ئاری ئاغۆک
*وەرگێڕان وەک زانستێک بریتیە لە پاراستنی مانای گشتی و بنەمای ئەو بەرهەمەی کە لە سەرچاوە سەرەتاییەکەی وەردەگێڕدرێ، بەتایبەت لە جیهانی شیعردا لەگەڵ ئەوەی کارێکی جوان و باش و بەهادارە، بەڵام زۆر زەحمەت و پڕ لە وردەکاری یە چونکە لە چنینی وێنەی شیعردا دەبێت ئەو مەبەست و پەیامەی ناخی شاعیر بگەیەنرێت، کە لە چوارچێوەی دەقێکدا لە ڕێگەی وشە و مانا و هەستەوە دەردەبڕدرێت و لە ڕێچکە زمانەوانی و وێنە شیعریەکەی لانەدات، جگە لەوەی دەبێت وەرگێڕ لە نێو بازنەی شیعردا خۆی دۆزی بێتەوە و شیعر خوێنێکی باشیش بێت، گرنگە شارەزایی لە هەردوو زمانەکە هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت وەرگێڕانێکی جوان و دروست وکاریگەر نیشان خوێنەر بدات.
*لە کتێبی (ڕەخنەی وەرگێڕان، شیعر وەک پێناسە شیعر وەک وەرگێڕان) لە ڕێگەی کۆمەڵە دەرگایەکی واڵای ئەدەبی چەند پرس و بابەتێک ڕوون کراوەتەوەو ئاماژەی پێ کراوە، لە هەندێ شوێندا بۆچوون و شرۆڤەی نووسەری کتێب (کەریم سۆفی) بە وردی و پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەک خراوەتە ڕوو، کە بەکۆی گشتی ئەم کتێبە بۆ ئەدیب و نووسەر خوێنەری بەئاگا گرنگە و پێویستە بخوێندرێتەوە، بۆ ئاشنابوون بە بۆچوون و وردەکاریە ئەدەبیەکان، لێرەدا لە ڕێگەی خوێندنەوەیەکەماندا گەشتێک بەنێو چەند لایەنێکی ئەم کتێبە دەکەین.
*لە لاپەڕە ٨ـی ئەم کتێبە بە ناونیشانی (وتەیەک) لە گۆشەیەکدا نووسەر دەڵێت: ڕەخنە لە هەر بوارێکدا بێت، پێوەر و تەرازووی خۆی هەیە و کارێکی ئەخلاقیانەیە و لە دەرەوەی ڕق و ناڕق و ناسیاو و نەناسیاو و دۆست و دژمن میلی هاوکێشەی خۆی دەخاتە جووڵە، ڕەخنەی (میزانی) زۆر لە ڕەخنەی (میزاجی) دوورە، بە ڕای من هەر ئەوەشە وەک ڤایرۆسێکی کوشندە وای کردووە لە سەرەپای جیهاندا لە نێو دنیای ئەدەبیات و ڕۆشنبیریدا بەگشتی، ڕەخنەگری سەر ڕاست و خودان ویژدانی (میزانکار)، نەک (میزاجکار) بە ژمارە کەمن!
پێم وابێ ئەم چەندە دێڕەی (کەریم سۆفی) خۆی لە خۆیدا مەبەست و پەیامە گشتیەکەی نێو ئەم کتێبە دەخاتە ڕوو، کە ئەمە ڕاستیەکە و لەم سەردەمەدا بەداخەوە زۆر بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت، لە نێوان (میزان و میزاج)ـدا گەلێ جار کتێب و دەق و بەرهەمی باش فەرامۆش کراون و بوونەتە قوربانی، لە بەرانبەردا دەقی لاواز و کتێبی بێ هێز، میزاجە شەخسیەکەی وەرگێڕ وای لێ کردووە بیباتە ترۆپک، لە کاتێکدا لە تەرازووی هەڵسەنگاندنە ئەدەبیەکە ئەو گرنگی و بایەخەی نیە و لاسەنگە! بۆیە دەبێت وەرگێڕ هەمیشە بە قورسایی ئەو دەقە کاری وەرگێڕان بکات.
*دەربارەی ئەوەی ئایا شیعر پێناسە دەکرێت، لە وتار و لێکۆلینەوەیەکی دوورودرێژدا لەم کتێبەدا چەند پرس و بابەت و لایەنێک بە نموونەوە باس کراوە، لە لاپەڕە ١٧دا نووسەری کتێب ئاماژەی بەوە کردووە: چاوگە و دەرهاوێشتەی شیعر هەرچیەک بێت، یان بەهەر جۆرە دەربڕینێک بێت و سەر بە هەر ڕێچکە و ڕێباز و قوتابخانەیەک بێت، هەر جۆرە شاعیرێکیش نووسیبێتی و هەر جۆرە خوێنەرێکیش بیخوێنێتەوە، حاڵەتەکە بۆ چێژ وەرگرتن و شرۆڤەکردن و بەرکەوتن، ڕێژەییەو تاڕادەیەکی زۆریش پێوەندی بەسەردەم و ڕۆژگار و ئاستی ڕۆشنبیریی شیعری و هەست و هۆش و کاردانەوە و ئامادەیی شیاوی خوێنەرەکەوە هەیە.
ئەم ڕوانین و خوێندنەوەیە پێمان دەڵێت کە شیعر پێناسەیەکی دیاریکراوی نیە، ڕووبەری شیعر فراوانە، ناکرێت بە یەک دیو، یا بە یەک پێناسە شیعر بخەینە چوارچێوەیەکی داخراوەوە، بۆیە چێژوەرگرتن لە شیعر لە ڕوانگەیەکەوە بۆ ڕوانگەیەکی تر جیایە، گەلێ جار بە چامەیەکی دوورودرێژ، ئەو چێژە کۆتایی نایەت و منی خوێنەر حەزم دەکرد چامە بەردەوام بوایە تا چێژی خوێندنەوە و خۆدۆزینەوە وەربگرم، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەنگە لیرکەشیعرێک یا پۆستەرەشیعرێک هەمان ئەو چێژە دوورودرێژەم پێ بدات کە لە چامەیەکی دەبینم، کەواتە هونەر و باڵای دەق خۆی فەرز دەکات بۆ ئەوەی وەرگێڕ ناچار بکات ئیشی لەسەر بکات بۆ وەرگێڕان.
*لەلاپەڕە ٢٦ ئاماژەیەکی جوان و ڕوون و گرنگ خراوەتەڕوو دەربارەی (لەنێوان بیرۆکەی شیعر و کاتی نووسین و بڵاوکردنەوە) لەم ڕوانگەیەوە نووسەر دەڵێت:
شاعیران زیاتر دەڵێن بیرۆکەکە دێت و ماوەیەک لەناو زەین و مێشک دا وەک بەڕاییەکی پڕ لەژان و کەف و کوڵ و ووردبوونەوەو کینگڵ خواردن و خۆ خواردنەوە بەر لە کەوتنە سەرکاغەز لە هەڵگێر و وەرگێڕێکی ناخەکیدا دەبێت تا ئەو کاتەی وەک دەقی تەواو، یا نیمچە تەواو بەلای شاعیرەکەوە لە قالب دەردەچێت و شاعیرەکەش وەک مامانێک لە کاغەزی وەردەپێچێ و پاشان مشتوماڵ و لیک و لووسی دەکات، شاعیریش هەیە دەڵێت هەرچۆن خۆی شیعرەکە هات، بێ دەستکاری و دەست تێوەردان وەک خۆی دەنووسمەوە، کەچی شاعیرش هەیە دەڵێت، وەک پڕۆژەی کارێک ماوەیەک ئیشی لەسەر دەکەم و دوای قەناعەتی تەواو ئەوجا بە پاکنووسی دەیخەمە سەرکاغەزو بەرچاوی خوێنەر.
ئەم شرۆڤەو خستنەڕووەی ئیلهام و نووسینی شیعر، ئەم کتێبەی دەوڵەمدنتر و پڕ زانیاری ئەدەبی کردووە، باسکردن لەو نموونانە ئاسۆی خوێنەر فراوانتر دەکات، مەودا شیعری و ئەدەبیەکە قوڵتر دەبێتەوە بۆ ئەو کەسانەی ئەهلی شیعرن، یا دەسپێکی هاتنە نێو دنیای شیعریان هەیە، ئەم پێناسە وخستنەڕووە دەبێتە سەرچاوەیەکی ئەدەبی باش، هەم بۆ نووسینی شیعر، هەم پەلە نەکردن لەبڵاوکردنەوە.
*دەربارەی وەرگێڕانەوە نووسەر لەژێر ناونیشانی (لەئەنجامی بەراوردێک) لە لاپەڕە ٥٦ دەڵێت:
وەکو ئەمانەتی ئەدەبی، ئەگەر هاتو خۆمان لەقەرەی وەرگێڕانی بابەتێکی ئەدەبی دا، دەبێ زۆر باش لێی ووردبینەوەو چەندان جار هەلگێڕ و وەرگێڕی بکەین، تەنانەت دەبێ دەمی کرداریش لەبەر چاو بگیرێ و ئاگاداری بین.
ئەم پەیامەی نووسەر ئاماژەدانە بە روحیەتی وەرگێڕانی دەق، ئایا چۆن دەق هەڵدەبژێری؟ ئایا ئەمانەتە ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکە چۆن دەپارێزی لەکاتی وەرگێڕانی هەر دەقێک کە خۆت مەبەستتە، بۆیە گرنگە بەو ڕوانینەوە کار لەسەر بەراوردکاری وەرگێڕان بکەیەن و بەویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەین.
*بابەتێکی گرنگ لەو کتێبەدا شرۆڤەو خوێندنەوەی بۆ کراوە دەربارەی (وەرگێڕانی شیعر لە وەرگێڕێک زیاتر) کە بەداخەوە لەم سەردەمەدا ئەم بابەتە هەستی پێ دەکرێت و زۆرجار دەقەکە لەنێوان هەست و بیرکردنەوەی وەرگێڕێک بۆ وەرگێڕێکی دیکە جیایە بۆیە کەریم سۆفی، بەناونیشانی (شیعرێکی مەحموود دەروێش + سێ وەرگێڕان) لە بەشێکی نووسینەکەیدا لە لاپەڕە ١٠٢ دەڵێت:
لەو سەر و بەندە و لێرەدا وەک هاوکارێک شانم داوەتە بەر شەنوکەوکردن و بەراوردکردنی چەند ڕستەو پەرەگرافێک کە سەرنجم لەبارەیانەوە هەیە لەوەرگێڕانی شیعرێکی شاعیرێکی فەلەستینی مەحموود دەروێش بەناوی (لیس للکردی الا الریح) کە هەر لەزمانی سەرەکیەوە واتە زمانی عەرەبی، بەپێی مێژووی بڵاوکراوەیان لە لایەن بەڕێزان ( د. ئازاد عەبدولواحید، جەمال غەمبار و د. ئەنوەر قادر محەمەد ) کراوەتە کوردی دیارە شیعرەکە لەلایەن شاعیرەوە پێشکەش بە (سەلیم بەرەکات) کراوە کە شاعیر وەک بەردەنگێکی کورد دەیدوێنێ و لەڕێگەی کەسایەتی ئەوەوە دەیەوێت باس لە ناواخنی بابەت و مێژووی پڕ لەهەوراز و نشێوی کورد بکات.
*هەروەها لە بابەتی (شیعرێک و دوو وەرگێڕان) لە لاپەڕە ١٣٥ کەریم سۆفی ئاماژە بەوە دەکات کە وەرگێڕانی دەقە شیعرێکی ڕۆماننووس و شاعیری گەورەی فەرەنسی ڤیکتۆر هۆگۆ یە ( ١٨٠٢-١٨٨٥ ز) کە بەناوی ئازادی لە لایەن دوو کەسەوە لە زمانی فارسیەوە وەرگێڕاونەتە یەکەمیان لە لایەن (کەریم سۆفی) کە لەگۆڤاری قەرەچوغ ژمارە( ١ ) تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩١ لاپەڕە ٢٧-٢٩ بڵاوکراوەتەوە و دووەمیان لەلایەن (مراد خۆشەوی) لە ڕۆژنامەی خەباتی قوتابیان، ژمارە( ٢١) لە ١٥-١٢- ١٩٩٧ بڵاوکراوەتەوە. هەروەها مەبەستمان بەراوردکردنی هەردوو دەقە وەرگێڕدراوەکەش نیە لەڕووی چۆنیەتی وەرگێڕانیانەوە، بەڵکو زیاتر مەبەست لە چەندایەتی و قەبارەی شیعرەکەیە لەدوای وەرگێڕانی دا.
لێرەدا ئەم دوو ڕوانین و خستنەڕووە بۆ ئەوەیە لە ڕوانگەی چەندایەتی و رێزمان و مانای ووشەو فۆڕمە گشتییەکەوە ئاخۆ لەکوێ وە بۆ کوێ دەچێت؟ چونکە ئەوەی تێبینیمان کردووە لەم ساڵانەی دوایی بابەتی وەرگێڕان بەشێوەیەکی گشتی زۆری و بۆریەکی پێوە دیارە، لە هەموو بوارەکان بەتایبەتی لە دنیای ئەدەب دا، لەش یعرو ڕۆمان و چیڕۆک چەند کتێبێک دەبینین بەیەک ناونیشان بەڵام هەر یەکێکیان بەدیزاین و وەرگێڕانێکی جیاجیا، کە بەداخەوە هەندێکیان تەنیا تەرجەمەی ووشە بە ووشەیە و هیچ بنامایەکی ئەدەبی لێ بەدی ناکرێت ! بۆیە ئەم کتێبە سەرچاوەیەک و خستنەڕووی بنەماکان و لایەنەکانی وەرگێڕان و شیعر و ئەدەبیات دەخاتەڕوو، هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوکەسانەی دەیانەوێ کار لەسەر وەرگێڕان بکەن، یاخوود لەدنیای شیعردا ئاشنابوونێک پەیدابکەن.
*ناوی کتێب: ڕەخنەی وەرگێڕان( شێعر وەک پێناسە، شیعر وەک وەرگێڕان).
*نووسینی : کەریم سۆفی.
*پێکهاتەی کتێب: (ئایا شیعر پێناسە دەکرێت، شیعرو پێناسە، لەئەنجامی بەراوردێک، وەرگێڕان ئەمانەتە، شیعرێکی مەحموود دەروێش + سێ وەرگێڕان، شیعرێک و دوو وەرگێڕان).

