خوسرەو جاف
زور نەبوو دەستەڵاتی سەدام هەرووژا بوو؛ “کۆمەڵەی نیشتمانی”، لە تەواوی نەتەوەکانی عێراق و ئایین و مەزهەبەکان، سەرجەم سەد کەس هەڵبژێردرابوون، تا وەک نوێنەری خەڵکە زۆرەکە بن، بەندە یەکێک بووم لەو سەد کەسە؛ ئەوانی ئێستا دەستەڵادار و هەمەکارەی دەوڵەت و دەسەڵاتی برادەرانی شیعەمەزهەبی عێراقن زۆربەیان لە کۆمەڵەی نیشتمانیدا وەک نوێنەر بەشدار بوون؛ لە مالیکیەوە بگرە تا خوار خوارەوەی تێدا بوو. ئەو کاتانە پێگەی کورد جێگە و شوێنی تایبەت بە خۆی هەبوو، هیچ کەس بە ئاسانی نەیدەتوانی هیچ جۆرە پەلەمار و ڕەخنەی ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆش لە پێگەو واقیعیەتی میللەتی کورد بدرکێنێ، یان بە شێوەیەک لە شێوەکان؛ ڕەخنەیەک پەلامارێک لە کوردایەتی بخاتە ڕوو، چ بە حەق یا بە ناحەق، جاروبار بڕێک لەو شیعە دەمارگرژانە کە دەدوان ئێمەمانانی نوێنەری کۆمەڵە لە وشەیەکدا یا گێڕانەوەیەکدا هەستمان بە نەفەسی کابرای دەکرد، کە ئەو برادەرە نەفەس و هەوا و هەناسەی دژ بە ئێمەی کوردە.
یەکێک لەو ڕوخسار و ڕووانە، ئاخوندێکی بچکۆلانەی مێزەرسپی و دەمارگرژی نەختەکێکیش خوێنتاڵ و ڕەزاقورس بوو؛ هەرکات وتەیەکیشی عەرز کردبا بۆگەنی هەناسەی هەست پێ دەکرا. ڕۆژێک کۆمەڵێک لە کافتریای پەرلەماندا دادەنیشتبووین؛ کورسیەکەی جەلالەدینە سەغیر لە نزیک بەندەوە بوو؛ ئێمەش چوار پێنج کورد بووین، وتم: کوڕینە! ئەمە فرسەتە، ئەم فرسەتە پێش نایەتەوە، ڕووم کردە لای کابرا وتم: مامۆستا من زەمانێکە پرسیارێکم لا گەڵاڵە بووە تۆ بۆ ناوت نراوە سەغیر؟ ئایا لەبەر قەبارە و هەیکەلەکەت بووە یان قسەکانت؟ وتی: مەبەستت چییە لە قسەکانم؟ وتم ئەم نازناوی بچکۆلانەیە خۆ باوکت ناوتی نەناوە، خەڵکەکە ناوی لێت ناوە؛ سا مەلا و فەقێی هاوکارت بێت یان دۆست و ئاشناکانت.
وتی من کاتێک لە حەوزەیدا فەقێ بووم مامۆستایەک لە مامۆستاکانم نازناوی سەغیری بۆ دەستنیشان کردم، هەر لەبەر قەبارەی بچووکی هەیکەلم. وتم: باشە مامۆستا وەک دەزانی سەردەم سەردەمی کورتبڕییە؛ من بۆ لەمەولا هەر بە مامۆستا بچکۆل ناوت نەبم؟ وتی نەخێر دەبێ پێشوەندەکەی کە ناوی جەلالەدینە بەکار بهێنی، ئەگینا تەنها بچکۆلانە دەبێتە ناتۆر. من ئەوەم دەزانی؛ هەرکات ڕەخنەم لە بابەتەکانی لە پەرلەماندا گرتبا، هەر دەموت بچکۆلانە! ئەو کابرا خێر و بێر و قسەی شیرینی نەدەناسی؛ وەک لە دۆزەخ بەرەڵا کرابێت، هەرچییەکی بوتایە، گۆبەنێکی دەناوە، هەر ئەو خولە وەک ئەندامی پەرلەمان دانرا، ئیدی دوور خرایەوە و گەڕایەوە سەر کاروبارەکەی خۆی؛ کە ئاخوند و بەرپرسیاری حوسێنیەی (براسا) بوو کە بە یەکێک لە جێگە پیرۆزەکانی دنیای شیعە و شیعەگەری دەناسرێت. بەندە جاروبار چاوم لەسەر نووسین و بۆچوونە خوێناوییەکانی دەبوو، سەرەنجام خۆم پێ ڕانەگیرا و لە یەکێک لە ڕۆژنامەکاندا بە عەرەبی ئەمەی خوارەوەم نووسی و بڵاوم کردەوە لە ژێر سەردێڕی (نامەیەکی ئاراستەکراو بۆ جەلالەدینە بچکۆل).
ئەم بچکەڵانەیە تەنانەت هاوڕێکانی خۆشی لە گوتار و کردار ڕازی نەبوون؛ بۆیان سەلمابوو ئەو کابرا زەرەر و زیانی لە سوودی زۆرترە بۆ حیزبەکەیان. بۆیە لە دەورەی دووەمدا هەڵیاننەبژارد و پەرلەمانی عێراق ئەو بچکۆڵانەیەی خۆی لەسەر پارێزگای هەولێر کاندید کرد! بە خۆشیەوە تاکە دەنگێکی نەهێنا.
جا بچکۆڵەکەی گۆڕستانی براسا؛ گوێم لێ بگرە؛ ئیمام زەمان زەمانێکە خۆی گوم کردووە؛ ئەگەر خوا کردی سبەی هاتە مەیدانەوە زڵم و زۆر و ناڕەوایی لەناو ببا و، کەسانی دەست و دەم خوێناوی لەناو ببات، ئەوە یەکەمیان تۆیت! هەروەها ئەگەر دز و دەخڵ و بەزمگێڕ و چەوت و خوار و لاری ناو بەشەریەت لەناو ببات، دڵنیام تۆی بچکۆڵانە، یەکێکی لەو یەکەمانە. ئەوە ئێمەی کوردین دەرگای ژیان و ئازادیمان لێ دەکرێتەوە. ئەوە ئێمەین دووبارە شکۆ و دەسەڵاتمان بەدەست دەهێنینەوە. دەدەین لە دەروازەی زێڕینی دەسەڵاتی ڕەهای پڕ لە ژیان و ئاسایش. بەغداش بە کەسانی وەک تۆوە بەو توانا داراییەوە لە خوێن و فرمێسکدا دەپشکێتەوە، ئەگەر مێش و مێشوولە و مەگەز و حاشوراتی کۆڵان و گەڕەکە لەبیرچووەکانی بەغدا گلێر کەیتەوە لە هەشتا تۆن کەمتر نابێت و، حاڵەتەکە بە تۆی بچکۆڵانەشەوە دەکرێتە هەشتەمین دەگمەن و سەرسوڕمانی جیهانی.
بەرەکەت کەن ئاوا. پەککوو! لەو حیکمەت و حەکیمانە وا تۆ پێشقەرەوڵیانی؛ تۆ لە هەرچی دنیای شیاو و جوانیی ژیان و ئاسایش و خێر و بێری خەڵکیدا هەر ئەو بچکۆڵانەی وا ناو نراوی. بڕۆ دۆزەخییەکان چاوەڕوانتن! بڕۆ بۆ جێگەی هەمیشەییەکەت ئەی گەورە لە تاوان؛ ئەی خوێناوی گوفتار لە لێدوان؛ هەوارگەی هەمیشەییت چاوەڕوانتە، کە دۆزەخی هەمیشەییە؛ پیرۆز بێت بچکۆڵەی ناو بچکۆڵەکان….

