هاودەنگ فارووق
هەواڵی کوشتنی دوو سەرنشینی عەرەب و کرێکارێکی کورد لە بەنزینخانەیەکی هەولێر، هەموومانی ڕاچڵەکاند و شۆک بووین بە قەبارەی ئەو تاوانە. بەڵام ئاقڵمەندانیش ڕاستەوخۆ گوتیان: پێویستە لەم دۆسیەیەدا یاسا سەروەر بێت و قسەی کۆتایی لەسەر بابەتەکە بکات.
ئەوەی لەم بابەتەدا جێگەی نیگەرانی قووڵە، ئەوەیە هەندێک بە هەڵچوون و نەزانییەوە، هەندێکی دیکە بە نیەتێکی پیس و گومانلێکراوەوە، دەیانەوێت دوو خاڵ بۆ ئەو دۆسیەی تاوانە دروست بکەن: یەکەم، پاساوی بۆ دروست بکەن. دووەم، دەیانەوێت ناسنامەی نەتەوەیی پێ ببەخشن و بیکەن بە کێشەیەکی نەتەوەیی.
بۆ ئەوەی هیچکام لەو دوو بابەتە بە ئاسانی نەهێنرێنە ناو ئەو دۆسییەوە، بە گرنگی دەزانم ئەم چەند تێبینییە تۆمار بکەم:
سەبارەت بەوانەی کە دەڵێن: ئەو گەنجە پاساوی هەبووە، سەرنشینە عەرەبەکان سووکایەتییان پێ کردووە! دەبێت بزانن کە هیچ بەهایەک گرنگتر نییە لە خوێنی مرۆڤ، کە پێویستە پارێزراو بێت. لێ دواجار ئەوە دادگایە بڕیار دەدات چۆن ئەو پاساوە لە چوارچێوەی کەیسەکەدا بەکار دەهێنێت. ئایا ڤیدیۆکان، کە ڕەفتاری سەرنشینەکانیش نیشان دەدەن، چۆن کاریگەری لەسەر ئەنجامی دۆسییەکە و بڕیاری دادگا دەبێت. بۆیە ئەم بابەتە پێویستە دادوەرە بەڕێزەکانی دۆسییەکە سەرنجی وردی بدەن.
سەبارەت بەو کەسانەش کە لە سۆشیالمیدیای عێراق و کوردستان، دەیانەوێت بەرگ و شوناسێکی نەتەوەیی بەو تاوانە ببەخشن، پێویستە ئەوەیان لەبەرچاو بێت، کە تاوانەکە بێپلانی پێشوەختە بووە، هەر لە هەمان چرکەشدا کوردێکیش کوژراوە. ئەوەش بەڵگەی ڕوونە لەسەر ئەوەی کە ئامانج ئەوە نەبووە ئەو گەنجانە لەبەر ئەوەی عەرەبن بکوژرێن، چونکە ئەگەر وابوایە، گەنجێکی کوردیش لە هەمان چرکەدا و بە دەستی هەمان تۆمەتبار نەدەکوژرا، بەڵکو تەنها عەرەبەکان دەکوژران. بەڵام دیارە کوژرانی گەنجێکی کورد، بە تەواوی ئەو مەبەستە پووچەڵ دەکاتەوە کە هەندێک دەیانەوێت ئاگری کێشەی نەتەوەیی خۆش بکەن و وا نیشان بدەن کە بابەتەکە پەیوەندی بە شوناسی نەتەوەییەوە هەیە، لە ئەنجامیشدا خەڵکی لە دژی کورد و لە دژی هەولێر هان بدەن. ڕاستییەکەی ئەمە یەکەمجار نییە تاوانی لەم جۆرە ڕوودەدات، بەڵام زۆر کەم بینراوە هەوڵی ئەوە بدرێت شوناسی نەتەوەیی بەسەردا بسەپێندرێت.
بۆ نموونە، لە ساڵی 2020 لە شاری بەغدا، لە مۆدێرنترین گەڕەکی ئەو شارەدا کە گەڕەکی مەنسوورە و نزیک باڵیۆزخانەی ڕووسیایە، خێزانێکی کورد “دکتۆر دارا ڕەشید و خێزان و دکتۆرە شیلانی کچیان” بە دڕندانەترین شێوە، هەر لەبەر ئەوەی کورد بوون، (دکتۆرە شیلانی دەرمانساز بەشداری چارەسەرکردنی خۆپیشاندەرانی تشرینی کردبوو)، قەتڵوعام کران و تەنانەت سەریشیان بڕین و تەرمەکانیان شێواند. ئەوەش بە پلانی پێشوەخت و لە ناو دڵی پایتەختی عێراق بوو. کەچی لایەنی کوردی نەیویست بەرگی نەتەوەیی بە بەر ئەو تاوانەدا بکات و بابەتەکە لەسەر دۆخی سیاسی و قینی نەتەوایەتی ڕەنگ بداتەوە.
کەچی ئەوەی مایەی سەرسامی و شۆکێکی زۆرە، دەنگێکی بەهێزی دڵڕەقانە هەیە بۆ ئەوەی ئەو مەسەلەیە بکاتە بابەتێکی نەتەوەیی. بۆیە تاوانەکە وەک هەر تاوانێکی ئاساییە و لە هەموو کۆمەڵگەکاندا ڕوودەدات. لەم جۆرە دۆخەدا، پێویستە ئەقڵ و لۆژیک و یاسا سەروەر بن و بابەتەکە لە کۆنترۆڵ دەرنەچێت. دواجار هەمووان باجەکەی بە قورسی دەدەن.

