پ.ی.د. ساسان حکمت علی*
دوای هاتنی داعش لە ساڵی (2014) بۆ عێراق و دەستبەسەرداگرتنی بەشێکی زۆری خاکەکەی بە فتوای مەرجەعی باڵا هێزی خۆبەخش لە گەنجانی شیعە چەکدار کران، دواتر لە چوارچێوەی گروپەکانی حەشدی شەعبی ڕێکخرانەوە .
لە ئێستا دا میلیشیاکان ژمارەیان نزیکەی (٢٥٠) هەزار کەس دەبن و دامەزراوەیەکی سەربازیی سەربەخۆن و زۆرینەیان هەرچەندە لە چوارچێوەی حەشدن، بەڵام جۆرە سەربەخۆییەکی خۆشیان هەیە، ئەمانە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقن و تەنانەت سەرۆک وەزیرانیش هیج دەسەڵاتێکی بەسەریان دا نییە و زیاتر پابەندی بڕیاری سەرکردەکانیانن و مووچە و چەکەکانیشیان لە حکوومەتی عێراق وەردەگرن، هەروەها سوودیان لەو ڕێکەوتننامە سەربازیانەش وەرگرتووە کە لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا ئەنجامدراوە و خۆیان پڕچەک کردووە .
ئەم میلیشیایانە لە کاتی هاتنی داعش و دەستبەسەرداگرتنی موسڵ و زۆرینەی ناوچە سونییەکان ژمارەیان پەنجا هەزار کەسێک بوو کەچی لە ئێستا دا ژمارەیان پێنج هێندە بووەتەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئایا ئەمانە چۆن ژمارەیان زیادی کرد و کێ لە پشتی ئەمەوە بوو، چۆن و بە چ شێوەیەک ئەم گروپانە هەژموونی خۆیان بە سەر دامەزراوە حکومی و کارگێڕی و ئابورییەکان سەپاند و بوونە دەوڵەتی قووڵ لە عێراقدا؟
ئەم گروپانەی کە ئێستا لە چوارچێوەی حەشدی شەعبی و میحوەری موقاوەمەن زیاتر لە پەنجا گروپن و پۆلێن دەکرێن بۆ چەند دەستەیەک وەکو فەیلەقی بەدر لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بە پاڵپشتی ئێران پێکهێنراون و بەشێکی دیکەیان دوای لەشکرکێشی ئەمریکا لە ساڵی(2003) و ئازادی عێراق دروستبوون وەکو گروپەکانی سوپای مەهدی و عەسائیب ئەهلی حەق و حزبوڵڵای عێراق، زۆرینەشیان لە دوای سەرهەڵدانی داعش دروستبوون .
لێرەدا دەبێ ئاماژە بەوە بکەین زۆرێک لەو گرووپانە وەک بریکار بۆ وڵاتێکی ئیقلیمی لە
عێراقدا کار دەکەن و لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سەربازی و ئایدیۆلۆژییەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر گروپەکانی وەک کەتایب حزبوڵا و عەسائیب ئەهلی حەق و ڕێکخراوی بەدر و چەندین گروپی دیکەش هەیە . بەشێک لەو میلیشیایانە لەوانە کەتائیبی حزبوڵا لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دا هێرشی سەربازییان دەکردە سەر هێزەکانی ئەمریکا، هەروەها بزوتنەوەی نوجەبا لەو میلیشیایانەیە کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسەد لە سوریا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی دەکردە سەر ئامانجەکانی ئیسرائیل . هەر بۆیە ئەمریکییەکان ئەم میلیشیایانەیان لە لیستی تیرۆر داناوە و
بەردەوام دامەزراوە باڵاکانی عێراقیش ئاگادار دەکەنەوە لە ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای حەشدی
شەعبی لە پەرلەمان ئەوا تێپەڕاندنی ئەم یاسایە دواتر باجی خۆی دەبێ . بەڵام لە دۆخێکدا گەر یاساکە تێپەڕ نەبوو ئەوا حەشدی شەعبی دەبێتە هێزێکی لاوەکی و ناشەرعی و ڕێگەخۆشکەرە بۆ هەنگاو بە هەنگاو هەڵوەشاندنەوەی .
لێرەدا ئەو پرسیارە هەیە ئایا لە قۆناغێکدا گەر بوونی گروپەکانی حەشدی شەعبی پێویستییەک بووبن بۆ ڕێگری کردن لە کۆنتڕۆڵکردنی شار و شارۆچکەکانی عێراق لە لایەن داعشەوە، بەڵام لە دوای نەمانی داعش لە ڕووی مەیدانییەوە ئایا دەبێ ئەو هێزە لە هەبوونی حکوومەتێک کە خاوەن سوپا و دامەزراوەی سەربازیی و ئاسایشە هێشتا ڕۆڵیان هەبێ؟ هەروەها ئەم گروپانە دەبێ ئەوە لە پێش چاو بگرن کە دۆخی ئێستای ناوچەکە وەکو ئەو کاتە نییە کە لە ساڵی (2014) داعش لە عێراقدا بوو و بەشێکی زۆری ئەم گروپانەی بەرهەم هێنا .
ئایا حکوومەت و کابینەکەی سوودانی توانای سڕکردنی میلیشیاکان و تواندنەوەیان لە نێو سوپا و وەستانی ڕۆڵیان هەیە یا خود نە؟ چونکە ئەو بەڵێنانەی کە سوودانی بە ئەمریکییەکانی داوە بە تەنها بەس نیە بۆ ئەوەی عێراق لە ئاگری شەڕ دوور بخاتەوە، کە ئەمە زۆرجار بە گەمەیەکی سەرکردە شیعیەکان دەچێ کە دەیانەوێ یارییەکی دوو سەرە لە نێوان ئێران و ئەمریکا دا بکەن .
دەکرێ بڵێین ئەوەی حکوومەتی عێراق دەیکات جۆرێکە لە فێڵ و تەکتیک چونکە لە کاتێکدا ڕێککەوتنی سەربازیی لە گەڵ ولایەتە یەکگرتوەکان و بەڕیتانیا دا هەیە هەروەها هێزەکانی هاوپەیمانان تاکو ئێستا بوونیان هەیە لە عێراق بەڵام لە هەمانکاتیشدا هێزێک هەیە و لە چوارچێوەی ئەو وڵاتەدایە و دژایەتی ڕۆژئاوا و دۆستەکانیان و پرۆژکانیان دەکات لە ناوچەکەدا .
ئێستا حکوومەتی عێراق دوو ڕێگای لە پێشە یان دەبێ لایەنگری ڕۆژئاوا و ئەو هاوپەیمانیەتە بێت کە بە پشتگیری ئەوان لە چوارچێوەی پەیماننامەی ئاشتی ئەبراهام دا وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیلی لە خۆ گرتووە یان دەبێ دژ بێت و پشتگیری ئێران و میحوەری موقاوەمە بکات، هەروەها گروپە چەکدارەکانیش دەبێ یەکێک لەم دوو لایەنە هەڵبژێرن کە هیچ کامێکیان بۆیان ئاسان نابێ، چونکە ئەمانە لەسەر ئەو بنەمایە دروست بوون کە دژە ڕۆژئاوا و بەرژەوەندییەکانیانن بۆیە ناکرێ پشتگیری ئەم لایەنە بکەن هەرچەندیش بەرژەوەندییەکانی عێراق ئەوەی دەوێ لە ئێستا دا بۆیە هەر جووڵەیەکی ئەمانە گەر بچووکیش بێت ئەوا بە ئاسانی بەسەریان تێپەڕ نابێ بە تایبەتی گەر دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت لە ناوچەکە، هەروەها لە ئەگەری ئەوەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران چووە قۆناغێکی نوێوە دووبارە ئەمانە ناتوانن هەتا هەتایە وەکو ئەوەی لە ماوەی جەنگی دوانزە ڕۆژە ڕوویدا بێلایەن بمێننەوە .
بەڵام سەبارەت بە کاریگەری میلیشیاکان لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ ئەم پرسە پرسێکی هەستیار و فرە ڕەهەندە، هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن میلیشیاکانەوە ئەم هێرشانە بێمتمانەیی نێوان هەولێر و بەغدای زیاد کردووە و حکوومەتی فیدڕالیشی چ لە ناوخۆ و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی خستۆتە دۆخێکی سەختەوە.
گروپە میلیشیاییەکان کاریگەرییان لە سەر پەرلەمان و حکوومەت هەیە، هەندێکجاریش ڕۆڵیان هەیە لە بڕیارەکانی پەیوەست بە بودجە و ئاسایش و نەوتی هەرێمی کوردستان، کاتێک بەرژەوەندی میلیشیاکان لەگەڵ سیاسەتەکانی هەرێمدا ناکۆکە، بۆیە ئەم گروپانە لە ڕێگەی پەکخستنی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتەوە دەیانەوێ ئابووری هەرێم ئیفلیج بکەن و کەشێکی ئەوتۆ دروست بێت کە وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی بواری وزە هەرێم بەجێبهێڵن و گەشەی ئابوری هەرێم لاواز بکەن و ئەو داهاتانەش بنەبڕ بکەن کە لەو سەرچاوانەوە دەستی دەکەوێت کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرۆژەکانی ژێرخان و سەرخانی ئابووری هەرێم، بەڵام لە دۆخێکدا ئەگەر حکوومەتی فیدڕاڵ بتوانێت کۆنترۆڵی میلیشیاکان بکات ئەوا ئەگەری باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێم هەیە ئەگینا بەردەوامیی شەڕانگێزی ئەو گرووپانە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی بۆشایی سیاسی و ئەمنی نێوان هەولێر و بەغدا لە ئایندەدا .
لە ئێستادا هەرێمی کوردستان زۆر بە وریاییەوە مامەڵەی لە گەڵ فشارەکانی ئەم گروپانە کردووە و بەردەوام ئیدانەی هێرشەکانی کردووە و نیگەرانییەکانیان گەیاندووەتە سەرۆک وەزیران و دامەزراوە باڵاکانی فیدڕاڵی و ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە بۆ لایەنی عێراقی کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە جگە لەوەی کاریگەری لە سەر سەقامگیری وەبەرهێنان هەیە کاریگەری سیاسی و ئەمنیشی دەبێت و بۆیە داوایان کردووە کە ئەم گروپانە کۆنتڕۆڵ بکرێن و سەرەڕای ئەوەش هەرێم ڕێگای دیپلۆماسی گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی وڵاتانی ڕۆژئاوا پاڵپشتی بن لە دژی ئەو هێرشانە، چونکە بەردەوامی ئەو هێرشانە لێکەوتەی ئابووری گەورەی دەبێت لە سەر هەرێم .
ئەوەی جێگای دڵخۆشییە بۆچوونە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە سەقامگیری ناوچەکەدا تا ڕادەیەکی زۆر ئەرێنییە بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاسایش و دیپلۆماسی و گەشەپێدانی ئابووری و وزە دا کە سەرەڕای دروستکردنی بەربەستەکان لە لایەن دەوڵەتی فیدڕاڵە و میلیشیاکانەوە پێگەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە چوارچێوەی سەرچاوەکانی وزەدا کاریگەرتر دەبێ ، ئەمە جگە لەوەی هەرێم ڕۆڵی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هەیە، هەر بۆیە ئەمە هەرێمی لە ئەکتەرێکی ناوخۆییەوە گۆڕیوە بۆ هێزێکی سەقامگیرکەری ناوچەیی و لە دۆخێکدا گەر عێراق نەتوانێ ڕێگری لەو هێرشە درۆنییانە بکات ئەوا شەرعیەتی نێودەوڵەتی بەرەو نەمان دەچێت و ڕۆژ دوای ڕۆژیش گوشارەکان لە لایەن ئەمریکاوە زیاتر دەبێت بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی میلیشیاکان، چونکە کەمکردنەوەی دەسەڵاتی میلیشیاکان یەکسانە بە بەهێزبوونی حکوومەت و سوپا و لاواز بوونی هەژموونی وڵاتانی ئیقلیمی لە عێراق .
لە کۆتاییدا دەکرێ بڵێین ئەوەی زیاتر لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکات کارا بوونی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتە کە زامنی گەڕاندنەوەی شەرعیەتی سیاسی و یەکڕیزیی کوردە .
* پسپۆری بواری جیۆپۆڵیتیک

