رۆژنامەی ھەولێر

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی توێژینەوەی رۆژنامەوانی: (ڕۆژنامەی خەباتی قوتابیان ١٩٦٧_١٩٩٨)

ئاری ئاغۆک
١_ (دەسپێک).
هەوڵدان و ئیشکردن لەسەر مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردی بەشێوەیەکی گشتی کارێکی ئێجگار قورس و وردبینە و پێویستی بە پشوودرێژیە، چونکە هەر کارێک لە چوارچێوەی ئەم بوارەوە بێت ئەگەر وەک هەوڵی تاکەکەسی بێت ئەوا بەر لە هەموو شتێک پێویستی بە هەوڵ و ماندووبوون و سەرچاوە و بەدواداچوون و گەڕانە، بۆیە دەبێت کەسی ئامادەکار وەک ئامانەتێکی ڕۆژنامەوانی بەرپرسیارانە ئەو ئەرکە مێژووییە بگرێتە ئەستۆی خۆی و لە چوارچێوەی ئەو پەیام و ئامانجەی مەبەستیەتی بیخاتە ڕوو.
٢_ (ناساندنی کتێب)
لەم ڕۆژانە کتێبی (ڕۆژنامەی _ خەباتی قوتابیان _ ١٩٦٧_ ١٩٩٨) لە ئامادەکردنی: سیروان عوسمان حەسەن، پێشەکی: ساسان عەونی، پێداچوونەوە: د. ڕۆژگار حەمەدەمین، بەرگ: عەبدوڵڵا ڕەفیق، دیزاین: شاخەوان جەعفەر، لە چاپخانەی ڕۆشنبیری هەولێر لە دووتوێی کتێبێکی قەبارە گەورەی ٧٦٨ لاپەڕە هاتۆتە چاپکردن.
٣_ (ڕوانینێکی خێرا)
ئەگەر لە کورتکراوەیەک دا، پێناسە گشتیەکەی ئەم کتێبە بکەین دەتوانین بڵێین: کتێبێکە وەک توێژینەوەیەکی ڕۆژنامەوانی لەچوارچێوەی ئینسکلۆپیدیا، بانکی زانیاری، مێژوویی، ئەرشیفی، ڕۆژنامەوانی، خۆی دەدۆزێتەوە، چونکە نووسەر لەڕێگەی لێکۆلینەوەو بەدواداچوون دا هەوڵی داوە لە ئینسکلۆپیدیایەکی پڕ لە زانیاری وورد لەچەندین پەنجەرەوە، مێژوویەکی ڕۆژنامەوانی لەفۆرمێکی ئەرشیفی دا بەڕوانینێکی پڕ لەزانیاری چەشنی تابڵۆیەک پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی بکات، بێگومان گرنگی ئەم کتێبە لەچەندین لاوە خۆی دەدۆزێتەوە، یەکێک لەو لایەنانە خستنەڕووی مێژوویەکی جوانی یەکێک لەو رۆژنامەو گۆڤارانەیە کە زیاتر لەنیو سەدە بەسەر دەرچوونی تێدەپەڕێت، کەچی تائێستا هەر بەزیندوویی و بایەخەوە لێی دەڕوانین، ئەویش (خەباتی قوتابیان)ە، کە ئۆرگانی یەکێتی قوتابیانی کوردستانە، بێگومان ئەم گۆڤارە لەدونیای ڕۆژنامەگەری کوردی دا مێژووێکی دوورودرێژی ڕاگەیاندنی هەیەو لە گوڵدانی کتێبخانەی کوردی ئەم گۆڤارە شکۆو سەنگی خۆی هەر بەبەرزی پاراستووە، کە دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆژنامە و گۆڤارە وەک زۆربەی ئۆرگانەکانی دیکەی ڕێکخراوە پیشەیی وجەماوەرییەکان لەسەردەمی زێرینی دونیای چاپەمەنی کاغەز، بوونەتە مێژوویەکی جوان و پڕ بایەخ، کەزۆربەی زۆری نووسەر و شاعیرو ئەدیب و کەسایەتیە ئەکادیمی و ڕۆشنبیریی و پلە بەرزەکانی وەزیفی ئەمڕۆ، دەسپێکی ئەلف و بێی رۆژنامەوانی و نووسین و بابەت و ڕێپۆرتاژو دیمانەکانیان لەو فێرگەیەوە دەستپێکردوە، کەئەمەش جێگەی شانازی یە بۆ هەمووان، بۆیە لەم پێودانگەیەوە ئەم بەرهەمە دەبێتە سەرچاوەیەکی باش بۆ ئەو توێژینەوانەی کە لەناوەندەکانی زانکۆ بۆ ماستەر و دکتۆرا یاخود ئەوانەی لە پسپۆریەتی مێژوو کاردەکەن سوود لەم سەرچاوەیە وەردەگرن، ئەو توێژەرەوانەی لەبواری راگەیاندن بەگشتی و رۆژنامەگەری کار دەکەن بەهەمان شێوە سوود لەم سەرچاوە مێژووییە وەردەگرن، هەروەها ئەو دەزگاو ناوەندە رۆشنبیریانەی کار لەسەر ئەرشیف و دیکۆمێنت دەکەن بێگومان سودێکی گرنگی دەبێت بۆیان، هەروەها لە ناوەرۆکدا کۆمەڵە بابەتێکی بەڵگەنامەیی بڵاوبۆتەوە کە دەقاودەق وەک سەرچاوەیەکی ڕۆژنامەوانی دەتوانرێت سودی لێ وەربگیرێت، یاخود روووداوێکی مێژوویی ڕووی دابێت، بۆ ئەوەی کەسی توێژەر ماندوو نەبێت بۆ بەدواداچوون و بۆ سەرچاوە سەرەکیەکە، ئەوا لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە دەتوانرێ بەئاسانترین شێوە، بەزووترین کات بیدۆزرێتەوە، لەکاتێکدا ئامادەکار (سیروان عوسمان) لەماوەیەکی زۆرو بەهیلاکیەکی ڕادەبەدەر توانیویەتی ژمارە دوای ژمارە بابەتەکان کۆبکاتەوە، هەروەها پێداچوونەوەش لەلایەن(د. ڕۆژگار حەمەدەمین)، ئەم کتێبەی بەئەکادیمی تری کردوە، چونکە هەم کاک سیروان هەم کاک ڕۆژگار، هەر دووک لەقۆناغی سەرەتای ڕاپەڕین کادیرێکی باڵا و ماندوویەتینەناسی ئەو سەردەمەی یەکێتی قوتابیانی کوردسان بووینە، ئەمەش بەو واتایەدێت کە خۆیان لەناو هەناوی زەمەنی ئەم رێکخراوە ژیاون و کاریان کردوە، کەواتە بە شێوەیەکی گشتی، ئەم بەرهەمە لە ڕوانگە مێژوویی و ئەرشیفی و بەدیکۆمێنتکردن و زانیاریەوە سەرچاوەیەکی باشە.
هەر وەک لەپێشەکی ئەم کتێبەدا (ساسان عەونی) کە یەکەمین سەرنووسەری دوای ڕاپەڕین و سکرتێری یەکێتی قوتابیانی ئەو قۆناغە دەڵێ: هیوادارم ئەو هەوڵەی کاک سیروان تاکە هەوڵ نەبێت و هەوڵی دیکەشی بەدواوە بێت، چ لە رێگەی دامەزراوەکانەوە یاخود هەوڵی تاکەکەسی و پێکەوەیی بۆ ئەو سامانەی لەبواری ئەرشیف و دەستنووسدا کە هەیە و لە نامەخانە و کتێبخانە تایبەتیەکان و سندووقەکان هەڵگیراون لە فەوتان رزگار بکرێت و کاردانەوەیەکی زانستیانەی لەگەڵ دا بکرێت.(ل ٦).
٤_ (پەیامی کتێب)
کاتێ بەرهەمێک دێتە چاپ و بڵاوکردنەوە، دەبێت پەیامێکی ڕوونی هەبێت، ئایا بۆ چ مەبەستێک ئەم بەرهەمە هەوڵی بۆ دراوە تاوەکو بۆتە کتێب، ئایا ڕەهەندە ئیعلامی و زانستیەکەی لەکوێ وە سەرچاوەی گرتوەو بۆ کام ئاراستە دەڕوات؟ ناکرێ کتێبێکی نزیکەی ٨٠٠ لاپەڕەیی مێژوویەکی دوورو درێژ باس بکات، مەبەست و گرنگیەکەی بەرچاو و ڕوون نەبێت بۆ خوێنەرو ئەوکەسانەی پێویستیان پێیەتی، بۆیە کتێبی (ڕۆژنامەی _ خەباتی قوتابیان _ ١٩٦٧_ ١٩٩٨)، گرنگی و بایەخیەکەی بۆ خوێنەر دەزانین، ئەوەتا لە دەسپێک دا، بەناونیشانی ئەم توێژینەوەیە بۆچی؟ لە بەشێکی نووسینەکەی دا دەڵێت: گەربێت و ئێمە بەویژدان و ڕاستگۆییانە باس لە ڕابردوومان نەکەین، ناتوانین ئێستا و ئاییندەیەکی باش و بەکەڵک بخەینە بەرچاوی نەوەکانمان، سەڕەڕای مێژووێکی دوورودرێژی ڕۆژنامەوانی، بەڵام جێی داخە یەکێتی قوتابیان چەندین میدیا و ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەی ڕۆشنبیری و وتار لەبواری ڕۆژنامەوانی، بەڵام جێی داخە نەتوانراوە کۆی چاپکراو و بڵاوکراوەکان لەشوێنێک کۆ بکرێتەوە و ئەرشیف بکرێت و لە کتێبخانەیەک بیپارێزین تا قوتابیانی نەوەی داهاتوو سوودی لێ ببینن (ل ٧).
٥_ (پێکهاتەی کتێب)
*خولی یەکەم و دووەمی گۆڤاری (خەباتی قوتابیان) ئۆرگانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتی قوتابیانی کوردستان ساڵی ١٩٦٧_١٩٧٥ قۆناغی (بەنهێنی کارکردن).
لەم خولەدا و لەنێوان ٨ ساڵدا بەشێوەی نهێنی وەک نیمچەساڵانە ٨ ژمارەی گۆڤاری (نچال الگلبە) دەرچوە، ٣ ژمارە بەنهێنی چاپ کراوە، ١ ژمارە بەشێوەی ڕۆنیۆ، ٤ ژمارەش لە (دار التێخی للگباعە والنشر)چاپ کراوە.
٣ ژمارەی گۆڤاری خەباتی قوتابیان بڵاوکراوەتەوە کە ٢ ژمارەی بەڕۆنیۆ، ١ ژمارەش لە (دار التێخی للگباعە والنشر)چاپ کراوە.
*گۆڤارو ڕۆژنامەی پێشکەوتن یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان – عیراق قۆناغی (شار و شاخ).
ئەم قۆناغەش ساڵی ١٩٨٧ دەستپێدەکات تاوەکو ١٩٩٣ لە ماوەی شەش ساڵدا؛ ٤٨ ژمارەی پێشکەوتن دەرچووە، ٦ ژمارە بە زمانی عەرەبی بووە، ٢٠ ژمارە لە مەکتەبی سیاسی چاپ کراوە، ٢ ژمارە لە شاخ دەرچووە، ٢٦ ژمارەش لە چاپخانەی رۆشنبیری چاپ کراوە کە سەردەمی دوای ڕاپەڕین و حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
*خولی سێیەمی خەباتی قوتابیان هەولێر ١٩٩٣_ ٢٠٠٢ قۆناغی ئازادی؛ لەم خولەدا کە بە قۆناغی ئازادی ناسراوە، بەهۆی ڕاپەرین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە بە قۆناغی ئازادی ناسراوە، لەماوەی ٩ ساڵ دا، ٥٩ ژمارەی خەباتی قوتابیان دەرچووە.
_ کە ٣١ ژمارەی بەشێوەی ڕۆژنامە دەرچووە، کە کۆی گشتی بریتییە لە ٤٩٧ لاپەڕە، ٤ لاپەڕە بۆ زمانی عەرەبی تەرخان کراوە.
_ وەک گۆڤاریش ٢٨ ژمارە دەرچووە، کە کۆی گشتی بریتییە لە ٢١٤٢ لاپەڕە،
لەکۆی ٥٩ ژمارە ٢٤ ژمارەی لەچاپخانەی ڕۆشنبیری_ هەولێر چاپ کراوە، ٢٨ ژمارەی لەچاپخانەی پەروەردە چاپ کراوە، ٧ ژمارەی لە چاپخانەی دهۆک _ شەریعە چاپ کراوە.
٦_ (گرنگیی بابەتە سەردەمیەکان لەنێوان دوێنی و ئەمڕۆدا)
کاتێ نووسەرێک ووتارێک یا بابەتێک دەنوسێ، بێگومان دەبێت ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵگەو پەیامی ڕاستی و دروستی خۆی بگەیەنێت، بۆیە ئەم جۆرە نووسینانە دەبێتە هەوێنی ڕاستیەک بۆ ئێستا و داهاتوو کە کاریگەری دەبێت، لەم کتێبەدا لەئەرشیفی ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی ئەوسای پێشکەوتن و خەباتی قوتابیان هەندێ پرس ورووژاوە، جێی سەرنج و تێڕامانە کە بە پەیامێکی بوێری، لەڕێگەی ڕێپۆرتاژ یاخود بەدواداچوون، یا هەڤپەیڤین هەندێ کێشەو ئاریشەی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن و ناوەندە زانکۆییەکان خراوەتە ڕوو کە هەمووی لە خەمی قوتابیدان، دواتر و لە ژمارەکانی داهاتوو چارەسەر کراون، یاخود هەندێ ووتارو بابەتی کاریگەر لەو زەمەنە نووسراوە بەقەڵەمی ئەو قوتابیانەی کە دەسپێکی ئەلف و بێی نووسینیان لەم گۆڤارە بووە، ئێستاش خاوەن قەڵەمی جوان و کاریگەرن لە گۆرەپانی ڕاگەیاندنی کوردی، هەروەها بەشێک لە وتار و بابەتەکان بۆ ئەو سەردەمەش هاوگونجاون، کە لەم کتێبە ئەرشیفی و مێژووییە وەبەر چاوم کەوتوون، یەکێک لەو وتارانە بە ناونیشانی (گەورەترین کارەساتی ئەنفالی فەیلیەکان ئەنفالی قوتابیان و لاوانی فەیلییە)، کە لەلاپەرە ٤١٠ ی ئەم کتێبە مێژووییەی سیروان عوسمان بڵاوبۆتەوە، سەرچاوەکەشی لە ژمارە ١٠ ی خولی سێیەمی خەباتی قوتابیان مایسی ساڵی ١٩٩٦ لە نووسینی تارق فەیلی بڵاوبۆتەوە.
لەگەڵ ئەوەی وا خەریکە ٣٠ ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەی ئەم نووسینەدا تێدەپەڕێت، بەڵام بەبۆچوونی من پرس و بابەتێکی زیندووی سەردەمی دوێنێ و ئەمڕۆیە، دەکرێ نامەی ماستەرو دکتۆرا لەژێر ئەم پرس و ناونیشانە کاری لەسەر بکرێت، ئەم بابەتە یەکێکە لەو سەدان بابەتەی کە لەدووتوێی ئەم کتێبە ئەرشیفی ومێژووییە بڵاوبۆتەوە، کە سەرنجی منی خوێنەری بۆ خۆ ڕاكێشا، بێگومانیشم چەندین بابەتی دیکەهەن، دەکرێ سوودی لێ وەربگیرێ و ئیشی لەسەر بکرێ، ئەوەی من دەستنیشانم کردوە یەکێک لەو نموونە زیندوو و بەردەستانە.
ئەگەر لە ڕوانگە ئەدەبیەکەشەوە لەم کارە بڕوانین ئەوا چەندین دەقە شیعری جوان لە فۆرمێکی ئەدەبی بەکەرستە و وێنەی شیعری بەقەڵەمی قوتابی و لاوی ئەو سەردەمە نووسراوە، کە بە ریتمێکی بەهادار نووسراون، ئێستا گەر شرۆڤەی ئەدەبی و خوێندنەوە و چنینی ڕەهەندە شیعریەکانی بۆ بکرێ، دەکرێ بە شاکارێک تەماشا بکرێت، چونکە وەک ئاماژەم پێ کرد، ٣٠ ساڵ لەمەوبەر دیدگای گەنجی کورد بەرانبەر بە وشە و پەیڤ و شیعر بەو ڕوانینەوە بووە، ئەو هەستە ئەدەبیە خوڵقاوە کە چەندین نموونە بەدی دەکرێت.
بۆیە بەشێوەیەکی گشتی بەچاپگەیاندنی ئەم کتێبە، جگە لە دەوڵەمەندترکردنی کتێبخانە و ئەرشیفی کوردی، ئەوا سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی زانستی و ئەکادیمی و ڕۆژنامەوانیە، بۆ هەر کەسێک بیەوێ بەدوای سەرچاوە و توێژینەوە و ڕابردووی رۆژنامەگەری قوتابیان بگەڕێ.