رۆژنامەی ھەولێر

تێركردنی هەژار و هەتیو و زیندانی بۆ چوونە بەهەشت

عومەر چنگیانی
لەم هەلومەرجە ناهەموار و، بارە لارە ئابووریە پڕ لە ئابلۆقە ستەمەی دژمنانی گەل و وڵات و دۆزی ڕەوای گەلەكەمان لەسەریان سەپاندووین لە هەرێمی كوردستان، بەرئەركی دەزانم بۆ هاندنی خاوەن سامانە بەڕێزەكانی وڵات گۆشەی ئیمڕۆم بیرهێنانەوەیەكی هەندێك لایەنی سۆزئامیزی پڕ پاداشت بێت، خوای گەورە لە ئایەتەكانی حەوت و بەدواوەی سورەتی (الانسان)دا، باسمان لە خاوەن سامانە باشەكان بۆ دەكا و دەفەرمێت:
“ئەوانە كەسانێكن كە لەم دنیایانەدا هێندە ڕاستگۆ و بە تەنگ سۆز و پەیمانی خۆیانەوە دێن كە هەر لەسەرخۆبەپێویستكردن (نەذر)ێكیان كرد جێبەجێ دەكەن و ئەو كارە باشانەیشی وا دەیکەن لەبەر ڕووپەرمایی و بەچاودانەوەدا نییە، بەڵكو لەبەر ئەوەیە كە ترسیان هەیە لە ڕۆژی لێپێچانەوە، كە ئاور و ئازارەكانی فرەلایەن و زۆر بەرین و بەربڵاوە”.
تێبینی: وشەی “نەذر” واتە لەسەر خۆ بەپێویستگێڕان، هەیە باشە و، هەشە خراپ؛ جا ئەگەر كەسێك لە سەر خۆیی بە پێویست كردبوو كە كارێكی باش بکا ـ كە بە پێوەری شەریعەت چاك بێت ـ ئەركە جێیبەجێی بكا؛ بەڵام ئەگەر كەسێك خراپەکردنێکی لەسەر خۆی بە پێویست گێڕابوو، ئەوە نەك نابێ بیكات، بەڵكو كردنەكەی گوناهە.
وەكچۆن ئەگەر كەسێك ئەنجامدانی كارێكی باشی لەسەر خۆی بە پێویست گێڕابوو، دوایی بۆی نەلوا و پێی نەکرا، ڕەنگە پێویست بکا قەرەبوو (كەفارەت)ـی سوێندێک بدات.
ئەم بابەتانە هەموویان لە كتێب شەرعەکاندا بە وردی ڕوون كراونەتەوە و ئێرە شوێنی نییە، دەكرێ بگەڕێنەوە بۆ تەفسیری “قورتوبی” یان تەفسیری “نامی”ـیەکەی مامۆستامەلا عەبدولكەریمی مدەڕیس.
دوای ئەم پێداگوتنەی لایەنی بڕوای بڕوادارییان، باس لە هەندێك ڕەوشتی بەرزی تریان دەكا و دەفەرمێت: “بڕوادارەكان لە كاتێكدا كە خۆیان پێویستیان بە خواردن هەیە و خۆشیان دەوێت، یاخود لەبەر خاتری خوا، دێن خوان دەبەخشنە كەمداهات و هەتیو و زیندانی و دەسبەسەرکراو”.
هاوكات لە كاتێكدا كە ئەو چاكانەیش دەکەن و دەسبەرداری سامانی تایبەتی خۆیان دەبن و لە ڕێی خوادا دەیبەخشن، كە هەژار و بێدەرەتان بەو كارەیان دەزانن و دەیانەوەێ سوپاسیان بكەن، ئەمان لە وەڵامیاندا دەڵێن: “بەڕاستی ئێمە لەم خواردن بەخشینەماندا بە ئێوە، تەنیا لەبەر خوا دەیكەین و نە پاداشتمان لە ئێوە دەوێ و نە كارمان بە شوکرانەبژێرییەوە هەیە”.
ببینن، لێرەدا دوو هەڵوەستەی پێویستە:
1/ مەرج نییە تەنها خواردن بریتی بێت لە خواردن بۆ گەشە و پارێزگاری لاشە و جەستە، بەڵكو دەكرێ پێبەخشینی زانست و بڵندكردنەوەی لایەنی دەروونی و نادیاریش بێت.
2/ نەویستنی پاداشت و پێداگوتن لە بەرامبەر، بێنیاز بوون نییە لە پاداشتی خوا.
پاشان زیاتر بەو بڕوادارە خۆبەخشانەدا دەڵێ و باسیان دەكات كە زمانحاڵیان دەڵێت:
“بەڕاستی ئێمە لە پەروەرێنی خۆمان دەترسین و خۆ دەپارێزین لە تووشبوونی ڕۆژێكی سەختی پڕ لە ترس و بیم و گرژی و ناڕەحەتی”.
ئەمە ئاماژەیەكی قورئانیانە بۆ ئەو ڕۆژە و بۆ هەندێك لەو تایبەتمەندییە گران و سەختانەی ئەو ڕۆژە هەیەتی لە بەرانبەر بێبڕوایاندا، كە بە ڕاستی هەر بڕوادارە لەوە تێدەگات!
ئاخر زۆر جار ئێمە لە ڕۆژانەی خۆماندا گوێبیستی هەندێك گوتاری خەڵك دەبین، كەچی بە یەك پێوەریش ڕەفتاری لەگەڵ ناكەین، یاران باش لەم ئایەتانە تێدەگەیشتن بۆیە ژینامەیان پڕیەتی لە تۆماركردنی سەروەری و خۆنەویستی و خۆبەخشی و خۆ برسی و تینوو كردن لە پێناوی حەواندنەوەی خەڵكدا.
دەی ئەمە سروشتی خوا گیانە، كەسێك لەو بترسێ و لەبەر ئەو چاكە بكا و ترسی لێپیچانەوەی هەبێت، پاداشتەكەی ئەوە دەبێت كە دەفەرمێت:
“لە دەرەنجامی چاكەی ئەوان و خواناسینەكەیان، خوا ئەوانی پاراست لە خراپەی ئەو ڕۆژە و ناوچاویانی درەوشاندەوە و خۆشیی پێ بەخشین و خۆشی خستە نێو دڵ و دەروونیانەوە و پاداشتیانی بەوە دایەوە و لە دەرەنجامی دانی ئارام گرتنەكانیان بەخۆیاندا، بەهەشتێك و پۆشینی ئاوریشمیان پێ درا”.
سەیركەن سەرباری ئەوەی كە ئەمە ئاماژەیە بۆ خۆشگوزەرانی و خۆش بەختی، داڕشتنەكەیشی بەشێوەیەكە وەك وەریان گرتبێت نەك وەری دەگرن!
ببینن تاكی بڕوادار، نان دەبەخشێ و دانی ئارام بەخۆیدا دەگرێت، كە دانی ئارام بەخۆدا گرتن هەم لەسەر ناخۆشی هەیە و هەم لە خۆشیشدا هەیە كە خۆت بگری و سنوور نەبەزێنی، لە دەرەنجامدا لەڕۆژی دواییدا:
“پاڵی لێ دەدەنەوە و لەوێدا نە چلەی گەرما و تاوی بەتین دەبینن، نە زقم و، سەرماوسۆڵ؛ نەك هەر هێندە بەڵكو سێبەری درەختە بەرینەكان و چنینەوەی بەر و لێكردنەوەیشیان لێ نزدیكە و بۆیان ئاسان كراوە”.