆزی کورد بە جیهان بناسێنێت و تا ئیستاش بەردەوامە لەو سەرکردایەتیە بە ڕابەرایەتی سەرۆک بارزانی، هەموو هەوڵەکانی لە پێش راپەرین و دوای راپەرین چڕ کردۆتەوە بۆ دابینکردن و بەرگری لە مافی گەلی کوردستان.
پارتی هەردەم بە حزبی یەکەم ماوەتەوە و دەبینین ئەمڕۆش حزبی ژمارە یەکە لە سەرتاپای عێراق و زیاتر لە یەک ملیۆن ئەندامی هەیە جگە لە لایەنگران و دۆستان، هەڵبەتە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازە پیرۆزەکەی بارزانی و شارەزایی سەرۆک بارزانی لە دابینکردنی کەشێک لە تەبایی و پێکەوەژیان و برایەتی و هەوڵەکان بۆ بەرقەرار بوونی ئاشتی و تەبایی، بەڵکو پارتی ئەمرۆ سنوری بەزاندووە بۆ حزبێکی نێودەوڵەتی و لەحزبێکی لۆکاڵ بووە بە حزبێک لەسەرانسەری جیهان ئاماژەی پێدەکەن و ڕێزی لێدەگرن و بە خاوەن بڕیاری دروستی دادەنێن، هەر بۆیەش شاندە نێودەوڵەتییەکان سەردانی سەرۆک بارزانی دەکەن، پارتی هەر چەند بکەوێتە تەمەن ئەوەندە گەنجتر دەبێتە و هەموو ساڵ مۆمێکی تەمەنی دادەگیرسێنی نەک بیکوژێنێتەوە چونکە پارتی هەردەم هۆکاری ڕووناکی رێگای سەرکەوتن و ئازادیە.
لە یادی ٧٩ ساڵەی پارتی جەماوەری کوردستان و خۆ نەچەماندن سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنەوێنین سەروەریان بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەردەم لە یاد.