رۆژنامەی ھەولێر

هۆشیاریی نقوومبوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا

فەزیلە شۆرش
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاڵێکی وەرچەرخانی ئەم سەردەمەن؛ سەردەمی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە بە هەموو کاردانەوە ئەرێنی و نەرێنییەکانییەوە بەسەر تاکەوە. تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پانتاییەکی فراوانیان لە ژیانی مرۆڤی سەردەمدا داگیر کردووە و بوونەتە پردێک بۆ گەیشتن بە هەواڵ و زانیاری بە خێراترین شێوە، هەروەها بۆ پێشخستنی تاک بە هاوتەریبی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی جیهاندا، بەمەرجێک ناوەڕۆکەکانیان ڕاست و دروست بن. زۆربەی خەڵک ئەم تۆڕانە بۆ خوێندن، ڕاپەڕاندنی ئیشوکار و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیریی خۆیان بەکاردەهێنن.
لە ئێستادا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر نزیک بوونەتەوە لەوەی جێگەی میدیا کلاسیکەکانی وەک بینراو، بیستراو و نووسراو بگرنەوە.

شێوەی بەکارهێنانیشیان دەکەوێتە سەر ئاستی ڕۆشنبیریی تاک. بەداخەوە، خەڵکانێک هەن بە خراپی بەکاریاندەهێنن و خەڵکیان پێ هەراسان دەکەن. ئەوانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ سەرقاڵکردنی تاک بە جنێودان و قسە و هەڵسوکەوتی نەشیاو، وەک بڵێی لە گێژاوێکی تەم و مژاویدا دەخولێنەوە. لە ئەنجامدا و بەهۆی ئەم گێژاوەوە، زۆر جار تووشی کێشە و تراژیدیای سەختی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەبن، کە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی خێزان، لێکترازانی تاکەکان و دروستبوونی ڕق و کینە و دڵەڕاوکێ لەنێو خێزاندا. بۆیە پێویستە هەر تاکێک بزانێت کە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێت دوور بێت لە سنووربەزاندن. گرنگتر لە هەمووی، چالاکییەکانی بەکارهێنەر پێویستە لە چوارچێوەی ئازادیی تاک، ئاداب و کولتووری کۆمەڵایەتیدا بێت.

ئەوەی جێگەی داخە، دوژمنانی کورد و هەرێم ئەم تۆڕانەیان کردووەتە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروست و کاری ناشایستە. هەوڵیانە لە پاڵ تێکدانی ئاسایشی خێزان و کۆمەڵگەی کوردستاندا، ببنە هۆکارێک بۆ تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و کاڵکردنەوەی هەستی ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتمانی لەنێوان ڕۆڵەکانی کوردستاندا. ئەمەش لە ڕێگەی پووچەڵکردنەوەی عەقڵی گەنجانەوە دەکرێت، بەوەی گەنجان بە بابەتگەلی زۆر نزم و بێبایەخەوە سەرقاڵ دەکەن. بۆیە هەر تاکێک پێویستی بە هۆشیارییە، پێش ئەوەی نقوومی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ململانێکانی ببێت. پێویستە مرۆڤ خۆی فێری جیاکردنەوەی کاری ڕاست و دروست لە کاری ساختە و ناشایستە بکات و ئاگاداری خۆی بێت تا بە دەمامکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵنەخەڵەتێت.