رۆژنامەی ھەولێر

لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی بارزانیەکاندا سەرۆک بارزانی پەیامی هەبوو

عەمەر ئەرگوشی
جەنابی سەرۆک بارزانی پەیامێکی پیرۆز و ڕاشکاونەی بۆ گەلی کوردستان و حکوومەتی عێراق هەبوو، لەسەر هەلوێستە نەتەوایەتیەکانی بەردەوام بوو، وە ئاماژەی چاکی بە ڕۆڵی قارەمانانەی خەڵکی کوردستان و بارزانیەکان کرد و فەرمووی؛ هەرگیز دەستبەرداری مافەکانمان نابین و بەرەنگاری هەموو ئەوانەش دەبینەوە کە هەوڵی داگیرکاری و دووبارە کردنەوەی سیاسەتی شۆڤێنی و تاوانەکانی ڕابردوو دەدە.

ئەم وتەیەی جەنابی سەرۆک، بەر لەوەی هەڕەشە بێت ڕوونکردنەوە و دووپاتکردنەوەی بەردەوامبوونە لەسەر ئەو ڕێبازە کوردایەتیەی کە لە سەختترین ڕۆژانی ژیانی کوردستانیەکان پارتی بڕیاری بەرەنگار بوونەوەیدا لە دژی دڕندەترین دەوڵەتی سەربازی لە ناوچەکە کە بە مەرامی داگیرکاری و تاوان ئەنجام دان لە کوردستان جوڵەی دەکرد و پێشمەرگەکانیش دوودڵ نەبوون کە گیانی خۆیان بکەنە قوربانی لە پێناو خاک و مافی کورد.
وادیارە دەسەڵاتدارانی عێراقی پەندیان لە ڕابردوو وەرنەگرتووە و پاش سەدەیەک لە بەکارهێنانی هێز و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان بۆ لە لە ناو بردنی کورد و داگیرکردنی خاکەکەیان هەر بە عەقلیەتی جاران و بە مێتۆدی جاران مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەن،سەرەڕای ئەوەی کە بۆیان ئاشکرا کرا کە کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆی خاوەن خاک و مێژوو کولتوری خۆیەتی و مساومە لەسەر مافە نەتەوایەتیەکانیان ناکات، بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئەوان بە چاوێکی برایانە و مرۆڤ دۆستانە سەیری کێشەی کورد بکەن و بە پێی یاسا و دەستور و چارتی نەتەوەیەکگرتەوەکان هەوڵی چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی گەلی کوردستان بدەن، پێدەچێت لەسەر شێوازی دۆڕاوی کۆنی خۆیان بەردەوام بن، بێ گومانیش پارتیش لەسەر شێوازی کۆنی سەرکەوتووانەی خۆی بەردەوام دەبێت و بە گیانی شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی گیان فیدایی پێشمەرگەکان لە خزمەت بارزانیی نەمر لە سەر خەبات و قوربانیدان لە پێناو پاراستنی مافەکان و ڕزگاری کورد و کوردستان بەردەوام بن .
ئەوەی پارتی بە درێژایی مێژووەکەی بە پێشڕەو و سەرکەوتوو هێشتووەتەوە، ئەوەیە کە جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ چرکە ساتێکیش لە سەنگەری شەرەفی پاراستنی کورد و کوردستان غافڵ نەبووە و هەمیشە بە گیانی شۆڕشی ئەیلوول و بەگیانی پڕ بەرخودانی وەک داستانەکانی خواکورک لەسەنگەری کورد پارێزی و ماف پارێزی و ڕزگاری کورد و کوردستاندایە و وەک لە دوا پەیامەکەی دا هاتووە کە دەستبەرداری مافەکان نابێت.
ئەمڕۆ تای تەرازو لە بەرژەوەندی کورد و بزووتنەوە رزگاریخوازەکەیدایە وە جەنابی سەرۆک بارزانی بووە بە سەرکردەیەکی دیاری جیهانی لە خەباتی خۆیدا لە پێناو چەسپاندنی دیموکراتیەت و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بنیاتنانی ئاشتی و برایەتی و پێکەوەژیان لە هەموو عێراق دا، وە ئەوانەی مافەکانی کورد زەوت دەکەن و خەریکن خەون بە داگیرکاری و لەناوبردنی گەلی کوردستان دەبینن سەنگ و پێگەی خۆیان لەدەست داوە و لە ناو کۆمەڵگای ئازادی جیهانیدا نەک هەر ڕێزدار ناکرێن، بەڵام هەڕەشەی جیددیان لەسەرە کە شەرمەزاری مێژوو وە گەلی کوردستان بکرێن، پەیامی جەنابی سەرۆک پڕە لە ئامۆژگاری کردنی ناحەزانی کورد کە پابەندی یاساو دەستووربن و لەبەر ڕۆشناییان مامەڵە لەگەڵ کورد بکەن و بە ئەرکی نیشتمانی خۆیان هەڵسن بەرامبەر بە گەلی کوردستان وە ئەگەر نا ڕەنگە باجەکەی قورس بێت.