رۆژنامەی ھەولێر

درۆن ناردن واتای خۆی هەیە !

عەمەر ئەرگوشی
حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگای خزمەت بە گەل و وڵاتیان گرتووەتەبەر و لەبەرچاوی هەمووان دیارە کە گۆڕانکارییەکی بەرجەستە لەبەردەستە کە جێگای شانازیی خەڵکی کوردستان و هەموو دڵسۆزانی گەلەکەمان و میوانە بەڕێزەکانی ناوچە و جیهانە.
جێی باسە عێراق سەرەڕای ئەوەی کە سەدا نەوەد و سێی بودجەی عێراقی لەبەردەستە و هەندێ جاریش بە کەموکوورتییەوە سەدا حەڤدەی بۆ کوردستان دەنێرێت، بەڵام ئەوەی کوردستان ئەنجامی داوە لە خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانی بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت لەگەڵ عێراق کە بە دەردی بێ کارەبایی و بێ ئاوی و بێ خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنێت. بۆ نموونە لە سنووری پارێزگای بەسڕە لە دەرەوەی پارێزگاکە هەتا ئێستا قوتابخانەکانیان وەک چەرخی کۆن سەریان دەخولێتەوە، نەخۆشخانە و ڕێگاوبان وێرانەن. جا کاتێک کە ئەو هاووڵاتییە عێراقییانە سەردانی کوردستان دەکەن و پێشکەوتنی کوردستان دەبینن و ستایشی دەکەن، ئەوان تەنیا شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە لە ئاست گەلی عێراق، بەتایبەتی کە لە هەڵبژاردنەکانی گشتیی عێراق نزیک بووینەتەوە، ئەوان هەموو هەوڵێک دەدەن ئەم پێشکەوتن و سەقامگیرییەی کوردستان ڕابگرن و بیشێوێنن، هەر بۆیەش پەنا بۆ مووچە و بودجە بڕین و بە ئامانج گرتنی سەرچاوەکانی داهات دەکەنە بەرنامە و بە ڕۆژی ڕووناک سەرچاوەکانی نەوت بە ئامانج دەگرن.
ئەوانە بێگومان خێری کورد و کوردستانیان ناوێت و دەیانەوێت لە ڕێگای هەندێ خەڵکی خۆیانەوە لە هەرێم ئاژاوە و پشێوی بنێنەوە بۆ ئەوەی ڕووی ڕاستەقینەی ئاشتی و ئارامی و برایانەی کورد بە پێچەوانەوە پیشانی خەڵکی بدەن و سەرکەوتنی خۆیان بە ئازار گەیاندن بە خەڵکی کوردستان ببینن. کە ئەمەش بەڕاستی دوورە لەو بنچینە و کولتوورەی کە گەلی کوردستان لە پێناویدا چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی عەرەبە عێراقییەکانەوە بەست بۆ ئەوەی وەک برا لە عێراقی نوێدا لەسەر بنچینەکانی تەوازن و تەوافق و مشارەکەی هاوبەش بیبەن بەڕێوە.
لەسەرەتای دامەزراندنی عێراقی نوێدا بڕیار بوو چەک لە دەستی هەڵە دەربهێنن و چەک هەڵگرتن بە یاسایی بکرێت، بەڵام بەداخەوە عێراق وای لێهاتووە کە دەبابە و فڕۆکە و هەموو لە دەستی ئەو خەڵکانەن کە نە حساب بۆ یاسا دەکەن و نە بۆ برایەتی و پێکەوە ژیان، و دەوڵەتی عێراقیش بە خۆی لە دەست ئەوان دەناڵێت، و حکومەتی عێراق جگە لە داواکردن لە دەستپێکردن بە لێکۆڵینەوە هیچی تری لەدەست نایەت، کە پێدەچێت لێکۆڵینەوەکانیش بە تەلەفۆن ئەنجام بدرێن و نەتوانن کەس سزا بدەن و نە سنوورێک بۆ ئەوانە دابنێن کە درۆن دژی خەڵکی کوردستان و خاکەکەی بەکاردەهێنن.
ئەوە بەم کردارانەیان پیشانی خەڵک دەدەن جگە لە بەردەوامبوون لە سیاسەتی فاشیانە و دوژمنکارانەیان دژی خەڵکی کوردستان و حکوومەتی هەرێم و دامودەزگاکانی شتێکی تریان مەبەست نییە، لێرە هەموو هاووڵاتییە بەشەرەفەکانی کوردستان شانازی بە حکومەتەکەیانەوە دەکەن کە سەرەڕای سیاسەتی دۆژمنکارانەی لایەنە عێراقییەکان بۆ هەرێم و سەرەڕای مووچە و بودجە بڕین هەرێمی کوردستان هەر ژمارە یەک مایەوە لە ئاوەدانی و پێشکەوتن و ئارامیدا وە ئەگەر ئەوان بەربەست و ڕێگر نەبوونایە ئەمرۆ کوردستان لەسەر ئاستی جیهان ناوبانگی زیاتری دەردەکرد.