هاودەنگ فارووق
لەدوای دەستبەکاربوونی مەسرور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی كوردستان، زریانێک لە گوشاری زاڵمانە، هەوڵی دروستكردنی تەنگژەو کێشە هەڵی کرد،
گوشاری سەر دۆسیەی نەوت، هەر لە ئاستەنگی یاسایی و سیاسییەوە، تا کێشەی تەکنیکی و هێرشی درۆن.
گوشاری دەروونی و شەڕی سایکۆلۆژی و پڕوپاگەندەی چەواشە، شەڕی میدیایی، بەڵام بارزانی هەردەم یەک ڕستەی کۆنکرێتی دووبارە دەکردەوە و دەیگوت: “بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان ناکەین!”
ئەمە ئەو دەستەواژە سیحرییە بوو، کە سەرجەم پیلانەکانی دەگەڕاندەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
ئەو دەستەواژە سەقامگیرە وای دەکرد هەمیشە دوژمنان پلانەکانیان بگۆڕن، نەک مەسرور بارزانی گوتار و ستراتیژی خۆی بگۆڕێت.
تەنها لە دوو مانگی ڕاگرتنی ئەمجارەی مووچەدا، بەغدا بە چەند شێواز زمانی سیاسەتی گۆڕی. یەکەمجار گوتی، بەشە بودجەی کوردستان تەواو بووە، کەچی دواجار ڕێککەوتن پەسەند کرا.
گۆڕانکاری لە مارکێتینگی هەڵوێستەکانی بەغدا، نیشانەی لاوازی هەڵوێستەکانە لەبەرانبەر ئەو هەڵوێستە کۆنکرێتییەی مەسرور بارزانی هەیبوو، كە هەمیشە پێداگری دەکرد لەوەی: “سازش لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان ناکەین.”
لە کاتی چڕبوونەوەی قەیرانەکە و توندکردنەوەی سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستاندا، لەکاتێکدا گوشارە دەروونی و میدیاییەکانی تابلۆیدی زەرد گەیشتبوونە لووتکە، هەندێک کەس و لایەن چاوەڕوانی خۆڕادەستکردنی حکوومەتی هەرێمیان دەکرد، کەچی ئەوەی سەیر بوو، بارزانی ڕستە کۆنکرێتییەکەی دەگوتەوە و بە پشتیوانی خودا و گەلی کوردستان و بەڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، یەکەم جوڵەی بۆ لەرزاندنی پایەکانی ئەو سیاسەتەی بەغدا دەستپێکرد.كۆبوونەوەی لووتكەی پارتی و یەكێتی و ڕاسپاردنی سەرۆکی یەکێتی، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە، وەک نوێنەری کورد لە بەغدا، بۆ ڕێککەوتن، کۆی پیلانگێڕییەکەی سەر کوردی تێکشکاند.
حکوومەتی کوردستان، لە دانوستانی سازش نەکردن لە مافەکانی کورد، گفتووگۆی کرد و لەناوەڕاست گەیشتن بەیەک و بەغدا لە مەرجەکانی خۆی هاتە خوارەوە و هەولێریش لەهەندێ هەڵوێستی خۆی نەرمی نواند، ئیدی دەرچەیەک بۆ ژیانێکی ئارامتر لە کوردستان کرایەوەو خەونی پیلانگێڕانیش یەكسان بەسفر كرایەوە.

