رۆژنامەی ھەولێر

پاشخانی سەد ساڵ پێکەوە ژیان و ئایندەی هەرێمی کوردستان

پ.ی.د. ساسان حیکمەت عەلی*
بەشی یەکەم

پێکهێنانی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ و دواتر لکاندنی ویلایەتی موسڵ بەو دەوڵەتەوە لە لایەن بەڕیتانیاوە پاش جەنگی جیهانی یەکەم ئامانج لێی گۆڕانکاریی جیۆسیاسی بوو بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی ئینگلیزەکان، بە بێ ڕەچاوکردنی ناسنامەی نەتەوەیی و مەزهەبی کە هۆکاری دەرکەوتنی قەیرانێکی جیۆپۆڵیتیکی بەردەوام بوو.
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم، مافی بڕیاردانی چارەنووس لەسەر بنەمای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری ئۆرگانە سەرەکیەکانی خۆی و چەندین پەیماننامەی نێودەوڵەتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان دایناوە،سەرچاوەی گرت و لە گەڵ پراکتیزەکردنی زانستی و کاریگەرانەی لە لایەن گەلانی جیهانەوە، بەڵام پراکتیزەکردنی پرەنسیپی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلان لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕوخسارێکی یاسایی وەرنەگرتووە، بەڵکو لە چوارچێوەیەکی سیاسی دا ماوەتەوە چونکە دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان بە پێی بەرژەوەندییە جیۆپۆڵیتیکیەکانی خۆیان ئەو مافانەیان بە گەلان ڕەوا بینیوە.
هەروەک پاڵپشتی و بەرژەوەندییە جیۆپۆڵیتیکیەکانی ویلایەتەیەکگرتوەکان و دەوڵەتانی ئەوروپا لە لایەک و هۆکارەکانی توندوتیژی و کوشتار و کۆمەڵکوژی و جەنگی ناوخۆیی لە لایەکی تر وای کرد بڕیاری جیابوونەوەی کۆسۆڤۆ سەر بگرێت، بەڵام جینۆسایدکردنی گەلی کورد لە پرۆسەکانی ئەنفال و کیمیاباران و سووتماککردنی خاکی کوردستان و بە عەرەبکردن و ڕاگوێزان و وێرانکردنی گوند و شارۆچکەکانی کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە لە ئاستی جیهان بە گشتی چاوپۆشی لەو تاوانانە کرا کە لە بەرامبەر گەلی کوردستان ئەنجامدرا..
دروستبوونی سیستەمی تاک جەمسەریی لە سەرەتای نەوەدەکان بووە هۆکاری دووبارە ڕێکخستنەوەی پێکهاتە جیۆپۆڵیتیکیەکانی سیستەمی نوێی جیهان، لەم سیستەمە هەژموونیکەدا تەواوی ڕووبەری جوگرافی جیهان بە ناوچەی ستراتیژی یان کۆمەڵێکی ئاسایشی سەرەکی هەژموونی ویلایەتەیەکگرتوەکانی ئەمریکا دەناسرێن کە دواتر کوردیش سوودێکی گەورەی لەم گۆڕانکاریی و سیستەمە نوێیەی جیهان وەرگرت، چونکە دەستێوەردانی مرۆیی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی ١٩٩١ و دەرکردنی بڕیارنامەی ٦٨٨ هۆکاری کردنەوەی سنوورە داخراوە جیۆپۆڵیتیکیەکان بوو لە بەردەم هەرێم و دواتریش دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ پێگەکەی بەهێز کرد .
لە گەڵ لەناوچوونی حکوومەتی بەعسیش لە ساڵی ٢٠٠٣ و ئەو گۆڕانکاریانەی لە عێراق دا ڕوویدا بەڵام سنوورە جوگرافییەکەی وەک خۆی ماوەتەوە، ئەمەش ئەوە دەگەیەنیت کەوا دەوڵەتانی زلهێز تاکو ئێستا لە گەڵ ئەوەن واقیعی سایکس بیکۆ وەکو خۆی بمێنیتەوە و دەستکاری نەکرێت .
دەوڵەتە زلهێزەکان سوودیان لە کورد وەرگرتووە لە هاوکێشە ستراتیجیەکانیان، دەبێ دەسەڵاتی کوردستانی لەوە تێ بگات نابێ خۆی بکاتە قوربانی ئەو دەوڵەتانەی دەیانەویت سوود لە دۆخی جیۆسیاسی کوردستان وەربگرن بۆ جێبەجێ کردنی تەکتیکە کاتی و ئامانجە درێژخایەنەکانیان،
بەڵکوو پێویستە سوود لەم دەوڵەتانە وەربگرێت بە مەبەستی بەهێز کردنی پێگەی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەک هێنانی کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانی جیهان بۆ بەهێزکردن و قایم کردنی پێگەی هەرێمی کوردستان، لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی بە تایبەتی لە ڕووی ووزە و ئابوریی و دواتر لە ڕووی سیاسییەوە . چونکە نەوت و گاز چەندە پرۆژەیەکی ئابووری و بازرگانییە، هێندەش پرۆژەیەکی جوگرافی و سیاسی نێودەوڵەتیە، لە ڕێگای نەوت و گازەوە هەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو هاوکێشە ڕامیارییە ئابوورییەکانی جیهان و نەوت و گاز پێگەی جیۆئیکۆنۆمیکی هەرێمیان بەهێز کرد و هۆکار بوون بۆ بەهێز بوونی پەیوەندییە سیاسییەکان و کردنەوەی چەندین کونسولگەری وڵاتان.
* پسپۆری بواری جیۆپۆڵیتیک