نووسینی: سۆهەیر ئەلتەویل
وەرگێڕانی: شێرکۆ حەبیب
ساتێک میدیاکان رووماڵی هەواڵەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەن، هەمیشە تیشک دەخەنە سەر ناکۆکی سیاسی لەگەڵ بەغدا، دۆخی ئەمنی کە لە ژێر کاریگەری پێشهاتە هەرێمییەکاندایە، هەروەها هەڵبژاردنەکان، کە بە هێواشی بە پرۆسەی سیاسیدا دەڕوات بەهۆی دووبەرەکییەوە کە زۆرجار شکست دەهێنن لە داننان بە ئەنجامی دەنگدانەکان، خراپترین لایەنی ئەم هەواڵانە وێناکردنی کوردە وەک داکۆکیکار لە جیابوونەوە یان کەمینەیەک لە کۆمارێکی فیدراڵیدا کە لە دەستووری ساڵی ٢٠٠٥ەوە بە سیستەمی فیدراڵی بەڕێوەدەبرێت.
ئەمە لەکاتێکدا دەڵێم کە بیر لە ڕاپۆرتێک دەکەمەوە لەسەر پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە لەلایەن فەرمانگەی ڕاگەیاندن وزانیاری دەرچووە. خوێنەران دڵخۆشن بەو دەستکەوتانەی هەرێم بەدەستیهێناوە لە بوارەکانی ژێرخانی ڕێگاوبان و شەقامەکان، کارەبا، پڕۆژەی ڕۆناکی، ئاسایشی ئاو، چاکسازی سیستەمی دارایی و پڕۆژەی ژمێریاری، ژێرخانی دیجیتاڵی، ئاسایشی خۆراک و پیشەسازی، هەروەها هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێم بۆ بازاڕەکانی دەرەوە.
دەستکەوتەکانی گەشەپێدان کاردانەوەی ئەرێنییان لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە، لەوانە ئاوارەکان، پەنابەران، گەشتیاران، و ئەوانەی بەدوای هەلی کار یان وەبەرهێناندا دەگەڕێن لە ژینگەیەکی لەباردا. ئەمە بە تایبەتی ڕاستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە یاسادانان کە گەرەنتی وەبەرهێنانی ناوخۆیی دەکات، ئاسانکارییەکی بەرچاو و بێ ئاڵۆز و گەرەنتی ئازادی جووڵە و سەقامگیری سەرمایە و پاراستنی کرێکاران لە سیستەمی وابەستەیی ناسراو لە کەنداوی عەرەبی کە پێشەنگیترینیان سیستەمی سپۆنسەرییە، دابین دەکات. هەم کرێکاران و هەم وەبەرهێنەران دەرفەتی ناوازەیان هەیە بۆ خاوەندارێتی و سەقامگیری و مافی بەکارهێنانی ئەو زەوییەی کە بەنیازن بۆ چەندین ساڵ وەبەرهێنانی تێدا بکەن.
ئەم کەش و هەوایە پێویستی بە بەهێزکردنی ژێرخانی ڕێگاوبان و پردەکان و پاڵپشتیکردنی کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و ئاسانکاری گواستنەوە بۆ هاووڵاتیان و هاوسەنگی لەگەڵ ڕووداوەکانی داهاتوو و بەستنەوەی شار و شارۆچکە و گوندەکان هەیە. ئەمەش ئەوەیە کە کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەسایەتییەکی هاوسەنگ و سەر بە بنەماڵەیەکی دیموکراسی خوازە کە نزیکەی ٨٠ ساڵە سەرکردایەتی خەباتی گەلی کورد دەکەن، دەسەڵاتی هەرێم و بەرپرسی گەورەترین حزب پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی، گرنگترین بنەمای سیاسی لە کۆمەڵگەکەدا هەیە کە بەدوای ئازادیدا دەگەڕێت. ئەو خودی خۆی ساڵانێک لەمەوبەر شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کرد. هەروەها سەرۆکی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی، دیدێکی تێروانینی هەیە کە گەرەنتی پاراستن و ئاسایشی پێکهاتەکانی هەرێم دەکات، بە پلەی یەکەم پێکهاتەی کوردی، هەروەها توانای بڕیاردان و لێهاتوویی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیران و مەترسییەکان بە هەمان شێوە.
ڕاپۆرتەکە ژمارەیەکی بەرچاو لەخۆدەگرێت کە خەڵکی کوردستان خۆیان پێش هەموو کەسێک بەرزی دەنرخێنن، سەرەڕای پەرەسەندنی بەرپرسیارێتی و تەحەددیاتی بەردەم حکوومەت، لەوانەش کێشە ئەمنی و تەندروستییەکانی وەک پەتای کۆرۆنا. لەگەڵ کەمی پشکی هەرێم لە بودجەی فیدراڵی کە پێویستە زیاد بکرێت، کە زۆرترین ڕێژەی 16% دەگات، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هەرێم لە شەش ملیۆن هاووڵاتی تێدەپەڕێت. ئاوارەکان و دواجار ئەو فەلەستینیانەی کە ئاسایشیان لە کوردستان دۆزیەوە، کە دەزگای خێرخوازی بارزانی هەموو پشتیوانی و پارێزگارییەکی کۆمەڵایەتییان بۆ دابین کردن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی ئاو و کارەبای هەموو ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی هەرێمدا نیشتەجێن مسۆگەر دەکات، هەروەها گەرەنتی بازرگانی و بازرگانی ناوخۆی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەمەش داهاتی گشتی و تاک و دامەزراوەیی زیاد دەکات. ئەمەش وایان لێدەکات بتوانن پێداویستی خێزانەکانیان دابین بکەن کاتێک حکوومەتی بەغدا بەشی دارایی دەستوری و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ڕادەگرێت. هەروەها متمانەی هەمووان بە سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو دەکاتە هۆکارێک بۆ پشتڕاستکردنەوەی دەرفەتی وەبەرهێنانی سەرکەوتووی سنووردار و بێسنوور. هەروەها سیستەمی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و دامەزراوە بازرگانییەکان لە ڕێگەی پۆرتاڵێکی ئەلیکترۆنی تایبەت بە تۆمارکردنی ناوی بازرگانی و پیشەی کۆمپانیا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کردە نیشانەی ئاسانکاری چوونە ناو بازاڕی ناوخۆی کوردستان.
بۆ پتەوکردنی پەیوەندی هاووڵاتیان لەگەڵ حکوومەت، سیستمێکی “سکاڵا” دروستکرا بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ هاووڵاتیان لەڕێگەی پلاتفۆرمێکی ئەلیکترۆنیەوە کە ئامانجی وەرگرتنی بۆچوون و سەرنج و پێشنیارەکانی هەمووانە، بۆ بەرزکردنەوەی پەیوەندی نێوان حکوومەت و کۆمەڵگا، جگە لەوەش سیستەمێکی تۆکمە بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییە گشتیەکان بۆ سەرجەم دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێم بەشێوەیەکی دیجیتاڵی و ڕێکخراو، هەروەها سیستەمێکی دیجیتاڵی بۆ بەڕێوەبردنی مووچە.
ئامانجی بە دیجیتاڵکردنی پرۆسەی ئامادەکردن و خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتە بە دانانی میکانیزمێکی ئەلیکترۆنی دروست و یەکگرتوو بۆ گەیاندنی مووچە. هاوکات ئامانجی بەستنەوەی وەزارەتی دارایی و گەنجینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم. هەروەها ئامانجی دامەزراندنی ژێرخانی ناوەندی تایبەتە بە کۆکردنەوە و گەیاندنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکانی حکوومەت بە شێوەیەکی یەکگرتوو و پارێزراو. هەروەها ئامانجی بە دیجیتاڵکردنی فۆڕمە فەرمییە جیاوازەکانی مامەڵەکردنە بۆ ئاسانکاری پێشکەشکردن و پرۆسێسکردنی ئەلیکترۆنی، بەرزکردنەوەی ناوەندگەرایی دیجیتاڵی.
ڕێژەی هەناردەی کشتوکاڵی لە 1.8% بۆ 10% زیادی کردووە، بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان وەک برنج، سوماق، تەحین، هەنار، هەنگوین، سێو، قارچک، پەتاتە هەناردەی ئیمارات، کەنەدا، و ئەوروپا کراون. لە چوارچێوەی کابینەی نوێدا هەزار و ٦٥٠ مۆڵەتی کارگە دەرچووە، بەمەش ژمارەی کارگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە چوار هەزار و ٧٤٣ کارگە. ئەمەش لە بەرامبەردا بووە هۆی هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییە ناوخۆییەکان بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، هاوکات زەمینەسازی و دابینکردنی بازاڕی گونجاو بۆ بەرهەمی جووتیاران لە بازاڕە جیهانییەکان.
وشەیەکی کۆتایی لە خوێندنەوەی ئەم ڕاپۆرتە گرنگەدا، کە بریتییە لە بوونی حکوومەتێکی بەهێز و زیرەکی هەرێمی لە وڵاتێکی فیدراڵیدا، کە هەوڵەکانی پاڵپشتی سەقامگیری هاووڵاتیان دەکەن، و هێزێکی ڕاستەقینە بۆ سەقامگیری و یەکڕیزی هەموو عێراق زیاد دەکەن، ئەمەش بەو مانایەیە کە بەغدا دەبێت بەسەر هەر ناکۆکییەکدا زاڵ بێت لەگەڵ هەولێر، و لەباربردنی هەوڵەکان بۆ دواخستنی چارەسەرە دەستوریەکان بۆ هەموو پرسە مشتومڕاوییەکان، چونکە ئەوەی دەتوانێت سوودی بۆ خەڵکی کوردستان هەبێت بە دڵنیاییەوە سوودی بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق هەیە.
* سۆهەیر ئەلتەویل: رۆژنامەنووس و نووسەر و شاعیرێکی میسرییە. شیعر بە هەردوو زمانی عەرەبی میسری کلاسیک و ئاخاوتنی دەنووسێت. لە ١٨ی کانوونی دووەم ساڵی ١٩٧٧ لەدایکبووە.

