خوسرەو جاف
ده‌رباره‌ی ئه‌و خانمه زۆر نووسراوه، سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه هه‌قی خۆی پێ نه‌دراوه، سا به‌ئه‌نقه‌ست بووه، یان نه‌زانین. باوه‌ڕ بكه‌ن له ڕووی ده‌مارگرژی جافایه‌تییه‌وه ئه‌م بابه‌ته‌م نه‌نووسیوه، له بنه‌ماشدا باوه‌ڕم به‌و خولیا و بۆچوونانه نه هه‌بووه و نه هه‌یه.
بیری لێ بكه‌ره‌وه، له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ژنێكی كورد پا له‌سه‌ر پا داده‌نێت و له‌گه‌ڵ ژه‌نراڵەکانی به‌ریتانیای عوزمادا داده‌نیشێت و گفتوگۆ ده‌كات و قسه‌شی بیسراو بووه. ئه‌وه هه‌ر به ده‌م خۆشه، ئه‌و سه‌رده‌مانه ده‌سته‌ڵاتی به‌ریتانیا هه‌تاو به‌سه‌ر وڵاتانی ژێرده‌سته‌یدا ئاوا نه‌ده‌بوو. به‌نده به‌ركوڵانه ئه‌م باسه‌م ده‌رباره‌ی بڵاو ده‌كه‌مه‌وه. ئێستایش ئه‌وه‌نده به‌ڵگه و دیكۆمێنتی باوه‌ڕپێكراوی نێوده‌وڵه‌تیم له‌م ڕووه‌وه به لاوه‌یه له داهاتوویه‌كی نزیكدا ده‌یكه‌مه كتاوێكی پڕ له به‌ڵگه‌ی شایسته و لێهاتوویی ئه‌و خانمه. به‌ڵام له‌م باسه‌یدا تێكه‌ڵه‌یه‌ك له “عادیله خانم” ده‌دوم تا تۆزه‌كێك ژیانی وه‌بیر خوێنه‌ران بهێنمه‌وه كه چ لێهاتوویه‌ك بووه.
كاتێك حه‌مه پاشای جاف ناكۆكیی ده‌كه‌وێته نێوانیه‌وه له‌گه‌ڵ حه‌مه پاشای بابان‌دا له‌گه‌ڵ هۆزه‌كانی جاف‌دا به‌ره‌و ئێرانی سه‌رده‌می ناسرەدین شای قەجەر كۆچ ده‌كه‌ن و له‌وێڕا ده‌گه‌نه خزمه‌تی ئه‌و شایه و گه‌لێك ڕێزی لێ ده‌گرێت و نازناوی خانی پێ ده‌به‌خشێت و فه‌رمانی فه‌رمانڕه‌وایەتیی جوانڕۆ و سه‌لاسی باوه‌جانی و زه‌هاوی پێ ده‌به‌خشێت و عوسمان به‌گی كوڕیشی ده‌كاته قایمقامی جوانڕۆ. ئه‌م عوسمان به‌گه له دواییدا نازناوی پاشایه‌تی له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه پێ دراوه و عوسمان به‌گی كوڕی حه‌مه پاشای جاف ده‌كه‌وێته كه‌ڵكه‌ڵه‌ی ژنهێنانی دووهه‌مه‌وه و ناوباوی كچێكی پێگه‌یشتووی خوێنده‌واری بنه‌ماڵه ساحیبقرانه‌كان بووه. تا به ئێستا نه‌زانراوه بازنه‌ی په‌یوه‌ندی عوسمان به‌گی جاف له‌گه‌ڵ ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌دا له چ ڕێگه‌یه‌كه‌وه بووه. وا دیاره ئه‌و كچه عادیله خانمی ناو بووه، به چاكی زانیوه له دووریشه‌وه بووه ئه‌و پیاوه ببینێت وا داوای كردووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی عوسمان به‌گ له ڕووی ڕوخساره‌وه پیاوێكی جوان نه‌بووه، كه‌سێكی تر نیشانی عادیله خانم ده‌درێت، گوایه ئه‌وه عوسمان به‌گی جافه.
به‌هه‌رحاڵ، ڕێوڕه‌سمی داخوازی و ماره‌بڕین ده‌کرێت. با ئاماژه‌ش به‌و خاڵه‌ی بكه‌م، كه له‌و سه‌رده‌مه‌دا بنه‌ماڵه ناسراوه‌كان مامۆستای زمانی فه‌ره‌نسییان بۆ منداڵه‌كانیان دابین كردووه. زمانی دڵخوازی بێگانه له‌و زه‌مانه‌یدا فه‌ره‌نسایی بووه له‌ناو بنه‌ماڵه ناسراوه‌كانی ئێران‌دا. له دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه ورده‌ورده زمانی ئینگلیزی فێربوون په‌ره‌ی سه‌ندووه و بووه به زمانی بێگانه‌یی یه‌كه‌م، به‌لای بنه‌ماڵه ئیرانییه‌كانه‌وه. عادیله خانم جگه له زمانی فه‌ره‌نسی، زمانی ئینگلیزی به ئه‌ندازه‌ی ته‌فاهوم زانیوه. ده‌مه‌وێ ئه‌وه ڕوون بكه‌مه‌وه كوڕه گه‌وره‌ی حه‌مه پاشای جاف مه‌حموود به‌گ بووه، كه وه‌ك برا گه‌وره‌ی عوسمان به‌گ وابووه، به شێوه‌یه‌كی وابووه تا مه‌حموود به‌گی برا گه‌وره نه‌یوتبا عوسمان به‌گ دانیشه، ئه‌وه له حزووری دانه‌نیشتووه. له‌و ناكۆكییه‌ی نێوان محه‌مه‌د پاشای جاف و ئه‌حمه‌د پاشای بابانه‌یدا مه‌حموود به‌گی كوڕه گه‌وره‌ی حه‌مه پاشا له‌گه‌ڵ باوكی‌دا نه‌ڕۆیشتووه بۆ ئێران و زۆرتر هه‌ر له شاری به‌غدادا ماوه‌ته‌وه.
وه‌ك زانراوه عوسمان به‌گ له مێژدا ژنێكی تری هه‌بووه به ناوی مه‌نیژ خانمی كچی خوشكی جه‌عفه‌ر سوڵتانی هه‌ورامی بووه. ئیتر عوسمان پاشا ده‌بێته خاوه‌نی دوو كوڕ مه‌جید به‌گ و حه‌مه‌سه‌عید به‌گ، دوو كچیش به ناوی فاتمه خانم و ئایشه خانم. دوای سێ ساڵ مانه‌وه‌ی حه‌مه پاشای جاف له ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خاكی عێراق. عادیله خانم كه ژنی دووهه‌می عوسمان پاشای جاف بووه سه‌رجه‌م له‌و زه‌واجه پێنج منداڵی ده‌بێت:
یه‌كه‌م: تاهیر به‌گ شاعیری به‌ناوبانگی كورد 1878ـی زایینی؛
دووه‌م: عێزه‌ت به‌گ 1844ـی زایینی؛
سێهه‌م: ئه‌حمه‌د موختاربه‌گی جاف شاعیری شیعری نه‌ته‌وایه‌تی، 1898ـی زایینی.
سێ كچیشی بووە:
– ناهی خانم
– سه‌بیحه خانم.
– ڕه‌عنا خانم.
ئه‌م خانمه هۆشیاره زانا و لێهاتووه هه‌ر ئه‌وه‌نده له‌ناو خێزانی به‌گزاده و جاف‌دا جێگیر ده‌بی، به‌نهێنی و له دواییدا به ئاشكرا ده‌بێته هۆكاری تێكچوونی نێوان مه‌حموود پاشا و عوسمان پاشای مێردی. . . ته‌واوی زانینی لێهاتوویی خۆی به‌كار بردووه بۆ كه‌مكردنه‌وه پێگه‌ی مه‌حموود پاشا و به‌رزكردنه‌وه پێگه‌ی عوسمان پاشای مێردی. یه‌كێك له‌و ته‌قه‌لایانه‌ی باس ده‌كه‌م نامه‌ی ناسرودین شای قەجەر فه‌رمانڕوای ڕۆژئاوای ئێران بووه. عادیله خانم، عوسمان پاشا ڕازی ده‌كات كه پێكه‌وه بڕۆن بۆ كرماشانی ناوه‌ندی ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌وه. وه‌ك دیاری چوار ئه‌سپی جافی و كیسه‌یه‌ك لیره‌ی زێڕیشی لام وایه پێنج هه‌زار بووه بۆ ده‌به‌ن. له‌وێ داوا ده‌كه‌ن كه له ڕێگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران نه‌سه‌رده‌ین شا نامه‌یه‌ك بنووسێت بۆ سوڵتانی عوسمانی و تا مه‌حموود پاشای جاف كه سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی جاف بووه له سه‌رۆكایه‌تی لا ببات و عوسمان پاشای برای وه‌ك سه‌رۆكی جاف ده‌ستنیشان بكات. ئه‌و كاره ده‌بێته هۆكاری بنبڕكردنی زیاره‌تكارانی جاف له هاتوچۆی گه‌رمیان و كوێستان. سوڵتان عه‌بدولمه‌جید زۆر له كاروباری مه‌حموود پاشا ڕازی نه‌بووه، بۆیه به‌پێی داوای ناسرەدین شای ئێران مه‌حموود پاشا له سه‌رۆكایه‌تیی جاف لا ده‌ده‌ن و عوسمان پاشای برای ده‌كرێته سه‌رۆكی جاف. نزیكه‌ی بیست ساڵ له سه‌رۆكایه‌تیی جاف‌دا ده‌مێنێته‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا عادیله خانم به لێهاتووییه‌وه توانیویه‌تی زۆربه‌ی زۆری سه‌رۆك تیره‌كانی ناو جاف بناسێت و ببێته جێگه‌ی باوه‌ڕیان. وه‌ختێك عوسمان پاشا كۆچی دوایی ده‌كات ئه‌وه‌نده‌ی تر په‌یوه‌ندی نێوان خێڵه‌كان و عادیله خانم پته‌وتر ده‌بێت. له‌و هه‌لومه‌رجه‌یدا مه‌حموود پاشا له سوڵتانی عوسمانی یاخی ده‌بێـت و ماوه‌ی سێ ساڵ به شاخی زمناكۆوه له ده‌وڵه‌تی عوسمانی یاخی ده‌بێت، به‌ڵام یاخیبوونه‌كه‌ی ناگاته ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌كداری. به‌نده له كتێبه‌كه‌ی مه‌حموود پاشادا به درێژیی له‌م باسه دواوم، هه‌تا وه‌كوو دوای كۆچی دوایی عوسمان پاشا له مه‌جلیسی عادیله خانمدا گرفته‌كان حه‌ل كراوه. له شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا ڕۆژانی سێشه‌مه ده‌رگای دیوه‌خانی عادیله خانم كراوه بووه، بۆ ئاسانكردنی گرفته‌كانی ناو جاف و ده‌ڤه‌ره دوور و نزیكه‌كانی شاری هه‌ڵه‌بجه. دوای دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقی ساڵی 1920ـی زایینی عادیله خانم كراوه‌ته قایمقامی هه‌ڵه‌بجه. ساڵی ڕابردوو (2024) بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه داوه‌ت كرام تا له‌باره‌ی ئه‌م خانمه بدوێم. له دواییدا له‌وێڕا له‌گه‌ڵ بڕێكی زۆر خوێنده‌واران ڕۆیشتین بۆ مه‌زارگه‌ی عه‌بابه‌یلێ كه له بنه‌مادا (ئه‌با عه‌بدوڵڵا)یه، گۆڕی ئه‌حمه‌د موختار جاف و تاهیربه‌گ و عادیله خانمی دایكیان له نزیك یه‌كدا نێژراون.
خه‌ڵاتكردنی عادیله خانم
ده‌وڵه‌تی به‌ریتانیای مه‌زن گه‌وره خه‌ڵاتێكی شاهانه‌ی ژنه‌كوردێك ده‌كات به‌ناوی عادیله خانم، كه هاوسه‌ری عوسمان پاشای جاف بووه، ئه‌ویش له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا بۆ خۆی ئه‌و خه‌ڵاته پێگه و جێگه و لێهاتوویی ئافره‌تێكی كورد وه‌ده‌رده‌خات. ئێستا كه چاره‌كی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی بیستویه‌كه‌میش گوزه‌راوه ئاوا خه‌ڵاتێك نه‌بینراوه. خه‌ڵاته‌كه به زمانی فارسی نووسراوه، به‌نده كردوومه كوردی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
خانمی ڕێزدار و موحته‌ره‌م عادیله خانم هاوسه‌ری خوالێخۆشبوو عوسمان پاشا نووری خودا به‌ر مه‌زاری بكه‌وێ، به گرنگییه‌كی پڕ له ورده‌كارییه‌وه كه ئه‌م خانمه هه‌میشه له خزمه‌تی خه‌ڵكیدا کردوویەتی، سا له‌باره‌ی ئاسایشی وڵات و خه‌ڵكه‌كه ته‌قالای كردووه و، توانیویەتی له زۆر ڕووه‌وه خزمه‌تی شایان بكات و ده‌وڵه‌تی گه‌وره و پایه‌به‌رزی فه‌رمانڕه‌وای باشووری كوردستان ئه‌و پایه‌به‌رزه كۆششی به‌رچاوی كردووه، هاوكارییه‌كانی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كاندا بۆ ئاسایشی گشتی و فه‌رمانداری گشت عێراق به هەموو باوه‌ڕیه‌وه نیشانێكی ده‌وڵه‌تی پێشكه‌شی ده‌كات، فه‌رمانده‌ی سوپای داگیركه‌ر له عێراقدا، لیفت كرنل روت ولسن قایمقامی فه‌رمانداری شاهانه‌ی گشتی له عێراق.

