رۆژنامەی ھەولێر

شیعر و خۆشەویستی

سەدیق سەعید ڕواندزی
چەمكی ئەشق و خۆشەویستی، پانتایەكی بەرفراوانیان لە ئەزموونی ئەدەبیات بە گشتی و لە نێویشیاندا شیعر بە تایبەتی گرتووە. بە ڕادەیەك لە زۆركاتدا ئەزموون و شوناسی شیعری بەشێك لە شاعیران، پەیوەستە بە ئەزموونی خۆشەویستییانەوە لە ژیاندا. تەنانەت ئەگەر ئەم بابەتە لە ئەزموونی نووسینیاندا بهێنینە دەرەوە، ئیدی ئەزموونێكی شیعریان بۆ نامێنێتەوە. بەو مانایەی لە ڕێی ئەشق و خۆشەویستییەوە شیعرەكانیان دەناسرێنەوە بۆ نموونە وەك: (ئەراگۆن) ی شاعیری ناوداری فەرەنسی و (نزار قەببانی) شاعیری ناوداری عەرەب. بگرە بەشێك لە بۆچوونەكان لایان وایە ئەگەر ئەلیزا و بەڵقیس نەبوونایە، ئەوا ئەو دوو شاعیرە هێندە نەدەناسران. وەلێ لە سۆنگەی ئەوەی دەیان شیعریان لە بارەی خۆشەویستەكانیانەوە نووسیوە، ئیدی بوونە دوو شاعیری نێودار. بێگومان خۆشەویستی وەك هەستێكی دەروونی و كۆمەڵایەتی و هاوكات پەیوەندییەكی ڕۆحی نێوان مرۆڤەكان، ڕووداوێكی گرنگە لە ژیانی مرۆڤەكان بە گشتی. بگرە لە هەندێ كاتدا، ئەو ڕووداوە ژیانی مرۆڤ بە ئاراستەیەك دەگۆڕێت كە ببێتە مرۆڤێكی جیا لەوەی كە پێشووتر هەبووە. خۆشەویستی ماكێكی سروشتییە و لە ناخی هەمووماندا هەیە. مرۆڤ بێ خۆشەویستی ناژیت. ڕووبەرێكی بەرفراوان لە ئەزموونی ئەدەبیات بە گشتی و شیعریش بە تایبەتی، ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ئەشق و خۆشەویستییە. تیایدا چیرۆك و سەربوردەی ئەشقی نێوان مرۆڤەكانمان بۆ باس دەكەن لەوەی كە ڕوویداوە. تاكو ئێستاش داستانەكانی وەك: (مەم و زین و شیرین و فەرهاد و شەم و دێوانە و ئەسمەر و مامەر). تد، لە نێو ئەدەبیاتی فۆلكلۆری ئێمەدا بە زیندووی ماونەتەوە و نەوە لە دوای نەوە گوێبیستی دەبن. لە كاتێكدا بە درێژایی ئەو مێژووە، چەندین ڕووداوی تر ڕوویان داوە كەچی لە بیركراون وەلێ ئەم داستانانە چونكە پەیوەندییان بە خۆشەویستی هەیە، دەبینین تاكو ئێستاش ماونەتەوە. لە ئەزموونی شیعری كوردیشدا بە گشت قۆناغەكانییەوە، ئەم چەمكە ڕەنگدانەوەی هەبووە، چ لە ئەزموونی بیۆگرافیای تایبەتی شاعیراندا، یاخود وەك بابەت و كەرەستەیەكی شیعری. هاوكات ئەم خۆشەویستییە چ خۆشەویستی ڕەگەزەكەی تر بێت، یاخود خۆشەویستی توخمێكی دیكەی شێوەی نیشتمان و سروشت بێت، كە تیایدا شاعیر گوزارشتی لە خۆشەویستی خۆی كردووە بۆ ئەم ڕەگەزانە، بە تایبەتیش خۆشەویستی ڕەگەزی بەرانبەر كە جۆرە خۆشەویستییەكی تایبەتمەندە و بەراورد ناكرێت لەگەڵ هیچ جۆرە خۆشەویستییەكی دیكە. دیارە ئەمەش بۆ سروشتی ئەو جۆرە پەیوەندییە ڕۆحی و دەروونییە دەگەڕێتەوە كە مرۆڤەكان بە یەكتری دەبەستێتەوە. نەك هەرئەمە، بگرە لە زۆركاتدا لە ئەزموونی خۆشەویستی نێوان هەردوو ڕەگەزدا، پرۆسەی دۆنادۆن دێتە كایەوە، واتە تێكەڵاوبوونی ڕۆحی نێوان هەردووكیان، تا ئەو ڕادەیەی دەتوێنەوە لە یەكتری. بە مانایەكی تر، لە ئەزموونی خۆشەویستیدا، هەردوو ڕەگەز بوونی خۆیان لە بوونی یەكتر دەبیننەوە. هەر ئەمەشە وا دەكات كاتێ مرۆڤ خۆشەویستەكەی لە دەست دەدات، ئەوا ئەویش كۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت، چونكە بە تێگەیشتنی خۆی، ژیانی ئەویش دوای خۆشەویستەكەی كۆتایی هاتووە. ئەمەش پەیوەستە بەو ئاوێزانبوونە ڕۆحییەی نێوان خۆشەویستەكان. شاعیران، گەرچی لە شیعرەكانیاندا، هەوڵ دەدەن پێوانەیەك بۆ خۆشەویستی لە ڕێگەی وێناكردن، وەسف و چواندن و هێماكردن دابنێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر هەست دەكەن نەیانتوانیوە گوزارشت لەو پەیوەندییەی خۆیان لە ڕێگەی وشەوە بكەن، چونكە دڵنیان تاكە دیاردەیەك لە ژیانی مرۆڤەكاندا كە بشێ پێوانە نەكرێت، ڕادەی خۆشەویستی ئێمەیە بۆ بەرانبەرەكەمان. بەو مانایەی ئەگەر سنوور لە بەردەم هەموو دیاردەكانی دیكەی ژیاندا هەبێت، ئەوا لە بەردەم خۆشەویستیدا هیچ سنوورێكی دیاریكراو نییە. ئەندازەیەك نییە پێوانەی ئاستی خۆشەویستی ئێمە بۆ بەرانبەرەكەمان بكێشێت. هەر ئەمەشە وادەكات كاتێ شاعیر وەسفی خۆشەویستی خۆی بۆ بەرانبەرەكەی دەكات، هەوڵدەدات ئەم خۆشەویستییە هاوشێوەی هەموو شتێكی ئەم گەردوونە نیشان بدات. لەگەڵ ئەوەشدا، وێرای هەموو ئەو مەزندەكردنانە، كەچی هێشتا بڕوای وایە گوزارشتێكی كەم و بچووكی لە دنیای گەورەی خۆشەویستی كردووە، وەك ئەوەی پەشێوی مەزن لە شیعرێكدا دەڵێت:
بەڵێنی هیچت پێ نادەم
ئەوەندە دەزانم ئێستا خۆشم دەوێی
ئێستا وەكو هیمۆگڵۆبین
لە نێو خوێنمدا دەگەڕێی

ئەمە هیچ بەڵێنێكی پێ نەداوە، گەر بەڵێنی ئەوەی پێ بدات كە خۆشی دەوێت، ئەوكات دەبێ لە بری هیمۆگڵۆبینی ناو خوێن، كە زامنی مانەوە و زیندووەتی مرۆڤە لە ژیاندا، چ بەڵێنێكی پێ بدات؟!
ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە هەست و سایكۆلۆژیای خۆشەویستی، بێسنوور و نابەرجەستەیە و ناتوانرێت چوارچێوەیەكی داڕێژراوی هەبێت، چونكە خۆشەویستی ماتریال نییە، تاكو بەهاو مەزندەكردنێكی وەك هەر كاڵایەكی دیكەی ژیان هەبێت! خۆشەویستی لە دەرەوەی هەموو ئەو ڕێسا و یاسایانەیە، خۆشەویستی ماتریال نییە، قەبارەیەكی هەبێت و بارستایەك لە گەردوون بگرێت، بەڵكو هەستێكی شاراوەیە بۆیەشە ناتوانین بیخەینە نێو هیچ پێوانەكردنێك یان سنوورێكی بۆ دابنێین، وەك ئەوەی نیشتمان سنوورێكی هەیە، لە كاتێكدا پیرۆزترین و مەزنترین خۆشەویستی، خۆشەویستی خاك و نیشتمانە، چونكە ئەگەر لە پەیوەندی خۆشەویستیدا تەنها یەك كەس خوێنی خۆی بڕێژێت، ئەوا هەزارەها مرۆڤ ئامادەن لە پێناو پیرۆزی خاك و نیشتماندا خوێنیان ئاوێتەی خاك بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەو هەموو پیرۆزیی و گەورەییەی خاكیشدا، كەچی هێشتا سنوورێك نیشتمانەكان لە یەكتری جیا دەكاتەوە، بەڵام لە خۆشەویستی نا، چونكە سنوورێك لە بەردەم خۆشەویستیدا نییە.