گوهدار شكری ئاكرەیی
ئێمەی مرۆڤ لە بنەڕەتدا لە فەزایەکی زۆر ترسناکدا دەژین، ئەو شوێنەی ئێمەی لە سەر، واتە گۆی زەوی کە لەو فەزایە دایە، بە بەردەوام بە دوو شێوە دەخولێتەوە، جارێک بەدەوری خۆر و، جارێک بەدەوری خۆی. لەگەل ئەوەشدا هەموو ئەو شتانەی بەزیادەوە تیایە بۆ ئەوەی ژیان لەسەری بەردەوام بێت . جگە لە مرۆڤ چەندەها هەزار زیندەورانی تری تیا ژیان بەسەر دەبەن، کە بەهەژمار ناهێنن. بەلام ئەوەی جێی سەرنجە بە بێ جیاواز، چ مرۆڤەکان چ زیندەوه ران بەگشتی، هیچ رێگایەک بۆ دەربازبوونیان لەم هەسارەیە بەسەلامەتی نیە . نموونەش بۆ ئەمە، ئەوەتا هەر کاتێ مرۆڤ چەند (کم) کیلۆمەترێک، لەم گۆی زەوییە دوور ببێتەوە، رووبەڕووی نەمانی بێ هەوایی دەبێتەوە، کە هەلگری گازی ئۆکسجینە، مرۆڤ بە گشتی ناتوانێ چەند چرکەێک زیاتر بێ ئۆکسجین بژیت، ناچار بگەرێتەوە بۆ ئەم بەندیخانە بازنەییە، ئەگەر نا دەخنکێیت. کەواتە مرۆڤ خۆشاردنەوەی بۆ نیە تائەبەد زیندانی لەم گۆی زەویدا . جا ئەوەی پێویستە ئاماژەی پێ بکەین، هیچ باوەڕ مەکە گەردوونێک بەم ئەندازە و داهێنانکاریە لەخۆیەوە دروست ببێت ! حیکمەتی خۆی تیا نەبێت، کەپرە لە یاسا و رێسا و رووداوی سروشتی کە لە ئاستی ئەقلی مرۆڤ زۆر زیاتر بن . هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کە چەندەها کتێبی پیرۆزی ئاینی، بە وەحی بۆ چەندەها پێغەمبەری یەک لەدوای یەکی ناردووە تاوەکوو مرۆڤەکان لەحیکمەتی ئەم بەندیخانە بازنەییە تێبگەن،چوونکە گومانی تیانیە، لای مرۆڤ ئەم گۆی زەوییە زەبەلاحە هەموو شتەکانی جێی سەرنج و تێڕامانن، هەر لەبەر ئەم تێڕامانە یە، بیر کردنەوەکانی مرۆڤی دوو کەرت کردووە، ئەوەتا کەرتێک لە سەرەتای دەستپێکی ژیانەوە، چەندەها لێکۆلەران وفەیلەسوف و زانا و ڕۆشنبیرو کەسانی ئاسایی و هتد…. گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، کە گوایە ئەم سروشتە هەمووی لەخۆیەوە هاتۆتە کایەوە، لەدەسەلاتی هیچ کەسێک دانییە، بەم ئەندازەیە ئەم هەموو هەسارە و گەلەستێرانە دروست بکا! چوونکە ئەندازە کەی لەئاستی ئەقلی مرۆڤ زۆر زیاتر و سەرنج راکێشە، کەرتەکەی تریش هەموو کتێب و راو بۆچوونیان بەپێچەوانەی کەرتی ترن، دانیان بەوە ناوە، ئەم هەموو دروستکراوە خاوەنی خۆی هەیە، تاوەکوو ژیان لە لای مرۆڤەکان روون و ئاسان بێت، لەم تێڕامانە رزگار ببن، باوەڕو توانایەکیان بۆ دروست ببێت، بتوانن خۆیان لەگەل ئەم بەندیخانەیە بازنەییە بگوونجێنن، بگەنە ئەو قەناعەتە، کەوا کۆتایی هەموو مرۆڤێک، لەم بەندیخانە بازنەییە مردنە و بەس، بێ حیکمەت و بێ ئامانجیش نیە، لەهەمانکاتدا دادگایشی لە دوواوە هەبێ ! هەروەک چۆن باوکە( ئادەم) دادگایی کرا بەهەشتی بەرینی لێسەنرایەوە، چونکە سەرپێچی فەرمانی (خوای) گەورەی کرد، لەبەرامبەر ئەم سەرپێچیە، باوکە (ئادەم) ی رەوانەی ئەم سەر زەمینەی ئێستای ئێمە ژیان لەسەری دەگوزەرێنین کە بۆ مرۆڤ شوێنێکی سزایە ! و هەموو ئێمەی مرۆڤیش بووینە قوربانی ئەم سەرپێچییە. جائەوەی ئێمە مەبەستمانە مرۆڤ لەگەڵ ئەم هەموو نەهامەتیە، لەجیاتی ئەوەی مرۆڤ خۆی لەگەل ئەم ژینگەی بەندیخانە بازنەییە هاوڕا بکات، بۆئەوەی لەناو نەچێت لەگەڵ گۆرانکارییەکانی ژینگە کە خۆیان بگۆرن، چوونکە ئەوەمان لەیاد نەچێت، مرۆڤ لەبنەرەتدا توانای گۆڕانی دەورو بەری لەگەڵ خۆیدا هەیە، بۆ ئەوەی هەرچی نەبێت ئەو ماوەیە ژیانەی لەم بەندیخانەیە بەشێوەیەک لەشێوەکانی ئارامی ببەنە سەر. بە پێچەوانەوە لەسەرەتای دەستپێکی ژیانەوە، مرۆڤ لەسەر بنەمای ئایدیا و مەبەست و تێگەیشتنی خۆیان هەلسووکەوتیان لەگەڵ ژینگەی ئەم بەندیخانەیە کردووە، وە ئەوەی جێی ئاماژەیە، خۆیان بەدروست بووی ئەم سرووشتە نەزانی و خۆیان لەگەڵ هاوڕا بکەن. هەروەکوو لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا بەپێچەوانەوە هەموو شتەکانیان لەپێناو نیازو بەرژەوەندیان بووە، لە دەرنجام مرۆڤ بەم بەندیخانەی گۆی زەوییە نەوەستا! بەلکوو هەزاران بەندیخانەیان بەرامبەر بەیەکتر بنیاتنرا، یەکتری تیا بەند بکەن، جا لەپێناو بیرو باوەر، ئایین، مەزهەب، سیاسەت…. هتد، کە لەگەل ئایدیای بەرژەوه ندییەکانی یەکتر ناگووخنجێت، دەرنجام لێدان و بەرکەوتن و شەڕی بەردەوامی لێبکەوێتەوە، ئەوەتا بەم رۆژە رەشەی ئێستا گەیشتین، بەندیخانە لەناو بەندیخانە دروست بکەین.

