رۆژنامەی ھەولێر

كوردسات بۆچی ئەو كەتنەی كرد!؟

‏ڕۆژنامەی هەولێر
‏‎لە کاتێکدا هەموو خەڵک بە هیواوە دەڕواننە کۆبوونەوە و گفتوگۆی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گونجاو لەگەڵ بەغدا، کە ببێتە هۆی چارەسەری قەیرانی بڕینی مووچە و کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵکی کوردستان، ئا لەم کاتە ناسک و هەستیارەدا، کەناڵی کوردسات بە بڵاوکردنەوەی گۆرانییەکی ئاستنزمی دوور لەبەها باڵاکانی هونەری ڕەسەن، هەستی خەڵکی بریندار کرد و، نیگەرانی کردن.
‏‎ئەو كەتنەی کوردسات، لە کاتێكدایە کە خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی مووچەکانیان دەکەن، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغداوە نزیکەی سێ مانگە بڕاوە، ئەوەش بووەتە خراپبوونی دۆخی ئابووریی خەڵک.
‏‎ئەم دۆخە خراپە، سەرلەبەری ناوچە و شارەکانی کوردستانی گرتووەتەوە، واتە دەسەڵاتی بەغدا، دژایەتیی سەرجەم دانیشتوانی کوردستان دەکات، نەک تەنیا شار و ناوچەیەک. لە لایەکی دیكەوە پەلاماری گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر شادەماری ئابووریی کوردستان، هێندەی دی بارودۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە؛ لەم کاتە هەستیارەدا، دەبێ میدیاکان ڕۆڵێکی هۆشیارانەتر و بەرپرسانەتر بگێڕن و هەوڵبدەن یەکڕیزیی و ئارامیی کۆمەڵگە بپارێزن، نەک ئەوەی ببنە مایەی نانەوەی دووبەرەکی و سەختترکردنی دۆخەکە.
‏‎بڵاوکردنەوەی ئەم گۆرانییە ئاستنزمە، نەک خزمەت بە هیوا و ئامانجەکانی گەلەکەمان ناکات، بەڵکوو بە پێچەوانەوە، دەبێتە هۆی دڵخۆشیی دووژمنان و دڵڕەنجانی خەڵکی کوردستان، هەرچەندە ڤیدیۆ ناشیرنەكەیان سڕییەوە، بەڵام هێشتا لێرە و لەوێ بە ناڕاستەوخۆ و بە ئەنقەست بڵاو دەكرێتەوە.
هونەرمەندان ئەرک و ڕۆڵیان ئاشتەوایی و ڕەنگڕێژکردنی جیاوازییەکانە نەک بەکارهێنانیان بۆ دووبەرەکی و گەیاندنی پەیامی نابەجێی سیاسی.
ئەمەش لە کاتێکدایە وەڵامدانەوەی ئاسانە، بەڵام دۆخی کوردستان و قۆناغەکە وامان لێ دەخوازێت کە بە بەرپرسیارییەتیەوە مامەڵە بکەین.
‏‎لە کۆتاییدا دەپرسین؛
ئاخر بۆ فیتنەگێڕیی؟، کە خزمەت بە کوردستان ناکات و پشت کردنە لە پرەنسیپە نیشتمانییەکان و یەکڕیزیی گەلی کوردستان و پێچەوانەی خواستەکانی خەڵکە.