رۆژنامەی ھەولێر

هەوڵەکانی بەهێزکردنی پایەکانی حوکمڕانی و سێرەی نەیارانی کورد

مزەفەر تاهیر
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەیەکەم ساتی دەستبەکاربوونی بەئاراستەی هێنانە کایەی سەقامگیری ئابووری و سیاسی هەنگاوی ناوە، لەم پێناوەشدا لەڕێگەی پلانێکی ستراتیژی و ڕەنگڕێژکراو بۆ ئامانجی گرینگ و سەقامگیر بەکردەنی هەنگاوی ناوە.
ئەگەرچی ڕێگری نەیارانی دەرەکی و هێزی پرۆکسی هەموو جموجۆڵ و هەوڵێکی خۆیان خستە گەڕ بۆ لەباربردنی ئەم هەنگاوە، بەڵام چوونکە بەئیرادەیەکی بەهێز و عەقڵی دەوڵەتداری پێگەیشتوو هەروەها پێداگری و سووربوونی بۆ بەجێ گەیاندنی ئەو بەڵێنانەی بەهاونیشتیمانیانی دابوو سەرکەوتووانە توانی ئەو قەیرانانە تێپەڕێنێ و گەلی کوردی لەقۆناغی چەقبەستوویی و گەلەکۆمەی دووژمنکارانەی هێزە ناوەخۆیی و هەرێمیەکان بەکەناری ئارام گەیاند.
لەوانەیە پرسیاری ئەوە بکرێ خەڵک لەقەیراندایە و کێشەی مووچە و نەبوونی ئارامی کۆمەڵایەتی خەڵکی هەراسان کردووە، ئەوە ڕاستەو سەرۆکی حکوومەت چەندین جار دووپاتی ئەوەی کردۆتەوە ئەگەر ئیرادە و خۆڕاگری جەماوەری کوردستان نەبایە ئەو قۆناغە زۆر سەخت دەبوو لەبەرامبەر ئەو هەڵومەرجە سەپێندراوەدا، نابێ ئەوە لەبیر بکەین بوونیادنانی ژینگەیەکی ئارامی کۆمەڵایەتی و هەبوونی ئابووریەکی بەهێز لەژێر چەتری هەرێمێکی خۆبەڕێوەبەری کوردی بێ قوربانی نابێ، بەپێویستی دەزانم لێرە سەرەنجێکی خێرا بخەمە سەر چەند هەنگاوێکی سەرۆکی حکوومەت کە بۆ ئێستا و ئایندەی ئێمە و نەوەکانمان وەک دەستکەوتی نیشتیمانی دەمێنێتەوە، بۆ یەکەمجارە ڕێڕەوێکی ئابووری کوردستان سنورەکان ببڕێ و بەرهەمی ناوەخۆی جوتیاران و پیشەوەران هەناردەی بازاڕەکانی وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و وڵاتانی ئەوروپا بکرێ بەمەش زیاتر پایەکانی ئابووری و پیشەسازی ناوەخۆیی بەهێز و تۆکمە دەکا، بەگڕخستنەوەی گەلێک کارگەو بووژانەوە و پەرەپێدانیان بۆ زیاتر بەرهەمهێنان لەنێوەخۆ و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ چینی کرێکار و پیشەوەری نێوەخۆیی، بێگومان ئەمە هەروا بەئاسانی بەدەست نەهاتووە بەڵکو دژایەتی و ڕێگری زۆر هەبووە لەم ڕێگەیەدا بەڵام ئیرادەی بەهێزی بەڕێزیان لەکۆتاییدا بە ئەنجام گەیشت، پڕۆژەی ڕووناکی کە پێویستیەکی لەپێشینە و هەرە لەپێشی ئاوەدانیە، لەماوەیەکی کەمدا ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتوانە گەیشتە شاروشارچچکەکانی کوردستان و بەهەزاران مۆلیدە کپ دەکرێن و ژینگە بەبەرگێکی نوێ و دوور لەژەهراوی بوون نەوەکانمان لەئامێز دەگرێ، قەیرانی وشکەساڵی بۆتە هەڕەشەیەکی گەورەی جیهانی و کەم ئاوی تەنگی بەناوچەکە هەڵچنیوە، سەرۆکی حکوومەت لەڕێگەی دوو هەنگاوی گرینگ و ستراتیژی دوور مەودا ڕێگری لەڕوودانی قەیرانی بێ ئاوی کرد و سەرکەوتوانە ئەنجامی باشی بەدەست هێنا ئەوانیش پڕۆژەی ئاوی فریا گوزاری بۆ شاری هەولێر و دەورو بەری، هەروەها دروست کردن و بوونیادنانی دەیان بەنداو و پووند لەسەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەم هەنگاوە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەساڵانی داهاتوو قەیرانی ژینگەیی تێپەڕ ئەکەین، نابێ ئەم هەنگاوانە نادیدە بکرێ بەبڕوابوونێکی زۆرەوە دووپاتی دەکەمەوە ئەو شارە گەورانەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەنها لەتوانای وڵاتێکی خودان جێگیر و سەروەری ئابووریەکی بەهێز لەتوانای دایە ئەنجامی بدات، بۆیە ڕێگری زۆر هەیە و هەوڵی زۆر درا بەئامانجی لەباربردن و پەکخستنی بووژانەوەی کوردستان و شکستی هێنا، بەدیوێکی تر نەیاران و دژبەرانی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستان خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی کوردستان وەک هەڕەشە دەبینن لەسەر ئابووری وڵاتەکانیان، دەبینین ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر بەرژەوەندی و ژێرخانی ئابووری کوردستان، بەڵام هیچیان نەبوونە ڕێگر لە بە کەنار گەیشتنی پلانی سەرکەوتوانەی سەرۆکی حکوومەت، بەئیرادەی بەهێز و تێڕوانینی بەڕێزیان هەنگاوی کردەنی و پلانی سەرکەوتر لەئایندەیەکی نزیکدا موژدەی داهاتوویەکی گەش بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان فەراهەم دەکرێ و ئەو قەیرانە سیاسی و ئابووریەی بەسەر هەرێمی کوردستان سەپاوە بەشکستی دژبەرانی کوردستان کۆتایی دێ .