سارا نووری
دوای پرۆسەی ڕاگواستنی بەزۆری بارزانییەکان لە ناوچەکانیانەوە بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان، ڕژێمی بەعس هەر بە خاپوورکردنی گوند و دێهاتەکانیانەوە نەوەستا، بەڵکوو بەپێی پیلانێکی پێشوەختە داڕێژراو، لە ڕۆژی ٣١ی تەممووزی ١٩٨٣دا، شاڵاوی جینۆسایدی بارزانییەکانی دەست پێ کرد. لەو شاڵاوەدا و بە چەند قۆناغێک، هەشت هەزار هاووڵاتیی سڤیلی بارزانی جینۆساید کران. تاوانی ئەو هەشت هەزار هاووڵاتییە تەنیا ئەوە بوو کە کورد بوون و هیچ تاوانێکی دیکەیان نەبوو. ڕژێمی بەعس دەیویست بە زیندەبەچاڵکردنی بارزانییەکان کۆتایی بە شۆڕشی کورد بهێنێت، چونکە دەیزانی تا بارزانییەکان لە ژیاندا مابن، شۆڕشی کورد کۆتایی نایەت.
جینۆسایدکردنی بارزانییەکان بە شێوەیەکی ئەوەندە دڕندانە ئەنجام درا، کە باوەڕ ناکەم لە مێژووی عێراقدا وێنەی هەبووبێت. ئەم تاوانە هەموو نێرینەیەکی بارزانیی گرتەوە؛ لە مێردمنداڵەوە بگرە تا کەسانی بەساڵاچوو. هەموویان لە بەرەبەیانێکدا ڕاپێچی زیندانەکانی بەعس کران و دواتر بە شێوەیەکی دوور لە هەموو بەهایەکی ئایینی، کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی، لە بیابانەکانی عێراقدا بە زیندوویی زیندەبەچاڵ کران. بەپێی بەڵگەنامەکانی ڕژێمی لەناوچووی بەعسیش، سەلمێنراوە کە ئەو هەشت هەزار بارزانییە جینۆسایدکراوە، جگە لە کوردبوون، هیچ تاوانێکی دیکەیان نەبووە.
ئەوەی جینۆسایدی بارزانییەکان لە پرۆسەکانی دیکەی جینۆساید جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە دوای زیندەبەچاڵکردنی هەشت هەزار هاووڵاتیی بارزانیش، ڕژێمی بەعس دەستی بە گەمارۆدانی کەسوکار و خێزانی بارزانییەکان کرد لە هەموو ئەو کۆمەڵگە زۆرەملێیانەی کە تێیدا نیشتەجێ کرابوون. تەنانەت ئاو، کارەبا و هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیانی لێ قەدەغە کردن و خرانە ژێر چاودێریی توندی دەزگا ستەمکارەکانییەوە. ئەوەی لێرەدا جێگەی ئومێدە، ڕۆڵی ئافرەتانی بارزانییە، کە دوای ئەو کارەساتە، جگە لە ئەرکی دایکایەتی، شوێنی پیاوەکانیشیان گرتەوە و ڕادەستی زوڵم و ستەمی بەعس نەبوون. بە سەربەرزییەوە ڕووبەڕووی هەموو ئاستەنگەکانی ژیان بوونەوە، ئەرکی بەخێوکردنی منداڵەکانیان گرتە ئەستۆ و بژێوییان بۆ خێزانەکانیان دابین کرد. سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی بەرانبەریان کرا، نەیانهێشت منداڵەکانیان هەست بە بێنازیی باوکیان بکەن و شێرئاسا دەستیان بە کارکردن کرد بۆ پەیداکردنی بژێوی.
ئەوەی جێگەی داخە، وێڕای هەبوونی بڕیاری دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق و پەرلەمانی عێراق، هێشتا حکوومەتی فیدراڵ ئامادە نییە داوای لێبووردن لە کەسوکاری قوربانییانی جینۆسایدی بارزانییەکان بکات و قەرەبوویان بکاتەوە. لە کاتێکدا بەپێی یاسا و دەستووری هەمیشەییی عێراق، ئەرکی حکوومەتی عێراقە کە قەرەبووی کەسوکاری جینۆسایدکراوان بکاتەوە. بەڵام وەک زۆر پرسی دیکە، دوای ٢٢ ساڵ لە ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پێکهێنانی چەندین کابینەی حکوومەت، هێشتا بەشێک لە دەسەڵاتدارانی عێراق بە عەقڵییەتی ڕژێمی پێشوو کار دەکەن و ئامادە نین ئەرکە دەستوورییەکانیان بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان جێبەجێ بکەن. هێشتا ڕوفاتی هەزاران جینۆسایدکراوی بارزانی لە بیابانەکانی عێراق و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندان، کاریش بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان و هێنانەوەی ڕوفاتی شەهیدان بۆ زێدی خۆیان نەکراوە. ٤٢ ساڵە هەزاران دایکی جەرگسوتاو چاوەڕێی گەڕانەوەی ڕۆڵەکانیانن و هەزاران گەنج و لاوی بارزانیش تەنیا ئاواتیان ئەوەیە گۆڕی باوکیان ببینن.
هەزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی جینۆسایدی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

