رۆژنامەی ھەولێر

هەڵمەتی سەربازی عێراق و بەریتانیا بۆ سەر دەڤەری بارزان ١٩٣١-١٩٣٢

لە ژمارەیەک بەڵگەنامەی ئەرشیفی نیشتمانی بەریتانیادا
و: شێرکۆ حەبیب
بەشی یازدەهەم
پێشەکی
سەرجەم ئەم بەڵگەنامانەی بە سوپاسە لە رۆژنامەی هەولێر بڵاو دەکرێنەوە بەشێوەی زنجیرە، سەرجەمیان لە ئەرشیفی نیشتمانی بەڵگەنامەکانی بەریتانی دەستم کەوتووە بۆ سەر زوبانی عەرەبی وەرمگێڕاوە و چاپ کراوە و، بەڕێز پرۆفسۆر عەبدولفەتاح بۆتانی پێشەکیەکەی بۆ نووسیوە، کە ١١ پەرتووکن (کەس مافی دووبارەبڵاوکردنەوەی نییە) و، لێرەدا بە زوبانی کوردی دەیخەنە بەر دیدی خوێدەوارانی بەڕێز بۆ ئەوەی تۆزێک لەگەڵ ئەو مێژووە ئاشنا بن.
ڕێڕەوی ئۆپەراسیۆنەکان:
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژی یەکەمدا، ئەو شۆڕشگێرانەی ڕوویان لە لووتکەی شاخ و دۆڵەکان کردبوو، کشانەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکان و بەزۆری بە درێژایی ڕۆژ لە ئەشکەوتەکانیاندا دەمانەوە. بەڵام گروپە چەکدارەکان لە دەشتەکاندا بەدوای خۆراکدا دەگەڕان و هێرشیان کرایە سەر. خێڵەکان ئێواران ودوای تاریکی لە ئەشکەوتەکان دەهاتنە دەرەوە بۆ ئامادەکردنی خواردن. دواتر دەرکەوت ژاوەژاوی ئەو بۆمبانە جگە لەوەی بۆمبەکانی دواکەوتوو لە ڕۆژدا دەخرێنە خوارەوە و لە شەودا کاتی تەقینەوەیان بۆ دانراوە، زۆر هەستی نائەمنی و ئازارەکانی زیاد دەکردن.
درەنگ بۆمبارانی شوێنی پیادە و سەرچاوەکانی ئاو لە گوندە چۆڵەکان و ئەو ناوچانەی کە ناسراون بە بەکارهێنانی شوڕشگێران کرا. ئەمەش لە هەموو شتێک زیاتر شوڕشگێرەکانی ترساند و بە تێپەڕینی کات دەترسان ئەشکەوتەکانیان بەجێ بهێڵن بۆ کۆکردنەوەی خۆراک و سووتەمەنی و ئاو و، پێداویستییەکانی دیکەیان لە گوندەکاندا بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەش وابەستەی لەوەڕگە بەرزەکان بوون و، ئێستاش وابەستەن. زۆری نەخایاند دانیشتووان بۆیان دەرکەوت چیتر سەلامەت نییە سەردانی گوندەکانیان بکەن، بە شەو و ڕۆژ. گوندەکان لە ڕاستیدا مەترسیدارترین ناوچە بوون.
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا، سەرنجی زیاتر لەسەر ئەو ناوچەیە بوو کە دەوترێت شێخ ئەحمەد لەگەڵ شوێنکەوتوانەکەیدا خۆی حەشار داوە. خۆشبەختانە زانیاریی دروست لەلایەن سەرۆکی فەوج ئۆمالی لە بلێ و لیوای فڕین سی پی ئاڕ بلێ کە لەگەڵ دیکۆل بوو لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕۆکۆچک بەدەست هات. ڕاپۆرتەکانی ئەم دوو سەرچاوەیە تا ڕادەیەکی نایاب ڕێککەوتن و وای کرد ڕۆژانە بۆمب لە نزیک دەرگای چوونە ژوورەوەی ئەو ئەشکەوتەی کە شێخ ئەحمەد تێیدا حەشار دابوو فڕێ بدرێت.
دامەزراندنی پێگەی سوپای عێراق لە لیراپیر بەیشۆک و خەیروزوک هاوکارییەکی گەورەی لیوا فڕۆکەوان بلێ بوو لە کارەکانیدا، چونکە وای کرد لە نزیک سنووری باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکەدا بمێنێتەوە. لە ماوەی دوو هەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنەکاندا، شێخ ئەحمەد لە ناوچەی چیای کۆرێ هۆرێ ماوەتەوە، هەرچەندە لە چەند بۆنەیەکدا شوێنی حەشاردانی ڕاستەقینەی خۆی گۆڕیوە. براکەی، مەلا مستەفا، لە ناوچەی شێروان مەزن، کە کۆمەڵێک گوند بوون، وەک بنکەیەک کە چاودێری هەر جموجۆڵێکی سوپای عێراقی دەکرد لە ڕێگەی ڕۆکوچکەوە لە چامە جێگیر بوو. فڕۆکە نزم‌فڕیوەکانی ئەم ناوچەیە هەمیشە وریا بوون و زۆرجار لە ئەشکەوتێکەوە لە لای دۆڵەکە لە تەنیشت چیای شێروان مەزنەوە بەر تەقەی تفەنگ دەکەوتن. لە گەرووی سۆڵێ پێگەی دووەمی شۆڕشگێران هەبوو، دەروازەکانی دۆڵی کانی بووتی بەرەو گوندی بارزان گرتبوو.
بەشی سێیەم: ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان
قۆناغی سێیەم کۆنترۆڵی ئاسمانی
نوێکردنەوەی هۆشداری بۆ هاووڵاتیان:
پێش ڕاگەیاندنی چاودێریی ئاسمانی، ئەوپەڕی وریایی گیرا بۆ دڵنیایی لەوەی کە هۆشدارییەکی گونجاو بە دانیشتوانی ناوچەکە بدرێت. شێخ ئەحمەد پێشتر لەو نامەیەدا کە لە ٢١ی ئایاردا پێی گەیشتبوو، هۆشدارییەکی شەخسیی پێ گەیشتبوو، بەڵام گرنگ بوو ناوەرۆکی ئەم نامەیە بگاتە خەڵکی گوندنشین و عەشیرەتەکان بۆ ئەوەی ئاگاداری ڕاستی کارەکە و ئەو مەرجە بەخشندەیە بن کە پێشکەش بە سەرکردەکانیان دەکرێت. ترسی ئەوەی هەبووە کە لێدوانی نووسراو بێکاریگەر بێت، وەک دواتر بە دۆزینەوە پشتڕاست کرایەوە کە هەرچەندە ئەو تراکتانەی لە ٢٦ و ٢٧ـی نیسان لە ئاسمانەوە فڕێ درابوونەوە خوارەوە لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە هەڵگیراون، بەڵام نەیانتوانی بیخوێننەوە و بە ڕێزەوە هێنایانە لای شێخ ئەحمەد کە تەواوی ناوەرۆکەکەی ئاشکرا نەکرد. بۆیە بڕیارم دا سیستەمی تایبەتی ڤیکتۆریا تاقی بکەمەوە کە بڵندگۆیەکی بەهێزی تێدایە کە لە ئینگلتەراوە بۆ ئەم بابەتە نێردراوە بۆ تاقیکردنەوە. دواتر پشتڕاست کرایەوە کە ئەو پەیامانەی لەم ڤیکتۆریایە پەخش دەکران بە ڕوونی لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە بیستراون و لێیان تێگەیشتوون و ئەو دەنگەی لە هەواوە دێت کاریگەرییەکی قووڵ و بەردەوامی دروست کردووە.
بەکارهێنانی سەرکەوتووانەی بڵندگۆی ڤیکتۆریا:
بڵندگۆی ڤیکتۆریا کە لە ٢٩ی نیسان جێگیرکرابوو، بە سەرکەوتوویی کارەکانی ئەنجام دا، گەشتەکانی ئاسمانی ئەلهیندی دەریانخستووە کە پەیامی کورت بە ڕوونی لەسەر زەوی دەبیسترێت، هەروەها داتاکان سەبارەت بە باشترین ڕێگاکانی گەشت و ڕاپۆرتکردن بەدەست هێنراوە.
بۆ ماوەیەک لە دۆزینەوەی تاکێکی گونجاو بۆ ئەو کارە تووشی کێشە بووین. هەروەها ماوەیەک بوو ڕیکلامی بۆ کرابوو کە بڕیارە کەسێکی گونجاو وەک بێژەر لە ناوچەی بارزان دابمەزرێت. پشکنەرێکی پۆلیسی هەولێر بە ناوی حەمید ئەفەندی کە دەیتوانی بە زمانی کوردی بە شێوەزاری بارزانی قسە بکات، دواجار دۆزرایەوە و سەلماندی کە کارامەترین بێژەر بووە. دوای شەڕێکی سەرکەوتووانەی لەسەر گوندە کوردنشینەکانی نزیک مووسڵ، ڤیکتۆریا لە ٢٩ی نیسان ڕەوانەی گوندەکانی ناوچەی مزووری باڵا کرا کە گوندەکانیان دەرنەچن کاتێک بۆردومانەکە دەستیپێکرد. تێبینی کرا کە گوندەکان سەرەڕای ئەوەی لە ٢٥ و ٢٦ـی نیساندا تراکتەکان کەوتنە خوارەوە، هێشتا دانیشتوویان تێدایە. دوای ئەوەی تراکتەکان لە هەواوە بەسەر گوندە سەرەکییەکان کەوتنە خوارەوە، تێبینی کرا کە دانیشتووانەکە وادیارە دەستیان کردووە بە چۆڵکردنی گوندەکان. ئەم سەرکەوتنە ڕواڵەتییە هاندەری تاقیکردنەوەی زیاتری ئامێرەکە بوو لەم بۆنەیەدا.
بڵندگۆی ڤیکتۆریا ڕەوانەی هەولێر کرا و، لەوێوە کاردەکات، ئەم پەیامەی خوارەوەی بۆ سەرجەم گوندە گرنگەکانی ناو ناوچەکە پەخشکرد بۆ ئەوەی لە ٢٥ـی ئایار ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان بیگرێتەوە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئەی خەڵکی بارزان و شێروان گوێ بگرن.
حکومەت پێشنیاری مرۆیی پێشکەش کردبوو. ئاگربەستەکە ئەم ئێوارەیە کۆتایی پێ دێت. سبەی بەیانی دەست دەکەین بە بۆردومانکردنی هەموو گوندەکان تا خۆتان رادەست دەکەن. شەو و ڕۆژ بەردەوام دەبین لە بۆردومانەکە. گوندەکانتان جێ بهێڵن و خۆتان بشارنەوە، لەگەڵ خێزان و ئاژەڵەکانتان، تا ئاڵا سپی بۆ فڕۆکەکە هەڵدەکەن.
بەیانی ٢٦ـی ئایار پەیامێکی کەمێک جیاواز پەخش کرا، بەم شێوەیە:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئەی گەلی بارزان و شێروان بە دڵنیاییەوە نامانەوێت زیان بە بە کەسوکارتان بگەیەنین. ئەگەر هاتیت و خۆت رادەست کرد، یەکسەر بۆردومانکردن ڕادەگرین. ئەگینا بەردەوام دەبین لە تۆقاندنی ئێوە و ئاژەڵەکانتان.
پەیامی دیکەی سروشتی هاوشێوە لە ئێوارەی ٢٦ـی ئایار و بەیانی و ئێوارەی ٢٧ی ئایاردا پەخش کران، دواتر ئەفسەری هەواڵگری پشتڕاستی کردەوە کە ئەو پەیامانە بە ڕوونی بیستراون لە لایەن جەماوەری ناوچەی کۆنترۆڵکراوەوە. وادیارە شێخ ئەحمەد ئاسایشی لە دەروازەکانی ناوچەکە زیاد کردووە، ترسی ئەوەی هەبووە لە ئەنجامی ئەو پەیامانەی لە ئاسمانەوە پێیان گەیشتووە، دانیشتووانی ناوچەکە هەوڵی جێهێشتنی بدەن.
کۆنترۆڵی ئاسمانی:
لە کۆتاییدا لە کاتی خۆرئاوابوون لە ٢٤ی ئایاردا، ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێری ئاسمانی دەستی پێکرد. کۆپییەکی فەرمانی ئۆپەراسیۆن کە بە ئەفسەری فەرماندەیی هێزی هێرشی هێزی ئاسمانی شاهانە دەرچووە وەک پاشکۆی F هاوپێچ کراوە. ئەم فەرمانە لە ٢٤ی ئایاردا بووە، بەڵام بڕیار بوو فەرمانەکانی ئۆپەراسیۆنەکان لە ٢٨ـی نیسان لە هەموو ناوچەکان دەست پێبکات. ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکان و ئەو شێوازانەی کە دەبێ بەکار بهێنرێن پێشتر لە بەشی شەشەم، بڕگەکانی ١٦٠-٦٣١دا باس کراون. لەماوەکانی دوای ٢٩ی نیسانەوە، تیمی فڕۆکەوانی دەرفەتی نایابیان هەبوو بۆ ئاشنابوون بە ناوچەی بارزان لە ١٦ی ئایارەوە. هەرچەندە هیچ چالاکییەکی ئاسمانی لە باکوری ڕۆژئاوای ڕۆکوچک ئەنجام نەدرا، بەڵام گەشتی سیخوڕی و نمایشی بەردەوام بە مەبەستی ئاشنابوون بە ناوچەکە و بیرهێنانەوەی شێخ ئەحمەد و خێڵەکانی لە ئامادەبوونی هێزی ئاسمانی لەم ماوەی دانوستانەدا ئەنجام درا.
ئەو ناوچەیەی کە لە سەرەتادا دەبوو کۆنترۆڵی ئاسمانی سنووردار بکرێت و ئەو ناوچە تایبەتانەی کە بەسەریدا دابەش کرابوو هەمان ئەو ناوچەیە بوون کە پێشتر ئاماژەیان پێ کرابوو.
فەوجە بۆمبڕێژکراوەکانی ژمارە ٣٠ (مووسڵ) بەرپرسیارێتی ناوچەی لاوەکی (١)ی پێ سپێردرا و، بڕیار بوو ڕۆژانە یەک گەشت بۆ ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدات.
فەوجی ژمارە ٥٥ (بۆمب هاوێژ) لە هەولێرەوە بڕیار بوو ڕۆژانە دوو گەشت دابین بکات: یەکێکیان بۆ بەشی ڕۆژئاوای و ئەوەی تر بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە. دواکەوتن لە دەرکردنی فەرمانەکان بۆ ئەوەی بە پشتبەستن بە هەر زانیارییەکی هەواڵگری کە لەوانەیە وەربگیرێت، کاپتن A.F.C. برایس ڕاسپێردرابوو سەرپەرشتی کارەکانی ڕۆژانە بکات لە ناوچەی نیشتنەوە لە بلێ کە تەنها چەند خولەکێک مەودای ئاسمانی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە دوورە. هەموو بەیانییەک زوو لە هەولێرەوە گەشتی بۆ بلێ دەکرد و هەموو ئێوارەیەک دەگەڕایەوە هەولێر. هەموو فڕۆکەوانەکان پێش و دوای دەوریەەکانیان لە بلێ نیشتنەوە. ئەم ڕێکخستنە بووە هۆی بەکارهێنانی تەواو و دەستبەجێی هەر زانیارییەک کە لەلایەن فەرماندەی فەوجەکە و ئەفسەری هەواڵگری ئاسمانی، ڤی.دی. ئۆمالی، ئێم سی، بنکەکەی لە بلێ، بەو پێیەی سەرچاوەی سەرەکی هەواڵگری بوو سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ناوچەکە.
لە شەوی ٢٤/٢٥ی ئایاردا، فڕۆکەی ڤیکتۆریا گەشتێکی ئەنجامدا بۆ دیاریکردنی ڕادە و شوێنی چالاکیی خێڵەکان لە کاتژمێرە تاریکەکاندا. ئەم گەشتە دەریخست کە زۆربەی دانیشتووان گوندەکانیان جێ هێشتووە بۆ سەرەوەی دۆڵی شاخەکان، کە ژمارەیەکی زۆر ئاگری کاتی تێدا بەدی کرا.
لەم ماوەیەدا و دواتر گەشتی شەوانە، دەرکەوت کە زۆر بەسوودە، بەتایبەتی کاتێک تیشکی مانگ نەبوو. لەم جۆرە شەوانەدا کە لوتکەی شاخەکان بە ئاسانی جیا نەدەکرانەوە، بڵێسەی ئاگر بەسەر دۆڵەکاندا دەکەوتنە خوارەوە. بە دۆزینەوەی دۆڵەکانی تەنیشت شاخەکان، هەندێک لە فڕۆکەوانەکان توانییان شوێنەکان بە وردی دەستنیشان بکەن. ئێوارەی ٢٥ـی ئایار، لە کاتی فڕینی نزمدا کە پێویست بوو لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکاندا، کۆرپۆراڵ هاسکێل ئەی بی، ٣٣٥٧٢٥، تۆپچییەکی ئاسمانی لە فەوجەکەی ژمارە ٥٥ بی، بە سەختی لە پشتەوە بریندار کەوت. هەمان ڕۆژ، فەوجێکی واپیتی ژمارە ٥٥ (ب) لە دەوریەیەکی ئێواران نەیتوانی بگەڕێتەوە و دواتر دەرکەوت کە بە دەمانچە خراوەتە خوارەوە، کە لە زەویەوە لە نزیک هۆبا تەقەی لێ کرا. فڕۆکەکە بە تەواوی تێک شکێندرا و فڕۆکەوانەکە بە ناوی سەرجەنت ئێڵ ئێف جی و ئۆبزێرڤەر ٣٦٥٢٢٢ ئێڵ ئەی سی ئێڵ جی (ئێدمۆند) دەستبەجێ کوژران. دواجار پاشماوەکانیان لە ٢٦ـی حوزەیران لەلایەن مەفرەزەیەکی سوپای عێراقەوە بە شەرەفی سەربازی تەواوەوە بە خاک سپێردرا. هەرچەندە زۆرجار فڕۆکەکان لە زەویەوە تەقەی دەمانچەیان لێ دەکرا، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانە گیانییەکی دیکەی نەبوو.

هێزی سەرەکیی شۆڕشگێران لە کۆری هۆریەوە بۆ بوتین گواسترانەوە:
پێشنیاری بەکارهێنانی هێزی عەشایەریەکان دژی بە بارزان
پێشنیاری ڕێکخستنی بنکەکانی پۆلیس لەسەر ڕووباری شەمدینان
شێخ ئەحمەد ناوچەکە بەجێ دەهێڵێت
دامەزراندنی ناوەندێک لە شێروان مەزن