رۆژنامەی ھەولێر

دەزگە خێرخوازییەكە دیوە مرۆڤدۆستانەكەی ڕێبازی بارزانی

‎هاودەنگ فارووق
ڕێبازی بارزانی، فەلسەفەی ژیاندۆستی و مرۆڤپەروەریی بارزانی، زۆر گەورەترە لەوەی لە چوارچێوەی حزبێکدا قەتیس بکرێت.
ڕاستە پارتی دیموکراتی کوردستان، گرنگترین و تۆکمەترین حزبە لەژێر سایەی فەلسەفەی ڕێبازی بارزانیدا دروستکراوە، گەشەی کردووە، بەردەوامی بە ڕەوتی خۆیداوە و، تەعبیری لە هەموو قۆناغەکانی جولانەوەی ڕزگاری نەتەوەی کورد کردووە، بەڵام ئەو تەعبیرە لە گۆشە سیاسییەکەی ڕێبازی بارزانییەوە بووە.
بۆیە بە هەموو پێوەرێک دەتوانین بڵێین: پارتی، وێڕای هەموو سەرکەوتن و ئامادەگییەکەی، تەنها تەعبیر لە گۆشە سیاسییەکەی ڕێبازی بارزانی دەکات. گۆشەکانی دیکەی ئەو ڕێبازە، لایەنی مرۆڤدۆستی و گەشەپێدانی ژیان، دروستکردنی ئومێد، مرۆڤسازی و نیشتمانسازی، ژینگەدۆستی و ئاشتین. ئەو لایەنانەن کە “دەزگەی خێرخوازیی بارزانی” توانیویەتی بە کردەوە پیشانی خەڵکی بدات، نەک تەنها خەڵکی کورد، بەڵکوو لە هەر جێگایەک مرۆڤ پێویستی بێت، لە لوبنان و تورکیا، لە ئەفریقا و بەسرە، لە کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان، هەمیشە دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، بە لۆگۆیەکی زیوین و دەستێکی سپییەوە، لە ڕیزی پێشەوەی فریادڕەساندا بووە، تەنووکە ئاوی گەرووی تینووەکان و، پارووە نانی گەدەی برسییەکان بووە.
پێوەر لای دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، مرۆڤ و مرۆڤبوونە، بە چاوپۆشین لە بیروڕای سیاسی و ڕەنگ و ڕوخسار و ئایین و نەتەوە و نیشتمانە جیاوازەکان. لێرەدا دەتوانین بەبێ زیادەڕەوی بڵێین: لە ژیانی دوورودرێژی کورددا، یەکەمجارە باڵێکی دەزگایەکی کوردی ئەوەندە درێژ بێت، لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستانەوە، لە ئەستەمبوڵەوە بگاتە ئەفریقا، بە زمانی کوردی و بە لۆگۆی زیوینی بارزانییەوە، دەستی ڕەحمەتی فریاگوزاری بگەیەنێتە لێقەوماوان.
لە بەرامبەر ئەو هەوڵە مرۆڤدۆستانە و ئەو ماندووبوونە بێ مەرجەدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەیان خەڵات و مەدالیای جیهانی و متمانەی نەتەوە یەکگرتووەکانی بەدەستهێناوە و، توانیویەتی ناوی کورد بەرێتە سەر نەخشەی مرۆڤدۆستەکانی سەردەم.
لە کاتێکدا کورد زیاتر لە هەر گەل و نەتەوەیەکی دیکە پێویستی بەم هێزە نەرم و شارستانییەیە، کە خۆی بۆ خۆی دەبێتە باشترین بازاڕسازی بۆ نەتەوەی کورد لە ڕووی شارستانی و مرۆڤدۆستییەوە.
ئەمڕۆ کاغەزی مرۆڤدۆستی، دەبێتە پاسپۆرتی گەیشتنی نەتەوەکەمان بە ئامانجەکانی، نەک شەڕ و تێکدان و کوشتن و بڕین. پەیامی مرۆڤدۆستی ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی، گەورەترین سپۆنسەری گەیشتنی نەتەوەکەمانە بە مافە ڕەواکانی.
ئەمڕۆ کە ٢٠ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئەو دەزگە گرنگەدا تێدەپەڕێت، مرۆڤ دەتوانێت بەبێ خۆبەستنەوە بڵێت: باشترین تەرجەمەکردنی فەلسەفەی ڕێبازی بارزانی، ئەو دەستە مەرحەمەتەیە کە دەزگەی خێرخوازی بارزانی لە کاتی لێقەوماندا، دەیگەیەنێتە مرۆڤ لە سەرانسەری جیهاندا.
بۆیە ئەگەر پارتی، توانیبێتی نوێنەرایەتی نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان لەسەر نەخشەی سیاسی بکات، لەوەدا بە وردی ڕێبازی بارزانی جێبەجێ کردبێت، ئەوا دەزگای خێرخوازی بارزانیش، تەرجەمەی لایەنی مرۆڤدۆستی بارزانی بە باشترین شێوە دەکات و، بووەتە نوێنەری کورد لەسەر نەخشەی مرۆڤدۆستیی سەدەی نوێ.