ئازاد عەبدولواحید
* لەوەتەی خەریكی دەركردنی گۆڤاری (ڕامان)ین، هەوڵمان داوە لە ماوەی پتر لەو بیست و هەشت ساڵەی كاركردنی لێبڕاوانەماندا، كۆمەڵێك داوونەریت و پرەنسیپ پەیڕەو بكەین، تا بتوانین لە ڕەنگڕشتنی هەندێک لەو داوونەریتە ئەرێنیانەی دنیای ڕۆژنامەوانیدا، بەشدارێكی بەرچاو و كارا بین. گومانی تێدا نییە كە دەبێ هەر بڵاوكراوەیەك، گۆڤارێك، ڕۆژنامەیەك ڕێچكە و ڕێباز و ڕێڕەوی كاركردنی خۆی بگرێتەبەر و ئەو ڕێچكە و ڕێبازە تایبەتەی هەبێ، ئەگەر ڕێبازێکی سەربەخۆی تایبەت بە خۆی نەبێ، ئەوە بە نەنگی و عەیبەیەكی گەورەی ئەو بڵاوكراوەیە دادەنرێ، بۆیەش وا دەڵێم، چونكە لەو سەردەمەماندا زۆر گۆڤار و بڵاڤۆك و ڕۆژنامە بەرچاو دەكەون، كە ئەو ڕێچكە و ڕێباز و تایبەتمەندییانەی پێویستن بۆ ناسینەوە و جیاكردنەوەیان لەوانی دی، لەبەرچاو نەگیراون. لێرەدا ئێمە تەنێ لەسەر دیاردەیەك دەوەستین، كە دەمێكە بەدەستییەوە گیرۆدە و هیلاكین، لەبەر ئەوەی چەندی هەوڵمان داوە ڕێگەی لێ بگرین، بەڵام تا ئێستا بێ سوود و ئاكام ماوەتەوە.
* ئەوە قسەی ناوێ، دیاردەی كرێت و كەموكووڕی زۆر لەناو بزاڤی ڕۆژنامەگەریی كوردیدا هەن، كە بەزەقی بە سیما و تەوێڵییەوە نووساون و بە ئامان و زەمان لێی نابنەوە، كە ئێرە شوێنی باسكردنیان نییە، بۆیە لێرەدا هەر تەنیا لەسەر ئەو دیاردەیە دەگیرسێینەوە و قسەی لەبارەوە دەكەین، ئەو دیاردەیەش دووبارە و سێ بارە و چەند بارە بڵاوكردنەوەی بابەتێكە، كە لە پتر لە كەناڵێكی بڵاوكردنەوە و ڕۆژنامەگەریدا خۆی دەدۆزیتەوە، لەم كارەشیاندا نووسەرەكانیان، دەقنووسەكانیان وا تێ دەگەن ئەوەی ئەوان نووسیویانە و دەینووسن، نووسین و دەق نییە، بگرە وەك ڕیكلام (ئیعلانات) تەماشای كارەكەی خۆیان دەكەن، بۆیە دەیانەوێ ئەو دەق و نووسینانەی خۆیان (ببوورن ئەو ڕیكلامە)، لە زۆرترین گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆك و سایتدا بڵاو بكەنەوە، بە حیسابی خۆیان بەم كارەیان دەیانەوێ زۆرترین خوێنەر، ئەو نووسین و دەقانەیان ببینن و بخوێننەوە.
* ئەوانەی ئەو كارە دەكەن، هەر لە یەكەم ساتی تەواوبوونی نووسین و دەقەكانیان، ئەگەر تایپ بزانن و ئینتەرنێت بەكاربهێنن، ئەوە یەكسەر كلیكی دەكەن و بۆ كۆمەڵێك شوێنی دەنێرن، بەلایانەوە وایە كە لە هەر كوێ بڵاو بكرێتەوە، ئەوە بۆ ئەوان قازانجە. زۆرجاران لەبەر ئەوەی دوو بڵاوكراوە ئاگایان لە یەكدی نییە، نووسین، یان دەقەكە لەیەك كاتدا، یان لە کاتێکی نزیک لە یەکتر بڵاو دەكرێنەوە، لە كاتێكدا پێویستە ئەو نووسەرە، یان ئەو دەقنووسە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نووسینەكەی، دەقەكەی لە شوێنێكدا، هەر زوو ئەو گۆڤار و بڵاوكراوەیەی دیكەی لێ ئاگادار بكاتەوە كە بابەتەكەی بۆ ناردوون، تاكوو ئەوان لەلای خۆیانەوە ڕایبگرن و جارێكی دی بڵاوی نەكەنەوە. ئەو كەسانە نەك هەر ئەوە ناكەن، بگرە دووجار و سێ جار بڵاوبوونەوەكەیان زۆر پێخۆشە، هەر ئەوەشە هانیان دەدا ئەم جارەیان بۆ چەند شوێنێكی دیكەشی بنێرن. جاران دەگوترا ئەوە بۆ پاداشت و خەڵاتەكەی (چەلاوەكەی) ئەمەیان كردووە، ئێستا كە خەڵات نەماوە، یان لە باشترین حاڵەتدا لە هەندێ شوێن هەیە و كەم بووەتەوە، باوەڕ ناكەم بۆ ئەو پاداشتە كەمە ئەمە بكرێ، پێم وایە ئەوەیان زیاتر پێداگرتن و سووربوونیانە لەسەر بڵاوكردنەوەی (ناو) و (شۆرەت)ی خۆیان، واتە زۆرتر لەبەر عاشقبوونی ناو و شۆرەت و ناوبانگی خۆیان ئەوە دەكەن، پتر لەوەی دەروەستی خەڵات و بەراتەكە بن.
* سەرەتا كە هێشتا ئینتەرنێت دانەهاتبوو، هەندێ لەو نووسەر و دەقنووسانە لەگەڵ بڵاوكراوە كولتووری و ئەدەبییەكاندا خەریكی ئەو ڕاوەڕێوی و یاری پشیلە و مشكە بوون، ئەوانە ئەوسا پێیان وابوو، ئەگەر نووسین و دەقەكانیان لە بڵاڤۆك، گۆڤار، ڕۆژنامەیەكی هەندەراندا بڵاوكرایەوە، ئیدی كەس ئەو بابەت و دەقانەیانی نەدیوە و نایبینێ. ئێمە كە زۆربەی هەرە زۆری جارەكان بەهۆی ئەوەی هەموو ئەو گۆڤار و بڵاڤۆكە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییانەمان پەیدا دەكردن و چاومان پێدا دەخشاندن، زۆر كەم بڵاوبوونەوەی ئەو نووسین و دەقانەمان بەسەردا تێدەپەڕین، هەر كاتێكیش (ئەگەر) بە قەزاوقەدەر دانەیەكمان بەسەردا تێپەڕیبایە، ئەوە خوێنەران و نووسەران، ئەوسا (فاكس) هەبوو، بە فاكس، بە تەلەفۆن، یان بە بینینی ڕاستەوخۆ، ئێمەیان لە دووبارە بڵاوكردنەوەی ئەو دەق و بابەتە ئاگادار دەكردەوە، بەڵام ئەمڕۆ كە بڵاوكراوە و گۆڤاری زۆر و زەوەندی كولتووری و ئەدەبی لەبەر دەستن، بێجگە لە سایتی زۆر، هەر نووسەرە و واڵی تایبەتی خۆشی هەیە، ئەوانە زۆربەیان پێیان وایە لەبەر زۆری كەناڵ و مینبەری (بڵاوكردنەوە)، كەس ئاگای لەو سایتانە نییە کە بۆ ئەدەبیات و كولتوور تەرخان كراون، یان کەس ئاگای لە واڵی كەسیی ئەوان و گۆڤار و ڕۆژنامەكانی تایبەت بە كولتوور و ئەدەبیات و هونەر نییە و ناپەرژێنە سەر خوێندنەوە و بینینی ئەو حەمكە گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆكانە، بۆیە ئەمە دەكەن، وا دەزانن سووك و باریك ئەم كارەیان بەسەردا تێدەپەڕێ.
* ئێمە ئەوسا كە بەوەمان دەزانی، هەر هێندەمان پێ دەكرا گلەیی و سەرزەنشتێكی دۆستانە لەو نووسەر و دەقنووسانە بکەین، كە بەلانی كەمەوە نابێ ئەوە لەگەڵ گۆڤاری (ڕامان)دا بكەن و دووبارەی بكەنەوە، چونكە پێشتر هەمووانمان لەوە ئاگادار كردبووەوە كە بابەتی بڵاوكراوەی خۆیان بۆمان نەنێرن، بۆیە كە ئەوان لەو قسەیەمان بێباك بوون و گوێیان پێ نەدەدا، لەلای ئێمە ئەگەر بە قەزاوقەدەر دانەیەكمان بەسەردا تێپەڕیبایە، ئەوەی لە دەستمان دەهات تەنیا ئەوەبوو بۆ ماوەی ساڵێك، دوو ساڵ وەك سزادانێكی ئەو نووسەر و دەقنووسە، بەرهەم و بابەتەكانمان ڕادەگرتن و بۆمان بڵاونەدەكردنەوە، لە كاتێكدا ئەگەر گۆڤار و بڵاڤۆكەكانی دیكەش لەگەڵمان هاوڕا و هاوكاربوونایە، ئەوە لەو باوەڕەدا بووم ئەو نووسەرانە پێداگرییان لەسەر ئەو كارەیان نەدەكرد و ئەوەیان دووبارە نەدەكردەوە. قەباحەتی گەورەش لەو كاتەوە دەستی پێكرد كە ئینتەرنێت داهات و بێ ئیزن خواستن خۆی بە هەموو ماڵێكدا كرد و كەوتە دەستی هەموو كەسێك، لەناو ئەوانەشدا كەوتە بەردەستی نووسەرانیش، كە بەداخەوە هەندێکیان زۆر خەراپ كەوتنە بەكارهێنان و مامەڵەكردن لەگەڵی، بۆیە مەیدانی تەراتێن و ڕاوەڕێوییەكە لەگەڵ گۆڤار و ڕۆژنامە و سایت و ئەکاونت و بڵاڤۆكەكان زۆر لە جاران زیاتر و بەرفراوانتر بوو.
* ئێمە هەر لە سەرەتاوە سەرجەم نووسەران و دەقنووسەکانمان ئاگادار كردووەتەوە و تكامان لێ كردوون كە بابەتی بڵاوكراوەی خۆیانمان بۆ نەنێرن، تەنانەت ئەگەر بڵاوكردنەوەكە پەرەگرافێکی نووسینەکەیان، یان کۆپلەیەک، دوو کۆپلەی شیعرەکانیشیان بێ، چ لە واڵی تایبەتی خۆیان، یان لە سایتێكی دیكەدا بڵاو كرابێتنەوە، چونکە خەڵكانێكی زۆر بینیویانن، ئیدی پێویست ناكات جارێكی دی ئێمە بڵاویان بكەینەوە، باوەڕتان بێ ئێمە تا ڕادەی خۆ ڕەزا قورس كردن ئەو داوایەمان لێیان دووبارە و دە بارە كردووەتەوە، پێمان وتوون ئێمە پەكمان لەسەر (وەرگێڕان) و (بابەت) و (نووسین)ی بڵاوكراوە نەكەوتووە، تەنانەت بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین لەسەر ڕێچكە (نهج) و ڕێبازی گۆڤارەكەماندا دەڕۆین و بەسەر ڕاگرتنی لەنگەری ئەو ڕێبازەماندا زاڵین، بەردەوام بابەتی (3) ژمارەمان ئامادەیە بۆ چاپ كردن، كەچی هەیە گوێ بەوە نادا و بەردەوام گرفتی ناردنی بابەت و نووسینی بڵاوكراوەی ناو ئینتەرنێت و ئەكاونتی خۆی و ئەم لا و ئەو لامان ڕووبەڕوو دەكاتەوە، ئەمەش هۆكارە سەرەكییەكەی ئەوەیە، ڕەنگە ئەمڕۆ وەك جاران پێ ڕانەگەین بەردەوام هەموو سایتەكان و واڵی نووسەرەكان بەسەر بكەینەوە و لەوە ئاگادار بین نووسین و دەقەكانیان لە كوێ و لە كوێ بڵاو دەكەنەوە، بۆیە بەهۆی ڕەتكردنەوە و دەست بە ڕوو وەنانی نووسین و دەقی ئەوانەی پێشتر ویستوویانە دووبارە، یان سێ بارە بابەتەكانیان بۆ بڵاوبكەینەوە، كاتێ یەكێك لەو نووسینە بڵاوكراوانەی ناو بڵاڤۆكێك، گۆڤارێك، ئەکاونتێک، یان سایتێك بەسەرماندا تێدەپەڕێ، یەكسەر لەلایەن چەندان كەسەوە ئاگادار دەكرێینەوە، كە بۆچی كاتی خۆی بابەتەكەی ئەوانمان، لەبەر بڵاوبوونەوەی لە واڵی تایبەتی خۆیان، یان لە سایتێكدا، یان لە بڵاڤۆكێكدا ڕەت كردووەتەوە، كەچی نووسین، یان دەقی فڵان شاعیر و چیرۆكنووس، كە پێشتر لە فڵان شوێندا بڵاوكراوەتەوە، دووبارە لەلامان چاپ و بڵاوكراوەتەوە؟
* ئەو پێڕەو و ڕێبازەی كە لەلای ئێمەدا هەیە، زۆر بە دەگمەن لە بڵاوكراوە و گۆڤاری دیكەدا هەن، تەنانەت هەندێ جار لە ڕۆژنامەیەكدا، لەبەر ئەوەی هەر كەسەو خەریكی ئامادەكردنی لاپەڕەکەی خۆیەتی و ئاگای لە ئیشی لاپەڕەكانی دیكە نییە، بۆیە بینیومە دوو نووسینی جیاوازی نووسەرێك، لە دوو لاپەڕەی هەمان ژمارەی ئەو ڕۆژەی ڕۆژنامەكەدا بڵاوكراوەتەوە، یان جار هەبووە نووسینێك لە دوو لاپەڕەی هەمان بڵاوكراوەدا بڵاوكراونەتەوە. ئەو گۆڤار و ڕۆژنامانە ئارەزووی خۆیانە چۆن كار دەكەن، یان لەبەر گورگەلۆقە و تەقەڵ درشتی چۆن ئەمەیان بەسەردا تێدەپەڕێ و لە سەنگینی بڵاوكراوەكەیان كەم دەكەنەوە، ئەوە ئەگەر لەلای گۆڤار و ڕۆژنامەی دیكە، لەبەر نەبوونی بابەت و بەرهەمی چاك، گوێ نەدەنە پرەنسیپی دووبارە بڵاوكردنەوەی بابەت، كە جاری وا هەیە لە ناو سایتەكانیش، بەبێ ئاگاداری نووسەرەكەی بابەت ڕادەكێشن و بڵاو دەكەنەوە، یان بۆ پڕكردنەوەی لاپەڕەكانیان ئەمەیان كردووە بە نەریت – عادەت، هەندێ جاریش لە دووتوێی كتێبی نووسەرانیشەوە بابەت وەردەگرن، ئەوەشیان بەلاوە ڕەوا و ئاسایییە، بەڵام ئەو جۆرە كارانە لەلای ئێمە و لە گۆڤاری (ڕامان)دا، هەرگیز ڕەوا و ئاسایی نین، بۆیە ناكرێ لەو كاتەدا كە چەندان نووسەر و ئەدیب و ڕۆژنامەنووس و هونەرمەند چاوەڕێی بڵاوكردنەوەی نووسین و دەقەكانیان دەكەن، كەچی ئێمە بە بڵاوكردنەوەی نووسین و دەقی دووبارە و سێ بارە بڵاوكراوەوە سەرقاڵ بكرێین.
* ئەگەر مەبەستی نووسەران و ئەدیبان لە بڵاوكردنەوەی چەند جارەی نووسین و دەقەكانیان خوێندنەوەی زیاتر و زۆرتركردنی ژمارەی خوێنەرەکانیانە، ئەوە باوەڕ ناكەم گۆڤارێكی كولتووری و ئەدەبی لە كوردستان (بە هەر چوار پارچەكەیەوە)، یان لە ئەوروپا هەبێ، بەقەدەر گۆڤاری ڕامان خوێنەری هەبێت، بە تایبەتی لە ئینتەرنێتدا، كە گۆڤارێكە بێجگە لە سایتەكەی خۆی، كە خوێنەران زۆر لێی ڕازین و بە ئاسانی دەكرێتەوە و دێتە بەردەست و چاویان، مانگانە بە هەزاران خوێنەر لە هەموو پارچەكانی كوردستان و ئەوروپا و ئەمریكا و ئوسترالیا سەردانی دەكەن، باوەڕیش ناكەم كەس لە شوێنێكی دی هەبێ، بابەت و نووسینی نووسەران و دەقی شاعیران و چیرۆكنووسەكان وەك ئێمە بە وردی و بە ئەمانەت و بەڕێكوپێكی و جوانی بڵاوبكاتەوە، چونكە وەک نووسینی خۆمان، بە چاوی خۆشەویستییەوە كار لەسەر نووسین و دەقەكانیان دەكەین، قەت لەو باوەڕەدا نیم نووسەر و دەقنووسەكانیش ئەوها لەگەڵ نووسین و بەرهەمی خۆیان ورد و بەپەرۆش بن.
* لێرەدا بە پێویستمان زانی جارێكی دیكە لە ڕێگەی ئەو نووسینەوە، خوشك و برا نووسەر و دەقنووس و وەڕگێڕەكانمان ئاگادار بكەینەوە، كە بابەتی (بڵاوكراوە) لە هەر كوێ بڵاوكرابێتەوە، بۆ ئێمە ڕەوانە نەكەن، چونكە سەرلەنوێ لەلای ئێمە بڵاو ناكرێنەوە، دەبێ بزانن تەنیا لە یەك حاڵەتدا نووسین لە گۆڤار و بڵاوكراوەكاندا دووبارە بڵاودەكرێتەوە، ئەویش لەو كاتانەدایە كە نووسینەكە (تێكەڵوپێكەڵ) كرابێ، یان هەڵەی زۆری تێدا بووبێ، ئەمەش بەهۆی تێكەڵبوونی ستوونەكان، یان هەڵەی زۆری چاپ، یان شێواندن و تێكەڵبوونی ناوونیشانەكان، یان دەستكاری و كورت كردنەوەوە ئەمە ڕووی دابێ، بە شایەدی هەموو لایەكیش، شوكرانەی دەوێ، هیچ حاڵەتێكی لەو جۆرە لەلای ئێمەدا ڕووی نەداوە و ناهێڵین ڕوو بدات، بۆیە بە مافی خۆمانی دەزانین هەر كەسێ دەست لەو خووخدە خراپە هەڵنەگرێ، ئەوە نووسینەكانی لەلای ئێمە پشتگوێ دەخرێن، تەنانەت ئەو نووسینانەشی كە پێشتر لە هیچ شوێنێكدا بڵاونەكراونەتەوە، ئەوە لەلای ئێمەدا بڵاوناكرێنەوە.
* هەندێك جار نووسین و لێكۆڵینەوە و ڕەخنە كە لە گۆڤارێك، یان بڵاوكراوەیەكی دوورە دەست بڵاوكراونەتەوە، ئەو گۆڤارە، یان بڵاوكراوەیە ژمارەی كەمی لێ چاپ و بڵاوكرابێتەوە و لە سنوورێكی زۆر بەرتەسك و سنووردار خوێنرابێتەوە و بینرابێ، واتە لە (50) تا (100) دانەی لێ چاپ كرابێ و کاتێکی زۆری بەسەردا تێپەڕیبێ و بەشی زۆری خوێنەران نەیاندیبێ، كاتێ بابەتێكی ئەو گۆڤارەمان بۆ ڕەوانە كراوە و ئێمە مەبەستمان بووە و بە پێویستمان زانیوە هەندێك لەو لێكۆڵینەوە و نووسینانە بڵاوبكەینەوە، بەبێ دوودڵی ئەوەمان كردووە، ئەوەش بە ڕێكەوتن لەگەڵ ئێمە، نەک تەنیا بە حەزی ئەوان بووبێ. ئەو نووسەرانەی بۆ ڕامان دەنووسن و مامەڵەی لەتەكدا دەكەن، دەبێ نەختێ لەگەڵمان پشوودرێژ بن، بە تایبەتی پشوودرێژی لەگەڵ گۆڤارێكی مانگانە كە سوورە لەسەر پاراستنی (ڕێباز) و ڕێچكەی خۆی، دەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرنووسەرەكەی بكرێ تا دەق و نووسینەكانیان بڵاو دەبنەوە، دوای بڵاوبوونەوەی نووسین و دەقەكان، ئەوسا نووسەر و دەقنووسەكان ئازادن لە كوێی دیكەدا بابەت و نووسین و دەقەكەی خۆیان بڵاو دەكەنەوە. ڕاستییەكەی ئەم دیاردە و كارە كرێتە كە تا ئێستا زۆر ماندوومانی كردووە، چونكە نووسین ئەگەر تایپ كرابوو، ئەوە لەلای ئێمەدا بە (4) قۆناغی دیكەدا تێدەپەڕێ، ئەگەر تایپیش نەكرابوو، ئەوە بە (5) قۆناغدا تێدەپەڕێ، بۆیە زۆر ناخۆشە لە دوای ئەو هەموو ماندووبوون و وردەكارییەی دەیكەین، پێ بزانین لە شوێنێكی دیكەدا بڵاوكراوەتەوە، ئەوكاتە خۆمان بە ڕەنج بە خەسار دەزانین. باوەڕ بكەن جاری وا هەبووە كاتێ بەمەمان زانیوە، چووینەتە چاپخانە پلێتمان گۆڕیوە و نووسینە دووبارە بڵاوكراوەكەمان دەرهێناوە و نووسین و دەقێكی دیكەمان لە شوێنەکەی داناوە، كە ئەمە زیانی ماددیشی پێ گەیاندووین. ئازیزانم دواجار دەڵێم ئێمە بڵاوكراوەی سەر دیواری قوتابخانە دەرناكەین، تا دوای ناردنی بابەتەكەتان یەكسەر و ژمارەی دواتر بڵاوی بكەینەوە، بۆیە پێویستە دوای پەسەندكردنی بابەتەكانتان لەگەڵماندا پشوودرێژبن و چاوەڕێ بن، چونكە پێش ئێوە كەسانی دی بابەتیان ناردووە و ئەوانیش نۆرەیان گرتووە و چاوەڕێی بڵاوكردنەوەی بابەتەکانیانن.

