رۆژنامەی ھەولێر

ڕاپرسییەكیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوو

مەشخەڵ كەوڵۆسی
هیچكەسێكی بەویژدان و ناخ پاك، نكولی لەو ڕاستییە ناكات كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، مێژوویەكی جوان و دەستێكی سپی پڕ لەدەستكەوتی بۆ خەڵكی كوردستان هەبووە، لە ناوەڕاستی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوودا، بەگوێرەی بارودۆخ و تەسەوری ئەوكاتی خەڵكی كوردستان، یەكگرتوو خزمەتی كردووەو، نە من و نە هیچ مرۆڤێكی تر، ناتوانین نكولی لەو ڕاستییە بكەین.
گرنگترین خزمەتی یەكگرتوو ئەوەیە كە تاكو ئێوارەیەكی درەنگی شانسی كورد، هەر دەست بەدەستنوێژ و دەمپاك و، مێژوویەكی پاكی تۆماركرد و، چۆلەكەیەكیش بەدەستی یەكگرتوو نەكوژرا! قومێك ئاو بەدەستی یەكگرتوو بەفیڕۆ نەدرا.
بەڵام ئەوەی جێگەی خەم و مەترسییەكی قووڵە، لە ئێستادا یەكگرتوو، یان ڕاستتر بڵێم: بەشێك لەو كادیرانەی یەكگرتوو كە یان پەرلەمانتارن، یان چاویان لەوەیە پەرلەمانتاربن، بەتەواوی بەرەو زۆنگاوی پۆپۆلیزم چوون و، ئەوەش وایكردووە نەوەی تازەی خەڵكی هەرێم، یەكگرتوو نەك لەڕیزی دەست سپییەكاندا دانەنێن، بەڵكو لەڕیزی ئەو حیزبە پۆپۆلیستانەدا بیان پۆلێنن كە هەر زوو مۆدیلیان هات و تێپەڕی و، ئیتر بۆجارێكی تر، ناتوانن قاچی كورسییەكیش لە پەرلەمان بهێنن!
ئەوان چونكە پشتیان بەست بە قیژە قیژ و ڕازیكردنی حەشامات، نە خۆیان ئۆقرەیان گرت لەمەیدانی سیاسەت و، نە كاتێكیش ئەجەلی سیاسەت هاتە سەریان، حەشامات بە فریایان كەوت. بوون بە تۆز و چوون بەهەوای فەنابووندا و، نەیانتوانی تاكە دێڕێكیش لە یادەوەری خەڵكی كوردستاندا بنوسنەوە.
ئەوەی یەكگرتوو ئێستا دەیكات، زۆر سەیرە! بەمانا نەتەوەیی و لۆژیكییەكەی سەیرە، نەك بەمانا سیاسی و بەرژەوەندییخوازییەكەی. چونكە یەكگرتوو ڕووبەڕووی ئەم پرسیارە دەكاتەوە: بۆچی یەكگرتوو لە نیوەی ڕێگەدا دەستبەرداری مێژووە سپییەكەی خۆی دەبێت؟ بۆچی و لەبەرژەوەندی كێ؟ ئایا بەرژەوەندی و مێژووی یەكگرتوو گرنگترە، یان بەرژەوەندی چەند كادیرێكی ئەو حیزبە كە وادەزانن لەهەموو هەورێك باران دەبارێت و، بە تەقلیدكردنەوەی پان عێراقچییەكان، دەیانەوێت بگەنە پەرلەمان؟ ئەوان خۆیان خزاونەتە ناو زۆنگاوی عێراقچێتی و، دەیانەوێت یەكگرتووش بەمێزەر و مێژوویەكی سیپییەوە پەلكێش بكەنە ناو زۆنگاوەكە! ئایا كە مێژووی ئەم قۆناغە دەنوسرێتەوە، منداڵانی نەوەكانی داهاتوو، ئەوە بخوێننەوە كە یەكگرتوو بووبە كەواسوری بەرلەشكر بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم و، ڕیكلامكردن بۆ عێراقچێتی؟ یان ئەوەیان كە بیخوێننەوە، یەكگرتوو لەڕیفراندۆم نەعرەتەی كوردایەتی، مێشكی داگیركەرانی كوردستانی تەقاند؟.. كامیان بۆ مێژووی یەكگرتوو، بۆ مێژووی ڕەوتی ئیسلامی باشترە؟ ئەوەی بگوترێت: ئیسلامییەكان لەسەربەخۆیی كورد كەمتریان قبوڵ نەبوو؟ یان بگوترێت: ئیسلامییەكان بۆ ئەوەی بگەنە پەرلەمان، وەك مەلای خەتێ، داوای هەڵوەشانەوەی تاكە قەوارەی كوردیان كرد؟.
لەو گلەیی و قسە لۆژیكیانەش بترازێت، ڕوودەكەمە ئەو كادیرەی یەكگرتوو كە دەیەوێت سمێڵی بەپارەی بە لێشاوی پەرلەمان چەور ببێت و، لەو پێناوەشدا یەكگرتوو ڕادەكێشێت بۆ زۆنگاوی عێراقچێتی، دەڵێم: تۆ كە دەتەوێت ڕاپرسی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەرێم بكرێت، ئەی پێت چۆنە ڕاپرسییەكیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوو بكەین؟ تۆ دڵنیایت ئەگەر ڕاپرسییەك بۆ مانەوەی یەكگرتوو یان هەڵوەشاندنەوەی بكەین، خەڵكی كوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی یەكگرتوو ناكەن؟ ئایا بە بڕیاری خەڵكی كوردستان ڕازی دەبن ئەگەر داوایانكرد یەكگرتوو هەڵبوەشێتەوە؟ تۆ كە لەهیچ دەنگدانێكدا خەڵكی كوردستان متمانەیان پێنەبەخشیویت، چۆنە ئەوەت بە ڕاپرسییەك وەرنەگرتووەو، تێنەگەیشتووی كە خەڵكی كوردستان زۆر لەمێژە داوای هەڵوەشاندنەوەی حیزبەكەتیان كردووە؟ خۆ ئەگەر یەكگرتوویان بەزەرور بزانیایە، دەنگیان پێ ئەدا!! قسەی تریش زۆرە، جارێ با لەم سنورەدا ڕایبگرین.