حەمەسەعید حەسەن
بانگه‌وازه‌که‌ی ڕوانگه (25ی ئەپریلی 1970له بانگه‌وازێکی سیاسی ده‌چێت نه‌ک ئه‌ده‌بی، هه‌ر ده‌ڵێیت ڕێبه‌رانی بزووتنه‌وه‌یه‌کی سیاسی نه‌ک ئه‌ده‌بی نووسیویانه، هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌خنانه‌یشی به گژ ڕوانگه‌دا ده‌چوونه‌وه، ڕه‌خنه‌ی سیاسی بوون نه‌ک ئه‌ده‌بی. فازیل مه‌لا مه‌حموود، فوئاد قه‌ره‌داغی و فوئاد میسری ئه‌وەی له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌دا ده‌یانکرد، ململانێی سیاسی بوو، نه‌ک گوت‌وبێژی ئه‌ده‌بی.
(هه‌ر ڕاپه‌ڕینێک له مێژووماندا ته‌قی بێته‌وه، هه‌ر زوو له کوانووی ئه‌ده‌بیماندا تاوی سه‌نده‌وه.)(1) ئه‌وه ته‌واو له گوته‌ی ئه‌و سیاسییانه ده‌چێت که ئه‌ده‌ب به پاشکۆی سیاسه‌ت ده‌زانن و ئه‌و ئه‌ده‌به په‌سه‌ند ده‌که‌ن که له ڕاژه‌ی فیکری وان‌دا بێت و ئاو به ئاشی ئامانجی وان‌دا بکات. ئه‌و تێزه لێکدانه‌وه‌یه‌کی نادیالێکتیکانه‌یشه بۆ پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ده‌ب و واقیع، ئاخر وه‌ک چۆن واقیع کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب هه‌یه، هه‌ر وایش ئه‌ده‌ب، کاریگه‌ریی له‌سه‌ر واقیع جێ ده‌هێڵێت. ڕاسته ڕاپه‌ڕین له ئه‌ده‌بدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه، وه‌لێ ئه‌ده‌ب ده‌توانێت گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگه‌دا بكات، ببێته هه‌وێنی ڕابوونی میلله‌تێک، خه‌ڵکانێکی خه‌واڵوو بێ‌دار بکاته‌وه و بۆ شۆڕش هانیان بدات.
(ڕاپه‌ڕین له‌ناو ڕاپه‌ڕیندا)یش که له بانگه‌وازه‌که‌دا هاتووه، وه‌رگێڕانی ناونیشانی کتێبه‌که‌ی ڕۆژیه دۆبرێیه: (شۆڕش له‌ناو شۆڕشدا،) به سووکه ده‌ستکارییه‌که‌وه که کتێبێکی سیاسییه نه‌ک ئه‌ده‌بی. بانگه‌وازه‌که‌ی ڕوانگه بانگه‌شه بۆ (بیروباوه‌ڕی نوێی شۆڕشگێڕی) ده‌کات، گه‌رچی ئه‌وه ئه‌رکی کادیری حیزبه، ڕیکلام بۆ ئه‌م یان ئه‌و بیروباوه‌ڕ بکات و ئه‌دیب سه‌ودای له‌گه‌ڵ هونه‌ر و مه‌عریفه‌دا هه‌یه نه‌ک ئایدۆلۆجیا. بانگه‌وازه‌که بایه‌خێکی زۆر به (شۆڕش و شۆڕشگێڕی) ده‌دات، هه‌رچه‌نده ئه‌دیب، وه‌ک ئه‌لبیر کامۆ، که‌سێکه یاخیبوو، نه‌ک شۆڕشگێڕ، که‌سێکه بانگه‌شه بۆ یاخیبوون ده‌کات نه‌ک شۆڕش. گه‌رچی بانگه‌وازه‌که خوازیاره (وشه‌ی کوردی نه‌کرێته کۆیله‌ی دروشمی سیاسی،) وه‌لێ به‌شێکی گرنگ له به‌رهه‌می ڕوانگه‌یییه‌کان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خواسته‌وه خۆی ده‌نواند.
ڕوانگه‌یییه‌کان ده‌ڵێن: (نووسینی ئێمه ناشیرینی ناگرێته خۆی،) وه‌لێ ڕاستییه‌که‌ی، نووسه‌ر ده‌توانێت له ڕێی نیشاندانی لایه‌نه ناشیرینه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه، هه‌وڵی چه‌سپاندنی جوانی بدات. یان ده‌ڵێن: (نووسینی ئێمه گشت کۆت و زنجیرێک ده‌پچڕێنیت،) گه‌رچی بۆ نموونه له شیعردا نه کۆتی سه‌روایان شکاند، نه زنجیری کێشیان پساند. کاتێک ده‌توانین خۆمان به شاسواری بواری نوێکردنه‌وه‌ی شیعر بزانین که خۆڕسکانه بنووسین و هیچ کام له ڕێسا و ته‌کنیکه‌کانی شیعری دێرین ڕه‌چاو نه‌که‌ین. (شێوه و ناوه‌ڕۆک پێکه‌وه له دایک ده‌بن.) له بانگه‌وازه‌که‌دا ته‌نیا ئه‌و تاقه ڕسته‌یه‌م بینییه‌وه، له قسه‌ی ئه‌دیب بچێت.
هه‌رچه‌نده ڕوانگه‌یییه‌کان ده‌ڵێن: (ئێمه هه‌ر نووسه‌ر یان شاعیر نین، کارگێڕ، شۆڕشگێڕ و جه‌نگاوه‌ریشین!) که‌چی له‌تیف هه‌ڵـمه‌ت و ئه‌نوه‌ر (فه‌رهاد) شاکه‌لی، له‌وانیشی تێده‌په‌ڕێنن و له به‌یاننامه‌که‌یاندا (14. 07. 1971) هیچ بڕوایان به ڕیفۆرم نییه، (شیعریان به شۆڕش ده‌چوێنن) و خۆیشیان به (ڕزگارکه‌ری وشه‌ی کوردی!)(2) ئه‌و دوو شاعیره بۆیه جاڕی شۆڕ‌شیان داوه، (تا شیعری کوردی که مه‌یموونه، بیکه‌ن به مرۆڤێکی پوخت) و پێیان وایه (شاعیری ڕاسته‌قینه هێنده سه‌یر بیر ده‌کاته‌وه، زۆر که‌س به شێتی داده‌نێن.) شه‌کسپیرم بیر ده‌که‌وێته‌وه که ده‌یگوت: (شاعیر و شێت و منداڵ له خه‌یاڵدا یه‌کانگیر ده‌بنه‌وه.) شاعیر ده‌بێت تا ده‌نووسێت، هه‌ر گوێڕایه‌ڵی منداڵه‌که‌ی نێو بێشکه‌ی ناخی بێت، ئایا ئه‌وه جۆرێک نییه له شێتایه‌تی؟ به پێچه‌وانه‌ی ڕوانگه‌یییه‌کانه‌وه که ڕووی ده‌میان له زۆربه‌یه، هه‌ڵمه‌ت و شاکه‌لی پێیان ئاسایییه، ئه‌گه‌ر که‌سانێکی که‌م له شیعریان تێبگه‌ن.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت که (ته‌مه‌ننامه)ی خۆی ده‌نووسێته‌وه، تێیدا شتێک ده‌ڵێت که ئه‌مه پوخته‌که‌یه‌تی: (باوکم دووعانووس بوو، به نوشته و دوعاکانی، نه‌خۆش چاک ده‌بووه‌وه و باران ده‌باری.)(3) دوعا شتێکه له بابه‌تی سیحر و شیعریش جۆرێکه له سیحر. که شیعرێکی جوان ده‌خوێنینه‌وه، سه‌رسام و به‌نگ ده‌بین، هه‌ر ده‌ڵێیت سیحرمان لێ کراوه یان دوعامان لێ گیرا بووه. چونکه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت گوێڕایه‌ڵی منداڵه‌که‌ی ناخیه‌تی، ئه‌وه بۆیه سیحر له شیعری ده‌چۆڕێت.
شێرکۆ بێکه‌س ده‌رباره‌ی جه‌لال میرزا که‌ریم (1935 – 1993) ده‌ڵێت:
ئه‌و وه‌خته‌ی ئه‌و
عاشقی شیعری تازه بوو
له‌ناو دیوه‌خانی کۆن و
له‌ناو گه‌ڕه‌کی عورووزدا
شیعری تازه‌یان ڕاو ده‌نا. (4)
ڕاستییه‌که‌ی ده‌وروبه‌ری چاره‌که سه‌ده‌یه‌ک پێش ئه‌وه‌ی جه‌لالی میرزا که‌ریم شیعری تازه بنووسێت، گۆران (1904 – 1962) شیعری له‌ژێر چه‌پۆکی عورووز ده‌رباز کردبوو. ئه‌دی مه‌وله‌وی و بێسارانی و وه‌لێ دێوانه‌یش هه‌ر به کێشی خۆماڵی نه‌یانده‌نووسی؟ به چاوپۆشین له‌وه‌ی کام کێش ڕه‌چاو ده‌کات، کێشی هه‌یه یان نا، شیعر دوو جۆری هه‌یه، شیعری مردوو، ئه‌وی هه‌ر زوو سیس ده‌بێت و ده‌وه‌رێت، شیعری زیندوو، ئه‌وی به‌رگه‌ی زه‌مان ده‌گرێت.
کاکه‌مه‌م بۆتانی ده‌ڵێت: (که له‌ناو هه‌ولێردا، سه‌نگه‌ری زه‌رد و سه‌وز باڵاخانه و قه‌ڵایان قۆرخ کرد و به خه‌ونی کوردان پێکه‌نین … جه‌لالی نه‌مر له‌گه‌ڵ یه‌که‌م لێزمه‌ی گولله‌باران، خۆی گه‌یانده به‌ر په‌نجه‌ره‌ی ژووری خه‌سته‌خانه و ده‌می به یه‌کدا دا.)(5) ڕاستییه‌که‌ی کۆچی دوایی جه‌لالی میرزا که‌ریم، هیچ پێوه‌ندیی به شه‌ڕی نیوخۆوه نه‌بووه، ئاخر ئه‌و له 13. 01. 1993 دا زه‌نگی دڵی له لێدان ده‌که‌وێت و شه‌ڕی نێوخۆ له ئایاری 1994دا هه‌ڵده‌گیرسێت، واتا ساڵێک و چوار مانگ پێش ئه‌وه‌ی شه‌ڕ هه‌ڵبگیرسێت،ماڵئاوایی له ژیان ده‌کات.(*) (ده‌می به یه‌کدا دا)یش، وه‌سفێکی زۆر ناشاعیرییه، بۆ مه‌رگی ئه‌و شاعیره.
کاکه‌مه‌م بۆتانی ده‌ڵێت: (ڕاوبۆچوونی جه‌لالی میرزا که‌ریم له بیر و ئایدیای باڵی مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه نزیک بوو، به هه‌ڵه نه‌چووبم، ئه‌ندامیشیان بوو.)(6) به‌وه‌دا جه‌لالی میرزا که‌ریم به کۆمۆنیست ناسرابوو، پێ ده‌چێت کاکه‌مه‌م بۆتانی به هه‌ڵه‌دا چووبێت، ئه‌وه ڕاسته بۆتانی خۆی، سه‌ر به‌و لایه‌نه بوو، ته‌نانه‌ت له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش هه‌ر سه‌ر به‌و باڵه بوو، ئه‌وه‌تا هه‌ڵمه‌ت به ڕاشکاوی ده‌ڵیت: (له کۆتاییی شه‌سته‌کاندا پێشمه‌رگه‌ی جه‌لالی بووم!)(7) هه‌ندێک جار هه‌ڵمه‌ت شتی زۆر سه‌یر ده‌ڵێت، وه‌ك: (من شاهه‌نشای وڵاتی شیعرم.)(8) یان: (شێرکۆ بێکه‌س پێوه‌ندیی به هێڵی نوێگه‌رییه‌وه نییه.)(9) به مه‌رجێک له دوای (گۆران)ه‌وه، له بواری نوێگه‌ریدا، شانی هیچ شاعیرێکی کورد ناگاته ناوقه‌دی شێرکۆ بێکه‌س.
شیعر که خۆی (هونه‌ری بێده‌نگییه و پێویسته به‌رده‌وام گوێمان له بێده‌نگیی وشه‌کانی بێت،) که‌چی سه‌ره‌تای ساڵانی حه‌فتا، نه‌ڕه به‌سه‌ر شیعری کوردی‌دا زاڵ بوو. ئه‌و سه‌روه‌خته به ده‌گمه‌ن شیعرێک هه‌بوو، بێده‌نگی له دوای خۆیه‌وه جێ بهێڵێت. شاعیرانی ڕوانگه و له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش ده‌رکیان به‌وه نه‌کردبوو، شتی گرنگ ئه‌وه‌یه بێده‌نگی ده‌یڵێت، نه‌ک ده‌نگهه‌ڵبڕین. بێده‌نگیش جۆرێکه له کورت‌بڕی، ئه‌وی شاعیر لێی بێده‌نگ ده‌بێت و بۆ خوێنه‌ری جێ ده‌هێڵێت. (شیعری بێده‌نگ هه‌ر له شاخی سه‌هۆڵینی نێو زه‌ریا ده‌چێت، ته‌نیا لوتکه‌که‌ی به ده‌ره‌وه‌یه.)(10)
*
(1) بانگه‌وازێک له ڕوانگه‌ی ئه‌ده‌بی کوردیی نوێمانه‌وه 25. 04. 1970 شێرکۆ بێکه‌س، حسێن عارف، کاکه‌مه‌م بۆتانی، جه‌مال شارباژیڕی و جه‌لال میرزا که‌ریم. ( دکتۆر عه‌لی تاهیر به‌رزنجی، کاریگه‌ری ڕوانگه له نوێگه‌ری شیعری کوردی‌دا، ل197 خانه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی چوارچرا 2008 سلێمانی.)
(2) به‌یاننامه‌ی گرووپی که‌رکووک – کفری، شێته‌کان: سه‌رنج، هه‌ڵویست، پرۆژه. ( دکتۆر عه‌لی تاهیر به‌رزنجی، کاریگه‌ری ڕوانگه له نوێگه‌ری شیعری کوردی‌دا، ل224 خانه‌ی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی چوارچرا 2008 سلێمانی.)
(3) له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، چرایه‌ک له شه‌پۆلی گه‌رداودا، ڕۆڤار، ژماره (49) ل 4 ده‌زگای سه‌رده‌م 2008 سلێمانی.
(4) شێرکۆ بێکه‌س، جه‌لال، ئاینده ژماره (79) ل17 ته‌مووزی 2008 سلێمانی.
(5) کاکه‌مه‌م بۆتانی، جه‌لالی شیعر، ئاینده ژماره (79) ل25 ته‌مووزی 2008 سلێمانی.
(6) سه‌رچاوه‌ی پێشوو.
(7) له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، چرایه‌ک له شه‌پۆلی گه‌رداودا، ڕۆڤار، ژماره (49) ل 32 ده‌زگای سه‌رده‌م 2008 سلێمانی.
(8) مرۆڤ به‌بێ ئایین ناتوانێت داهێنان بکات، له‌تیف ڕۆأبه‌یانی، ستانده‌ر ژماره (26) ل 26 ته‌ممووزی 2008 هه‌ولێر.
(9) هه‌مان سه‌رچاوه، ل25
(10) باسم النبریص، الشعر و الصمت، 30. 06. 2008 ایلاف.
(*) شێرکۆ بیکه‌س له 2008 دا که باسی سه‌رهه‌ڵدانی ڕوانگه ده‌کات، زێتر له جارێک ده‌نووسێت: (نزیکه‌ی سی ساڵ له‌مه‌وبه‌ر) که ده‌بوو بڵێت، نزیکه‌ی چل ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. (شێرکۆ بێکه‌س، جه‌لالی میرزا که‌ریم و ڕوانگه، ئاینده ژماره (79) ل30 و 31 ته‌مووزی 2008 سلێمانی.

