رۆژنامەی ھەولێر

پرۆژە مەزنەكەی سەردەمی قەیرانی دارایی

‎هاودەنگ فارووق
‎ساڵێک لەمەوبەر مەسرور بارزانی، بێگوێدانە ئاستەنگە گەورەکانی بەردەمی حکوومەتەکەی، بێگوێدانە گەمارۆی ئابووری و شەڕی تابووری پێنج و، درۆن و میلیشیاکان، قۆڵی ئاوەدانی لێ هەڵماڵی و، پرۆژە هەرە گەورەکەی بۆ ئاوەدانی هەولێر دەستپێکرد.
‎پرۆژەی ئاوی خواردنەوە بۆ هەولێر، جوانترین خەڵات و نایابترین نمای شارستانی و ئاوەدانییە. ئەم پرۆژەیە، بە دەست و پسپۆڕیی سەرمایەی ناوخۆی کوردستان جێبەجێکرا و، لەم سەردەمی سکهەڵگوشینەدا، کابینەی نۆ 480 ملیۆن دۆلاری بۆ تەرخانکرد.
‎پرۆژەکە ئاو لەزێی گەورەوە دێنێت، دەیپاڵێوێت و، بۆ ماوەی سیی ساڵی ڕەبەق گەروی هەولێر تەڕ و پاراو دەکات، کێشەی ئاوی خواردنەوە تاکو سیی ساڵی دی لەهەولێر ڕووناداتەوە!
‎کورد ئیدیۆمێکی جوانی هەیە دەڵێت” ئاو و ئاوەدانی” بەو مانایەی ئاو کۆڵەکەی سەرەکی و بڕبڕەی پشتی ژیان و ئاوەدانییە. خۆ ئەگەر ئاو نەبێت، گەورەترین شار و ئاوەدانییەکان دەبنە وێرانە و خەرابات.
‎كاك مەسرورو ستافەكەی لەو دۆخە دژوارەدا، دەستبەجێ دەستی برد بۆ چارەی کێشەی ئاوی پایتەخت، چونكە ژیرانە تێگەیشتن كە ئاو بۆ هەولێر، وەک خوێن وایە بۆ دڵ. بۆیە ئاوی بۆ هەولێر دابینکرد. هەم شارەكەو هەم خەڵكە بە ئەمەك و دڵسۆزەكەی قەڵاو منارەی بووژاندەوە.
‎پرۆژە هەرە گەورەو ستراتیژەكەی ئاوی هەولێر، وێڕای بوژاندنەوەی شار، دەبێتە هۆی ڕاگرتنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی، چونکە لەقۆناغی یەکەمدا 1000 بیری قووڵ پڕ دەکرێنەوەو، چیتر ئاویان لێ دەرناهێنرێت. بەوەش ئاستی ئاو دەپارێزرێت و، ژینگەی کوردستان و جیۆلۆجیای ناوچەی هەولێر، بەشێوەی سروشتی خۆیان دەمێننەوە.
‎ئێمە سەرباری هەر بابەتێکی دیکە، پێویستە گەواهیدەری ئەو ڕاستییە بین کە حکوومەتی هەرێم، بێپەروا لە هەموو گوشارەكان، نەخشی زێڕینی لەسەر هەولێر دانا. لەبەنداوەكانی چواردەوری بگرە تا پڕۆژەكانی دی.
‎ئێستا هەولێر، وەک شارە گەورەکانی جیهان، خاوەنی گەروویەکی تەڕە و، سەختیی وشكەساڵی گۆڕانی ژینگە ناتوانێت چیتر گەروی وشک بکات.
‎کە قسەش دێتە سەر بابەتی هەڵسەنگاندنی دڵسۆزی و چالاکی، چۆن دەکرێت گەورەیی ئەم هەنگاوە پشتگوێ بخرێت؟
‎ ئەوەیە كاری پڕبەخشش و ناوازە كە بێیت دەست بۆ ئەو كاروخزمەتانە ببەیت كە لە ڕەگوڕیشەوە چارەسەری کێشەکان بكات، نەک چارەسەری ڕووکەشی کاتیی. بۆ نموونە وەک ئەوەی لەپرۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 کاتژمێریی دەیبینین، ئیتر کوردستانی تاریک و شەوەزەنگی بێتروسکایی نابینینەوە. بەهەمان شێوەش، ئەم پرۆژە گەورەیەی ئاو، چارەسەری کێشەی ئاوی خواردنەوە، لە ڕەگوڕیشەوە دەکات.
‎دووریی دیدگاو پلان، قووڵایی نەخشە وپلانی دەوڵەتداری، كاك مەسرور بەم جۆرە جوڵەو پرۆژانە دەپێورێن، نەک بە دروشم و، زیکەزیکی سەر میدیا. ئێستا ئیتر سەرکەوتووترین ئەزموونەکانی حوکم لەناوچەکەدا، دەبێ بێن لەم پرۆژەیەی حكوومەتی كوردستان فێرببن و، تێبگەن چۆن لەژێر گەمارۆی ئابووریدا، پرۆژەیەکی ئاوا گەورە جێبەجێکرا؟