عومەر چنگیانی
لەوپەڕی هەستی بەرپرسیاریی بێسنووری مامۆستایانی ئایینی و لەگەڵ ئازاری خەڵك ژیاندا، لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، هەفتەی ڕابردوو بەئەركمان زانی بابەتی سەردێڕ بخەینە بەردەم مامۆستا بەڕێزەكان تا ببێتە بیرهێنانەوەیەك بۆ هەموو لایەكمان، كە ئەو چەمكی دادپەروەرییە، هۆكارێكی سەرەكی دانەڕمانی هەر دەسەڵاتیكە وسەرەتا بە ئایەتی نەوەدی سوورەتی (النحل) دەستمان پێكرد كە خوای گەورە دەفەرمێت: (بەڕاستی خوای شایانی پەرستنی تەنها (الله) فەرمانتان پێ دەكات بۆ دادپەروەری و چاكەكردن تەنانەت لەگەڵ خراپكارانیشدا و، باش بوون لەگەل خزمە نزیكەكان ـ لە ماڵی گشتی نا، بەڵكو ماڵی تایبەتی ـ وەكچۆن ڕێگری ئەوەیشتان لێ دەكات كە بەدكار و بەدڕەفتار و بەدگوفتار بن و، بەدوور بن لە كاری خراپ و ستەم و سنووربەزاندن، خوا ئامۆژگاریتان دەكات تا ئێوە بگەن بەپایەی ڕازیبوونی خوا لێتان و خواتان وەبیر بێتەوە).
(دادپەروەری) وشەیەکە مانای قووڵی هەیە لە ژیانی مرۆڤدا، خەریکە ببێتە جەوهەری ژیان و، ئەو هاوکێشە نەگۆڕەیە لە ئەزەلەوە: (لە هەر شوێنێک دادپەروەری هەبێت، ژیان و سەقامگیریش هەیە)، پێچەوانەکەشی ڕاستە. ئاسمانەکان و زەوی بە دادپەروەری نەبێت ڕانەوەستاون. وە (العدل) ناوێکە لە ناوە جوانەکانی خوای گەورە و، سیفەتێکە لە سیفەتە بەرزەکانی، خوای گەورە پاک و بێگەردە لە ستەم و زۆرداری لە فەرمانەکانیدا، ستەم لە کەس ناکات و، لایەنگری کەس ناکات و، زۆرداری لە کەس ناکات، لەگەڵ ئەوەی کە دروستکراوان دروستکراوی ئەون و، فەرمانیش فەرمانی ئەوە و، مڵکیش مڵکی ئەوە و، لەگەڵ ئەو گەورەیی و جەبەرووت و دەسەڵاتەدا، خۆی بە دادپەروەری وەسف کردووە.
چەمکی دادپەروەری لە ئیسلامدا
دادپەروەری بە بەهایەکی مرۆیی و سەرەکی دادەنرێت لە ئیسلامدا؛ یەکێکە لەو سیفەتانەی کە پێویستە موسڵمانان خۆیانی پێ بڕازێننەوە لە مامەڵەی ڕۆژانەیاندا، و، لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا؛ جا لە ژیانی خێزانیدا بێت، یان لە لایەنی دادوەری، کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسی و، جگە لەوانەیش. دادپەروەری لە ڕووی کات و شوێنەوە دابەش دەبێت بۆ دادپەروەریی دنیایی و قیامەتی، دادپەروەری لە دنیادا داوا کراوە لە هەموو مرۆڤێک و، پێویستە لەسەری کە هەڵبسێت بە جێبەجێکردنی لەگەڵ خۆی و لەگەڵ کەسانی تردا، بەڵام دادپەروەری لە دواڕۆژدا، تایبەتە بە خوای گەورە (عز وجل) کە کامڵە لە وەسفەکانیدا، کە سزای هەموو ستەمکار و زۆردارێک دەدات و بە دادپەروەری لێپرسینەوە لە کرداریان دەکات.
گرنگی و پێویستیی دادپەروەری و ئینساف لە ژیاندا
بێگومان خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەرانی کردووە کە پەیڕەوی دادپەروەری بکەن لە ژیاندا، وە پێغەمبەران (سڵاوی خوایان لێ بێت) جوانترین نموونەیان لە دادپەروەریدا پێشکەش کردووە، بۆیە پێشەوایەتی بۆ خەڵکی لە بەدیهێنانی دادپەروەریدا. لەم ڕوانگەیەوە خوای گەورە فەرمانی بە پێغەمبەر داود (علیه السلام) کردووە کە بە هەق حوکم لە نێوان خەڵکیدا بکات و شوێن ئارەزوو نەکەوێت.
ئەمەش پێغەمبەرەکەمانە (ص) کە پەیڕەوی مەنهەجی دادپەروەری کردووە و هاوەڵانی لەسەر پەروەردە کردووە. لەم ڕوانگەیەوە، ئەو کارەی کە حکومەتی فیدراڵی ئەنجامی دەدات بە ڕاگرتنی ستەمکارانەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بێبەشکردنی خێزانەکانیان لە بژێویی و شایستە دەستوورییەکانیان، ستەم و زۆردارییە و پێچەوانەی بنەمای دادپەروەرییە کە دەبێت دەوڵەت بەپێی ئەو بنەمایە مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتیانیدا بکات.
شوێنەوار و بەرهەمەکانی دادپەروەری لە ژیانی تاک و کۆمەڵگەدا:
1. پاداشتی دواڕۆژ؛
2. بەدەستهێنانی ڕەزامەندی و خۆشەویستی خوای گەورە؛
3. بەدیهێنانی ئاسایش و ئارامی و بەختەوەری لە دنیا و دواڕۆژدا؛
4. پتەوکردنی متمانە و ئارامی دەروونی لە نێوان خەڵکیدا؛
5. بەدیهێنانی بەرەکەت و سەقامگیری و گەشەسەندن لە کۆمەڵگەدا.

