عومەر چنگیانی
لە میانەی ئەو بەها گەورانەی كە مرۆڤی پێوە جوانە، ئاكار و ڕەوشتی ئەمەكداری، وەفادریی بوونە، كە ئەمە خوویەكی پەسند و جوانی مرۆڤە و بەر لە هاتنی ئیسلامیش هەر هەبووە و، ئیسلامیش كە هات جوانتری كرد و لە قورئاندا چەندین دەقی پیرۆزی لەبارەوە هاتە خوارەوە و خودی پێغەمبەریش _ دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێت _ بە جوانترین شێوە لە كردار و گفتاریدا بەرجەستەی كرد و، یارانی لەسەر گۆش و پەروەردە دەكرد، بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی بە ئەركمان زانی هەینی ڕابردوو بیكەینە توێشووی گوتاری جومعەمان لە 7ی سەفەری 1447 كۆچی بەرانبەر بە 1ـی ئابی 2025ـی زایینی، كە هەر لە دەسپێكدا بەوەوە چووینە نێو بابەتەكە: (لە سەردەمێکدا کە خەڵکی سەرقاڵی ئاڵۆزییەکانی ژیانی ماددین، زۆر باشە ڕەوشت و بەها بەرزەکان بیر خۆمان و ئێوەیشی بخەینەوە کە پێغەمبەر (ص) بۆی نێردراوە. بۆیە ئەمڕۆ قسەمان لەسەر خەسڵەتێکە لە خەسڵەتەکانی ڕەوشتی بەرز و، بەهایەکە لە بەها ئیمانییەکان کە ئەگەر لەنێو خەڵکیدا بڵاو ببێتەوە، ژیانیان پڕ دەبێت لە پاکی و خۆشەویستی و برایەتی، ئەویش خەسڵەتی وەفادارییە، ڕەوشتێکە کە خودای گەورە خۆی پێ وەسف کردووە، خوای گەورە لە ئایەتی سەدویانزەی سوورەتی (بەرائەت)ـدا و، وەك وەڵامێك بۆ ئەو ٧١ پیاو و ٢ خانمە سەربەرزەی كە لە شاری (یەسریب)، مەدینەی دواتر)ەوە چووبوونە مەككە و لە ساڵی سیانزەی پێغەمبەرایەتیدا و لە كاتی حەجدا بەڵێننامە (بەیعەتی عەقەبەی گەورە)یان لەگەڵ پێغەمبەر _ دروود و سڵاوی خوای لەسەر _ مۆر كرد و لەسەر ئەوە ڕێك كەوتن كە سامان و گیانیان لە پێناوی خوادا بەخت بكەن و بەهەشتەكەی خوایان بۆ ببێتە پاداشتی هەرەگەورە و فەرمووی: (كێ هەیە لە ئەڵڵا بەوەفاتر و ئەمەكدارتر و شت لەپێش چاوتر؟). هەروەها خوای گەورە کردوویەتی بە یەکێک لە سیفەتەکانی چاکە کە باوەڕداران پێی دەڕازێنەوە؛ وەك لە ئایەتی ١٧٧ـی سوورەتی (بەقەرە)دا ئاماژەی بۆ دەكات.
گرنگیی وەفاداری و جۆرەکانی
وەفاداری یەکێکە لە بەرزترین بەها ئەخلاقییەکان لە ئیسلامدا، گرنگییەکەشی وەک بەهایەکی سەرەکی دەردەکەوێت کە حوکمی پەیوەندییە مرۆیی و کۆمەڵایەتییە ڕاستەقینەکان دەکات. وەفاداری ئەو پردەیە کە مرۆڤ بە پەروەردگاریەوە و تاک بە کۆمەڵگاکەیەوە دەبەستێتەوە، چونکە وادەکات بەندە پابەند بێت بە ئەرکەکانی بەرامبەر بەدیهێنەرەکەی لە پەرستن و مامەڵەکانیدا، هەروەها ڕێکخەری سەلامەتیی کۆمەڵگە و سیستەمەکەیەتی. سەبارەت بە جۆرەکانیشی، ئەمانەن:
1. وەفاداری بە پەیمانی خوا؛ بەوەی کە بپەرسترێت و سەرپێچی فرمانەکانی نەکرێت، یەکتاپەرستی بۆ بکرێت و هاوبەشی بۆ دانەنرێت، سوپاسی بکرێت و کفرانەی لێ نەکرێت، ڕێز لە ئایینەکەی بگیرێت و پابەندی شەریعەتەکەی بین.
2. وەفاداری لەگەڵ پێغەمبەری خوا (ص) بە خۆشەویستییەکی ڕاستگۆیانە و شوێنکەوتنی سوننەتەکەی.
3. وەفاداری بۆ زانایان بەگشتی و، مامۆستایەکانت بەتایبەتی.
4. وەفاداری لەنێوان هاوسەراندا.
5. وەفاداری بە بەڵێن و پەیمان و میساقەکان.
6. وەفاداری لەگەڵ غەیرەمسوڵمانان؛ وەفاداری تەنها تایبەت نییە بە باوەڕداران لەگەڵ یەکتردا، بەڵکو تەنانەت لەگەڵ کافرانیشدا. کاتێک پێغەمبەری خوا (ص) دوای گەڕانەوەی لە تائیف گەڕایەوە مەککە، چووە ژێر پارێزگاریی (المطعم بن عدی). پێغەمبەری خوا (ص) هەرگیز ئەم چاکەیەی ئەوی لەبیر نەکرد، بۆیە کاتێک جەنگی بەدر ڕووی دا و دیلی موشریکەکان هەبوون، پێغەمبەر (ص) وەک وەفایەک بۆ چاکەکەی موتعیم فەرمووی: گەر موتعیم زیندوو بایە و داوای لێ بكردمایە دەستبەرداری ئەو بۆگەنانە _ دیلەكانی قورەیش _ ببم دەستبەرداریان دەبووم.
(لو كان المطعم بن عدی حیا، ثم كلمنی فی هۆلاء النتنی، لتركتهم له)، رواه البخاری.
وەفاداری بەرانبەر بە مافی دایک و باوک.
یەکێک لە گەورەترین جۆرەکانی وەفاداری دوای پەیمانی خوای گەورە و پەیمانی پێغەمبەرەکەی، وەفادارییە لەگەڵ دایک و باوکدا؛ خوای گەورە مافی ئەوانی بە مافی خۆیەوە بەستۆتەوە.
دایک و باوک ماندوو بوونە بۆ ئاسوودەیی و ئاسایشی تۆ و شەونخونیان کێشاوە بۆ خەوتنی تۆ، دایکت بە لاوازی و بێهێزی هەڵیگرتوویت و، باوکت کۆششی کردووە بۆ دابینکردنی بژێویت. جا ئەوە وەفادارییە کە چاکەکار بیت لەگەڵیاندا، کارەکانیان بۆ ڕاپەڕێنیت و دۆعایان بۆ بکەیت.
بەرهەمەکانی وەفاداری
وەفاداری بەرهەمی گەورەی هەیە لە دونیا و دواڕۆژدا. هۆکارێکە بۆ بەدەستهێنانی خۆشەویستی و ڕەزامەندیی خوا و، چوونە بەهەشت و ڕزگاری لە ئاگر. هەروەها هۆکارێکە بۆ چاکبوون و سەقامگیری کۆمەڵگە و دروستکردنی متمانە لەنێوان تاکەکانیدا. جا خۆزگە بەو کەسەی سیفەتی وەفاداریی تێدایە و بۆ ڕۆژی دوایی پاشەکەوتی دەکات .

