فرسەت سەید شکور
سەرەتا
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی لە (١٠ی تەمموزی ٢٠١٩) دەستبەکاربوو، ئەم کابینەیە لەکاتێکدا ئەرکی گرتە ئەستۆ کە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاڵنگاریی سەخت ببووەوە، لەوانە قەیرانی دارایی، بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، نزمبوونەوەی نرخی نەوت و ناکۆکییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، حکوومەت بەپێی پڕۆژە پلان و بنیاتنانی ژێرخانی بەهێز توانیویەتی لە چەندین بواری جیاوازدا هەنگاوی بەرچاو بنێت و ژمارەیەک پڕۆژەی ستراتیژی بۆ خزمەتی هاووڵاتیان جێبەجێ بکات، کە بۆ حکوومەتێک کە لە بارودۆخی قەیراوناویدا هەنگاو بنێ، سەخت و دژوارە و ڕێگەکانیشی پڕ بوون لە ئاڵنگاری.
سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکان
یەکێک لە دیارترین سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەم، “خۆڕاگری” و بەردەوامی بووە لەبەردەم ئەو ئاڵنگارییە گەورانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، حکومەت توانیویەتی بەسەر قەیرانەکاندا زاڵ بێت و لە هەمان کاتدا پرۆسەی چاکسازی دەستپێبکات و خزمەتگوزارییەکان باشتر بکات.
لەم چوارچێوەیەدا، حکوومەت هەوڵی داوە بۆ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی ناوخۆ و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کەرتی نەوت، ئەمەش لە ڕێگەی گرنگیدان بە کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتوگوزار.
پڕۆژە گرنگەکان بۆ خزمەتی خەڵک
کابینەی نۆیەم شۆڕشێکی لە بواری پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیژییەکاندا بەرپاکرد، کە لێرەدا هەندێکیان دەخەینە ڕوو:
ڕێگاوبان: نزیکەی (٦٠٠) پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ کراون، کە (٧٥)یان پڕۆژەی ستراتیژین. ئەم پڕۆژانە بە ئامانجی پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان و پێکەوەبەستنەوەی شار و شارۆچکەکان ئەنجامدراون و سوودی درێژخایەنی بۆ هاووڵاتیان هەیە.
سامانی ئاو: بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە هەولێری پایتەخت، پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای ئاوی هەولێر جێبەجێ کراوە، ئەم پڕۆژەیە لە ڕۆژێکدا (٤٨٠) هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، و گرفتی ئاو بۆ چەندان گەڕەکی شاری هەولێر چارەسەر دەکات، کە لەماوەی ڕابردوو ببووە گرفتێکی سەرەکی بۆ ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان.
کشتوکاڵ و ئاسایشی خۆراک: گرنگییەکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ دراوە، چوار سایلۆ لە پارێزگاکانی هەرێم دروستکراون و ژمارەیەکی زۆر کارگە مۆڵەتیان پێدراوە هەروەها، بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، (٢٥) بەنداو و و (١٠٣) پۆند دروستکراون، وەکو بەشێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
خزمەتگوزارییە گشتییەکان: لە بواری پەروەردەدا، زیاتر لە (١٥٧) قوتابخانە و باخچەی ساوایانی نوێ دروستکراون و ژمارەیەکی زۆریش نۆژەنکراونەتەوە و هەروەها بە دامەزراوەیکردن و گرنگیدان بە بواری ئەلیکترۆنی و خۆگونجاندن لەگەڵ سیستمە پێشکەوتووەکانی پەروەردە لە جیهاندا.
تەندروستی: چەندین نەخۆشخانە دروستکراون یان لە قۆناغی جێبەجێکردندان.
پاراستنی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان:سەرەڕای ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و فشاری دەرەکی، کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی توانیویەتی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێزتر بکات. بەشداریکردنی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان، دەرفەتێک بووە بۆ ناساندنی هەرێمی کوردستان و وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە بووەتە هۆی ئەوەی کە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی گرنگ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بکرێت.
کۆبەند
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕابەرایەتی مەسرور بارزانی، وێڕای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریی زۆر، توانیویەتی لە بوارە جیاجیاکاندا دەستکەوتی بەرچاو بەدەست بهێنێت. جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، بەتایبەتی لە بواری ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەروەها پاراستنی پێگەی سیاسی و دیپلۆماسی هەرێم، نیشانەی سەرکەوتنی کارنامەی ئەم کابینەیەن. بەردەوامبوونی ئەم هەنگاوانە دەتوانێت ئایندەیەکی گەشتر بۆ هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکات، هەروەها پاراستنی هاوسەنگی لەنێو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەماوەی ڕابردوودا، دیسان هەرێمی کوردستان وەکو پێگەیەکی گرنگی و خوازیار بۆ ئاشتی و تەناهی لە ناوچەکەدا وێنا دەکات.

