رۆژنامەی ھەولێر

با بیر لە سبەی بکەینەوە!

خوسرەو جاف
بیری لێ بکەرەوە چەند وشەیەکی پڕ ماناو ئومێدبەخشە (سبەی) پاپلکەیە، بەرنامە و پلانە؛ جێگەی داخ و ئاخە ئێمەی کورد تا بە ئێستا بیرمان لە پلان نەکردووه‌تەوە.
خاوەن ڕانێک بە لای خۆیەوە چەندین کاوڕ دادەنێت بۆ کاتی خۆی بیانفرۆشێت؛ بۆ قەڵەوکردنیان بەرنامە و پلانێک دادەنێت، ئەوانە وەک مەڕەکانی تر نایانخەنە نێو ڕانەوە تا لە دەشت و دەردا بلەوەڕن، ئێمە یەشتا دەوڵەتمان نییه تا له‌ فکری بەرنامە و پلاندا بین.
دەوڵەتی ئێمە حزبەکانمانن؛ بەو توانا و سنووردارییەوە وا حزبەکانمان هەیانە، دەتوانن لەمە باشتر بیر له ڕۆژ بکەنەوە و پاڵپشتی ڕۆشنبیریی پێشمەرگەکان بن، جاران بە دەگمەن قوتابخانەیەک لە کوردستادا دەبیندرا مزگەوت و مەلا ئەو ئەرکەیان دەگرتە ئەستۆ؛ ئەوڕۆ ئەگەر شاعیری گەورە و خوێنەواری لێزان لە ڕابردووی ئێمەی کورد دەبیندرێت ئەوانە پەروەردەی لای مەلای مزگەوت و تێکڕای زانستی ئایینی بوونە و بەوە رازی نەبوونە کۆشاون خۆیان پەروەردە بکەن، نالی، مەولەوی، سالم، شێخ ڕەزا و تایەر بەگ؛ هەروەها لە بادینانیش ئەحمەدی خانی، جگەرخوێن ئەو پلەوپایەی پێی گەیشتوون، جگە لە وانەکانی مزگەوت خۆیان خۆیان پەروەردە کردووە گەیشتوونەتە پلەوپایەکی وا ئێمە ئەمڕۆ شانازییان پێوە دەکەین.
ئێستا ئەوە دوا ساڵەکانی سەدەی بیستەمە منێکی کوردی دوور لە وڵاتی بێوەتەن بیر لە پلان و بەرنامەی دواڕۆژ دەکەمەوە ئەگەر بۆ تێکڕای میللەتەکەم نەتوانم خۆ دەربارەی پەروەردەکردنی خۆم و منداڵەکانم دەتوانم بە ئومێدی ئەو ڕۆژەی هەر تاکێکی کورد ڕاستەقینە بیر لە گرینگی پلان بکاتەوە هەرنەبێ بە گوێرەی توانا میللەتانی پێگەیشتوو بە وردی بیر لە سبەینێی خۆیان و خەڵک دەکەنەوە، ئەوانەی تەکنەلۆژیای ئەوڕۆ کردوویەتە باو، بوونەتە بەشێک لە ژیانمان ڕۆژگارێک تەلەڤیزیۆن و، مووشەک، دابەزین لەسەر مانگ به‌شێك بوون لە خەیاڵ.
مرۆڤ توانیی دانەیەک لە توخمی ئەتۆم بە چاو ببینێت؛ زانکۆی شیکاگۆ ئەو کارە مەزنە و ئەو ئاواتەی بەدی هێنا..
وەرن با پێکەوە گەشتێک بە ناو پلان و هەروەها پێشبینییه‌کانی زانا بەناوبانگەکانی جیهاندا بکەین تا بزانین داهاتووی بەشەریەت دەگاتە کوێ…
_ پڕۆفیسۆر ئیف مالون دەڵێت: بە زوویەکی زۆر مرۆڤ دەتوانێ لەهەر کوێدا بیەوێت باران ببارێنێت، یان بەری بارینی بگرێت، یانی لە داهاتوودا لافاوی ترسێنەر و ڕاماڵینی ئاو دەبێتە خەیاڵ و بەشێک لە ڕابردوو هەروەها وشکەساڵیش نابێتە مەترسی برسیەتیی بڕێک لە میللەتان.
_ ڕۆژێک دادێ، ئەو موشەکانەی مرۆڤ هەواڵەی جەرگەی ئاسمانی دەکا، دەتوانێت بە ئاسانی بیانگێڕێتەوە سەر زەوی و بۆ جارێکی تر و جارێکی تر، سوودیان لێ وەرگرێت.
_ رۆژێک دادێ، شێوەی خواردەمەنی دەگۆڕێت و ئیدی برسیەتی بنبڕ دەکرێت.
_ دکتۆر ئیف مالون دەڵێت: دوورگەیەکی دەستکرد لە دەریای باکووردا دروست دەکرێت لە نێوان بەریتانیاو هۆڵەندا بۆ پاڵاوتنی دەریا.
_ دکتۆر تیودوی گوردن دەڵێت: تا چوار پێنج ساڵی ئاییندە، پاپلكەیەکی هەمیشەیی لەناو مانگدا دروست دەکرێت.
_ تا دە ساڵی تر مرۆڤ دەستی دەگاتە چەند ئەستێرەیەک.
_ خاڵی (لاجرانخ) ٢٤٠هەزار میل لە تۆپی زەوی مانگەوە دوورە و بە دەڤەر و ئاسمانێکی ئارام ناسراوە لەوێدا هێزە ڕاکێشەرەکان دەقیان بەستووە و لە تەرازوویەکی هاوکێشدان مرۆڤی پێ دەگا.
_ تا دە ساڵی دی یەکەمین ئاوەدانی لە مەداری تۆپی زەویدا پێک دەهێندرێت و زۆرتر لە ١٠هەزار کەسی تیادا دەژیێت؛ شێوەکەی ڕەنگە وەک لوولەیەکی چەرخاو یان پاچکەیەکی چەرخان بێت و لێرەدا توانای هەڵفڕینی تاو تاوی تیادا دەبێت و خەڵکی ئەو ئاوەدانییه‌دا هەرگیز دووچاری نەخۆشی دڵ نابن ئەو لادێیەی هەروەک لادێیەکی تر دارودرەخت و ئاژەڵی تیادا دەبێت، با و باران و چەخماخە و لەسەر بەرنامەیەکی داڕێژراو ئەنجام دەدرێت ئەمە کەیە (سبەی) لێرەدا سەد ساڵی تر دەکرێت بڵێی سبەی.
_ دکتۆر گوردن دەڵێ: تا شەش ساڵی کە مرۆڤ دەتوانێت کۆرپەی نەخۆش و نوقسان و ناتەواوی ناو سکی ئافرەت، چارە بکا.
_ د. مالون دەڵێت: هێزی ڕووخێنەری تۆفان و شاگەردەلوول بە دەزگا و ئامێری ئەلیکترۆنی دەستەمۆ دەکرێت و ئەو هێزە ڕووخێنەرە بۆ کاروکردەوەی سوودبەخش و سازندەگی بەکار دەبرێت لەلایەن مرۆڤەوە.
_ د. گوردن ئیف ماکدوناڵد دەڵێت:
هێزە سروشتیەکان وەک باران بروسک و چەخماخە و بروسکە و با و لافاو دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ته‌کنیکی و داهێنانی مرۆڤەوە و بڕێکیان وەک چەکی جەنگی و سەربازی بەکار دەبرێن.
_ پرۆفیسۆر داڤید دەڵێت: تا بە ئەمڕۆ مرۆڤ نەیتوانیوە هیچ جۆرە پەیوەندیەک لەگەڵ گیانلەبەرانی (فەزا)دا دروست بکات تا بە ئەمڕۆ نەزانراوە لە قووڵای ئاسماندا لەناو ئەستێرەکاندا گیانلەبەرانی زیرەک و هۆشدار هەن یا لە بنجوبێخدا هەر نین؟ ئەو زانیارییە تا بیست ساڵی تر مرۆڤی سەر زەوی لەوە ئاگادار دەبێت دەبێ بۆ لەمەولا چاو گڕ دەن.
_ سپیلوس دەڵێت:
1. ئەگەربێتو هەروا بێ پەروا سەرسەری شتومەک فڕێ بدرێتە ناو دەریاکانەوە ئاستی ئاوی زەریاکان بەرز دەبێتەوە و، بەشێکی زۆری زەوی دەکەوێتە ژێر ئاو.
2. داهێنانی جۆراوجۆری تەکنەلۆژیا هێندە زۆر دەبێت هەراوهۆریای ده‌روونی لەناو مرۆڤدا زۆر پەرە دەسێنێ.
3. هاتوچۆی مرۆڤ بۆ دەرەوەی کێشی زەوی گەلێک زۆر دەبێ؛ وای لێ دێت مرۆڤ ڕەنگە بەتەنهایی بۆ خۆی ئەو گەشتانە بکات ئەو ئامێر و دەزگایەی بەکاری دەبا بەشێوەیەکی کۆمپیوتەری لەیەکدانەوەی دەبێ.
دکتۆر ئیسحاق سیمون دەڵێت:
سبەی تەواوی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی لە قووڵای ئاسماندا ئەنجام دەدرێن و، تەواوی کارخانە زەبەلاحەکانیش دەگوێزرێنەوە قووڵای ئاسمان.
پرۆفیسۆر ڤلادیمر ئەلکسندروڤیچ دەڵێت: لە سبەینێدا بە هۆکاری دەزگایەکی لێکدانەوەی ئەلکترۆنییه‌وە هەر وتەیەک هەڵەی ڕێزمانی تیادا بێت ڕاست دەکرێنەوە؛ وەریشی دەگێڕێتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان.
بە هۆی مانگە دەستکردەکانەوە کە دە مەداری زەویدا سووڕ دەخۆن و دەچەرخێن و تیشکی هەتاو هەڵدەڵووشن و دەینێرنەوە بۆ زەوی وەک ئێنەرژیەکی سوودمەند مرۆڤ سوودی لێ وەردەگرن.
من خوسرەو جاف بۆ ئەوەی سبەی لەوانەی دەبنە باو و تازە باوەکان بێئاگا نەبم و بۆم نەبێت ئەم جۆرە زانیاریانە یاداشت دەکەم؛ لەبەر ئەوەی ئومێدەوارم بە (سبەی) مرۆڤ تا لە زەواری جیهانی ڕۆشنبیری ئاگادار بم.

تاران ٢١/١٢/١٩٧٨