رۆژنامەی ھەولێر

بەخۆڕاگریەوە، تا ئێرەمان هێنا دەزگای خێرخوازی بارزانی، بیست ساڵ خزمەتکردنی مرۆڤایەتی

ئیسماعیل عەبدولعەزیز مستەفا
کاتێ لەبیرۆکە و وتە بەنرخەکەی باوکی رۆحی کورد، مستەفا بارزانییەوە دەستپێدەکەین کە فەرموویەتی ؛ شانازیە بۆ مرۆڤ کە خزمەتکاری میللەتی خۆی بێت؛ لێرەوە گەڕان بەشوێن ئاسوودەیی ویژدان و دەروون دەستپێدەکا، گەڕانێک پێویست بە دۆزینەوە و پەنجە خستنە سەر برینەکان و کۆمەک وھاوکاریکردنی کەسانی پێویست دەکات. بۆ ئەم مەبەستە ستراتیژیە بوو، کە بیست ساڵ پێش ھەنوکە دەزگای سەربەرز و پڕ شکۆی خێرخوازی بارزانیی نەمر ھاتە لەدایکبوون.

سەرچاوەی ئیلهام و سەرکردایەتی
وەک چۆن دەڵێێن ؛گەورە ئاو دەڕژێنێ و بچووکیش پێی پیا دەخشێنێ؛، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شوێنی پێی باپیرە مەزن و نەمرەکەی خوالێخۆشبوو ( مستەفا بارزانی)ی ھەڵگرت و بیرۆکەی ئەم دەزگایەی داڕشت. ئەم نەوەیەی بارزانی ھاتەسەر خەت و شانی دایە بەر ھەڵگرتنی باری قوورسی دەزگایەکی لەم جۆرە. ھەڵبەت ئەم بیرۆکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، بێ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوون و شیکردنەوە نابێت بەبێ باوک و ڕێنیشاندەر و مامۆستا مەزنەکەی، کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیە، باوکێک ھەم سیمبولە و ھەم ئایکۆنێکی درەوشاوەی نیشتیمانی و مرۆییە. چونکە ئەم سەرۆکە قاڵبۆتەوە لە سیاسەت و بەڕێوەبردن ودیپلۆماسیەت. دەکرێت یەکێک لەنھێنییە زۆر دیارەکانی سەرکەوتنی ئێستای ئەم دەزگایە خۆی ببینێتەوە لەھاوکاری و ھەماھەنگی نێوان مەرجەع کە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و کوڕە تێگەیشتوو و ژیرەکەیەتی کە جەنابی سەرۆکی حکوومەت مەسرور بارزانیە. واتە دڵ و جەستەی ئەم دەزگایە بە ئیلھام وەرگرتن لە وتە بەنرخەکەی باوکی رۆحی نەتەوەکەمان مستەفا بارزانی، بەبێ ڕەچاوکردنی نەتەوە، ئاین، سنور ئەم دەزگایەیان دامەزراند و خستیانە سەرپێ. بۆیە دەکرێت بڵێین جەنابی مەسرور بارزانی لێدان و ترپەی دڵی دەزگاکەیە.

کارکردن لەسەر داھاتووی کۆمەڵگاکان
تایبەتمەندییەکی ئەم دەزگایە خۆی دەبینێتەوە لە گرنگیدان بەکەرتی پەروەردە و کردنەوە و نۆژەنکردنەوەی سەدان قوتابخانەی ساڵانە لەھەرێمی کوردستان، سەرەڕای دابینکردنی پێداویستیەکانیان، کە لەکۆتاییدا یارەمەتیدەرە بۆ فەراھەمکردن و ڕەخساندنی ژینگەیەکی پەروەردەیی لەبار بۆ تەواوی نەوەکان و منداڵان و گەنجان و ژیانێکی شایستەش بۆ منداڵانی بێ باوک و ئافرەتانی بێسەرپەرشت. لەلایەکی دیکەوە، ئەم دەزگایە بەئەرکی لەخۆگرتن و سپۆنسەرکردنی ژیاینێکی شایستە بۆ ئازیزان کە تا ئێستا ژمارەیان گەیشتۆتە ١٧ ھەزار منداڵ و ئافرەتانی بێھاوژین ھەڵدەستێت. لەگەڵ ھەموو ئەوانە، ئەم دەزگایە تیمی ھەمەچەشن و ھەمە لایەنی ھەیە کە ناتوانێ دەستەوەستان بوەستێ بەرانبەر کارەساتە سروشتی و مرۆییەکان و خۆی دەگەیەنێتە ھەموو شوێنێک و زۆرجاریش سنورەکان تێدەەپەڕێنێت، تەنھا بۆئەوەی مرۆڤایەتی تێبگەیەنێت کە ھاوکاریکردنی مرۆڤەکان کاری ئەم دەزگایە و ھیچ منەتێکی تێدا نیە کاتێ ھاوکاری پێشکەش ئەوانیتر دەکات.
بێگومان، ئەم دەزگایە لەنێو ئاڵنگاری و بەربەستە گەورەکان لەدایکبوو، ئاڵنگاری گەلێک کە ھاتنە مەیدانی جێگەی سەرسامی و سەرسوڕمان بوو، لەکاتێکدا لە ٢٠٠٥ کە دەکاتە ساڵی لەدایکبوونی ئەم دەزگایە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی ھەرێم لە ئەوپەڕی باشیدابوو و ھیچ پێویستی بە ھاوکاری ھەماھەنگی دەزگا خێرخوازییەکان نەبوو، بەڵام دووربینی و تیژبینی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی و پیاوی رۆژە سەختەکان مەنسور بارزانی، توانرا بەپشت بەستن بە تەنھا یەک وتەی بارزانیی نەمر، ئەم دەزگایە بێتە دامەزراندن کە ئەمڕۆ بۆ زۆر کەس و کۆمەڵگا و خەڵک بۆتە ھەوێنی فەراھەمکردنی ژیانی باشتر بەراورد بە ڕابردوو.

ئەندامێتی نێودەولەتی و متمانەی جیهانی
ھەموومان دەزانین مرۆڤ چی بچێنێت ئەوەش دەچنێـتەوە، دەزگای خێرخوازی بارزانی-یش ھێندە کاری جوامێرانەی دەرھەق بە مرۆڤایەتی کردووە، ئەوەش کۆمەڵگە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی ناچار کرد متمانەی پێببەخشن و بیکەن بە ئەندام لە ئەنجومەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC). نەک ھەر ھێندە و بەس، بەڵکو لەماوەی دوو دەیە کارکردنیدا، دەزگای خێرخوازی بارزانی، دەیان نامە و سوپاس و پێزانینی لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان و ناوەندە جیھانییەکان پێگەیشتووە، کە ھەموویان جەخت لەکاریگەری ڕۆلی ئەم دەزگایە دەکەن لە ھاوکاری و بەھاناوە چوونی کۆمەڵگا و کەسانی لێقەوما و بێدەرەتان و بەخشینەوەی کۆمەک و ھاوکاری بەسەریان. ئەوەش بە شانازی دەشکێـتەوە بۆ ئێمەی کورد، چونکە ئەم دەزگایە کە لە یازدە سێکتەر پێکدێـت، ناتوانێ دەستەوەستان بوەستێ بەرانبەر ھیچ کەموکورتی و نەھامەتی و لێقەومانێک، چونکە دەست بۆ ھەر سێکتەرێک بەرێت، بێگومان دەزگای خێرخوازی بارزانی دەبێتە پێشەوا و یەکەمی بێ ڕکابەر لە پڕکردنەوەی مەینەتییەکان و پێشکەشکردنی ھاوکاری بەسەر ئەو کەس و لایەن و کۆمەڵگەیانەی تووشی قەیران و ھامەتی و لێقەومان بوونەتەوە.