رۆژنامەی ھەولێر

بەرەو ڕێزگرتن لە گەنجانی کوردستان

عارف ڕوشدی
لە ڕۆژی (١٦ی ئاب) و لە بۆنەی (٧٩)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، پارتی کوردایەتی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستاندا، لە سنووری لقەکانی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای دهۆک، لەپێناو ئاسوودەکردنی پۆلێک لە گەنجە خۆشەویستەکان و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دارایی و ڕێزگرتن و پێویستی هاوکاریکردنیان، زەماوەندی بە کۆمەڵ بۆ (٤٥٠) کچ و کوڕی ناوچەکە ساز دەدرێت. بۆ هەر بووک و زاوایەک (١٠) ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان کراوە، (٥) ملیۆن پێشەکی و (٥) ملیۆن لە ڕۆژی شاییەکەیاندا پێشکەشیان دەکرێت، هەروەها تەواوی تێچووی زەماوەندەکە لقەکان لە ئەستۆی دەگرن. شایانی باسە دەستنیشانکردنی گەنجەکان دوورە لە پەیوەندی سیاسی، حزبی و نەتەوەیی و ئاینی، بەڵکو بە بێ جیاکاری و لە ڕێگای تیروپشکەوە ناویان تۆمار کراوە، بێجگە لە کچ و کوڕی شەهیدە سەربەرزەکانمان هەڵاوێرکراون لەو پێشبڕکێیەدا.
ئەم کردەوەیە بەشێکە لە بەرنامەی کۆمەڵایەتی پارتی و بەپێی دەرفەت و توانا لە زۆربەی بۆنە و هەڵکەوتە نیشتمانییەکاندا وەکو ئەرکێک جێبەجێ کراوە، چونکە: خواستێکی بنەڕەتی پارتی بریتییە لە پشتیوانیکردن و خۆشگوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی (چینوتوێژە کەمدەرامەتەکان)، ئەوەندەی زانیاریم هەبێت، ئەم فیستیڤاڵە کۆمەڵایەتییە ساڵانە بەردەوامی دەبێت.
گەرمترین پیرۆزبایی لەو گەنجانە دەکەین کە لەم بۆنە پیرۆزەدا بەیەکتر شاد دەبنەوە و ئومێدی ژیانێکی هێمن و سەرفرازنەیان بۆ دەخوازین.