فەزیلە شۆرش
باوەڕبوونی تاک، خێزان و کۆمەڵگە بە توانای هزریی ئافرەت، ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر، سەقامگیر و خاوەن ئاییندەیەکی گەش. ئەگەر لە کۆمەڵگەیەکدا ئەم باوەڕە بوونی نەبوو، بێ شک ئەو کۆمەڵگەیە دواکەوتوو دەبێت، چونکە ئافرەت کۆڵەکەی پێشکەوتنە. تێڕوانینی ئەرێنیی کۆمەڵگە بۆ تایبەتمەندی و گرنگیی ڕۆڵی ئافرەت، بناغەی سەرەکیی ئەم پێشکەوتنەیە. بۆیە، ئەرکی سەرشانی هەر تاکێکە کە دەوروبەری خۆی لە گرنگیی توانای هزریی ئافرەت هۆشیار بکاتەوە. لە هەمان کاتدا، پێویستە هەمووان ڕۆڵیان هەبێت لە ڕێگەخۆشکردن بۆ بەشداریی کارای ئافرەتان لە کایە سیاسی، حکومی و ناحکومییەکاندا.
لە پاش باوەڕی تاک بە توانای هزریی ئافرەت، گرنگە ئافرەت خۆیشی لە بایەخدان بە توانا هزرییەکانی خۆی کەمتەرخەم نەبێت. ڕەنگە هەندێک ئافرەت بەبێ مەبەست بەهای هزریی خۆیان نەزانن، هەست بە ڕۆڵی گرنگی خۆیان لەنێو خێزان و کۆمەڵگەدا نەکەن، یان متمانەیان بە خۆیان نەبێت تاکو بە باشترین شێوە ڕۆڵی خۆیان ببینن. بێگومان، ئەم جۆرە کەمتەرخەمییە، تەنانەت ئەگەر بێ مەبەستیش بێت، زیان بە خودی ئافرەتەکە وەک تاکێک و دایکێک دەگەیەنێت، هاوکات زیانبەخشە بۆ خێزان و تەواوی کۆمەڵگەش.
لە ڕاستیدا، ئافرەتان بوونەتە پێگەیەکی سەنگین و ئاوێنەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە. بۆیە پێویستە ئافرەت خۆی پاڵنەری خۆی بێت بۆ دروستکردنی کەسایەتییەکی بەهێز و بەرزکردنەوەی ئاستی توانای هزریی خۆی، نەک بکەوێتە ناو بازنەی بێمتمانەیی و لە نێوان پێشبڕکێی سەرکەوتن و دۆڕاندا خۆی ون بکات. جێی ئاماژەیە، پێویستە ئافرەت گەشبین بێت لە پەرەپێدان و بەهێزکردنی تواناکانی، تاکو چێژ لە بەرهەمی هزریی خۆی وەربگرێت. گرنگە خۆی بە کەم سەیر نەکات، چونکە خۆبەکەمزانین تێکدەری ناخ و هزرە و دەبێتە هۆی فەرامۆشکردنی خود و دوورکەوتنەوە لە بەشداریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا. نابێت لەبیر بکەین کە سەنگی هەر کۆمەڵگەیەک بەستراوەتەوە بە سەنگی ئافرەتانەوە؛ ئەم سەنگینەش بەردەوامی دەدات بە شارستانیەت، پێشکەوتن و دەستەبەرکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بە بەراوردکردنی پێگەی ئافرەتانی کوردستان بە ئافرەتانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، خۆشبەختانە ئافرەتانی کوردستان لە سایەی حکومەتی هەرێمدا پێگەیەکی شکۆداریان هەیە. بەتایبەتی لەنێو پارتی دیموکراتی کوردستاندا، کە بە ڕابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، باوەڕێکی تەواوی بە توانا و هزری ئافرەتان هەیە و بایەخێکی زۆر بە دۆزی ئافرەت دەدات. جێی شانازییە کە دەبینین ڕێژەی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیارداندا لە بەرزبوونەوەدایە.

