فەرهاد قادر قادر
* ئەو پۆلیسەی پاسەوان و چاودێری كەناراوەكانی دەكرد، نەكا كۆچبەرە نایاساییەكان بچنە وڵاتەكەیانەوە، هەركە لاشە ساردوسڕە بێ گیانەكەی ئایلانی كۆرپە ساوای لە كەناراوەكە بینی، فرمێسك لە چاوەكانی هاتنە خوارەوە. چونكە دڵە باشەكەی ئازاری دەدا.
* مێوانەكە نەیهێشت ئەو كەڵەشێرە سەرببڕێ كە لەسەر كۆڵیتەكەی هەڵنیشتبوو، كەوتبووە خەوێكی قوول، لەگەڵ ئەوەشدا خانەخوێ پێداگری لەسەر سەربڕینەكە دەكردەوە، دەزانن بۆ؟ مێوانەكە دڵی باش بوو هەستی بەئارامی كەڵەشێرەكە دەكرد.
* راوچیەكە زۆر هیلاك بوو، ئەو رۆژە هیچی راو نەكردبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەروێشكە دایكانەی بەڕەڵا كرد كە گوانی پڕ ببوو لە شیر، لەبەر خاتری بەچكەكەكانی.
* سەرۆكی شارەوانی ئەو كووچە خانووە بێمۆڵەتەی نەڕووخاند كە لە قەراغ شارەكە دروست كرابوو، كاتێ یەكێك لە مناڵەكانی خاوەنخانووەكەی دیت لە بەر سێبەری دیوارەكە كەوتۆتە خەوێكی قووڵ، دڵی بۆیان سووتا.
* ئەو رۆژە لە پێشبڕكێی پۆلەكانی قوتابخانەدا، قوتابیە گەورەكە كە لە پێشبڕكێی راكردندا زۆر خێرابوو، تۆزێ خۆی گڵخاند، تا وای لێ هات قوتابیە هێواشڕۆیەكەی هاوڕێی بە یەكەم دەرچێ وخەڵاتە بەهادارەكە بەرێتەوە. لەخۆبایی نەبوو، بەڵكو هاوڕێیەكەی خۆش دەویست، نەكا خەمبار بێ.
* سەرۆكی شارەوانی ئەو دارەی نەبڕیەوە كە هێلانەی دوو چۆلەكەپاساریەكەی بەسەرەوە بوو، كەوتبووە ناوەڕاستی ئەو دووسایدەی بڕیار بوو لە ناوەندی شار دروست بكرێت، دەزانن بۆ؟ چونكە مرۆڤە، مرۆڤیش دڵی هەیە.
* سەد پەڕە كاغەز بەسەر قوتابیانی دوا قۆناغی زانكۆ دابەش كرا كە لەسەری نووسرابوو: (دڵباشی، مرۆڤەكان بەختەوەر دەكات)، داوایان لێ كرابوو وەڵامەكانیان تەنها بە وشەی (هاوڕام لەگەڵت) یان (لەگەڵتدا نیم) بێت. دوای چەند چركەیەك بە كۆی دەنگ (هاوڕام لەگەڵت)یان هەڵبژارد، لەبەر ئەوەی هەموو ئەوانەی بەشدارییان تیا كردبوو دڵیان باش بوو.
* لە گۆشەیەكی گۆڕەپانی قوتابخانە لەسەر سەكۆیەك خۆی وێك هێنابۆوە خەریك بوو ئەو لەفەیە بخوات كە دایكی بۆی لەنێو جانتاكەی دانابوو، تا لە دەرفەتێکی نێوان دەرسەكاندا بیخوات. لەپڕێكا سەری هەڵبڕی لە دوورەوە ئەو قوتابیە بێباوكەی بینی كە چەند رۆژێك لەوەوبەر، باوکی لە شەڕی دژمنبەزێندا شەهید کەوتبوو؛ ئەویش بۆی تەواو نەكرا و كردی بە دوو كەرتی یەكسانەوە و، بەیەكەوە خواردیان، دەزانن بۆ؟ چونكە مرۆڤێكە دڵی باشە، مرۆڤە دڵباشەكانیش هەست بە دڵی بێنەوایان دەكەن.
* لە پشتەوەی ئۆتومبێلە بارهەڵگرەكەی نووسراوە: گواستنەوەی بار بەخۆڕاییە بۆ ئەوانەی پێویستیان پێیەتی و توانایان نییە! ئەوەیە كە دەڵێن: بەخشندەیی بە گیرفان نییە، بەڵكو بە دڵە باشەكەیەتی.
* ئەو رۆژە راوچییەكە هیچ باڵندەیەكی بە تۆڕە نوێیەكە بۆ راو نەكرا، چونكە تۆڕەكە دڵی باش بوو هەموو ئەو باڵندانەی ئاگادار دەكردەوە كە لێی نزیك دەبوونەوە، بەر لەوەی بكەونە داوەوە.
* لە پشووی نێوان دەرسەكان لەهاوپۆلەكانی پرسی: بۆچی ئێمە دڵمان باش بێ؟ هەموویان بە سەرسوڕمان و تاجبەوە نیگایەكی ئەویان دا، وەك ئەوەی ئەمە نە پرسیاری دەوێ و نە دەمەتەقێ هەڵدەگرێ. ئەویش بۆ ئەوەی ئەو گومانە بڕەوێنێتەوە و ئەو ئاوە مەندە بجووڵێنێ، رووی تێكردن و گوتی: گەر یەكێكتان هەوڵی دا كەسێكی ئاڵوودەی كارە خراپەكانی بانگهێشت بكات بۆ وازهێنان لە كارە خراپەكانی، كابرای بانگهێشتكراو لێی پرسی: بۆچی ئەو كارانەی خۆم كە تۆ پێت خراپە جێ بهێڵم و بێمە سەر قسەكانی تۆ؟ ئێوە چی دەڵێن و وەڵامتان چییە؟ هەموویان بێدەنگ بوون تەنها یەكێكیان نەبێ، گوتی: ئێمە مرۆڤین. مرۆڤیش دڵی هەیە، ئەو دڵەش قەت داناسەكنێ كە دەبینێ گیانێك لەئازاردایە!
* ئەو رۆژە بەڕێوبەری قوتابخانە زۆر توڕە بوو كە هەندێ لە قوتابیانی قوتابخانەكەی دواكەوتبوون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو قوتابیە ژیكەڵەیەی سزا نەدا كە بەهەڵەداوان جانتاكەی بەدوای خۆیەوە دەكێشا و، جارجار دەكەوت و هەڵدەسایەوە.
* منداڵەكە زۆر برسی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كێكە بە كرێمەی بەتەنها بۆ نەخورا كە بە پارەی رۆژانەكەی كڕیبووی، كاتێ منداڵە هەژارێكی بینی لە برسانا دەستی بە سكیەوە گرتووە. بۆیە كردی بە دوو كەرتی یەكسانەوە و بەیەكەوە خواردیان، دەزانن بۆ؟ چونكە دڵی باش بوو، مرۆڤە دڵباشەكانیش هەست بە دڵی بێنەوایان دەكەن.
***

