“شێوان ڕۆستەم”
پرۆسەی یاسادانان لە عێراقدا هەمیشە پرسێکی ئاڵۆز و جێگەی مشتومڕ بووە. ئەم پرۆسەیە تەنها ڕێڕەوێکی تەکنیکی نییە بۆ دەرکردنی یاسا، بەڵکو گۆڕەپانێکە بۆ ململانێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایینی کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان هەیە. بەتایبەتی کاتێک باس لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک مافی ئافرەتان و خێزان دەکرێت، یاساکان دەبنە ئاوێنەی باڵانسی هێز و ئاراستە جیاوازەکانی ناو جڤاکی سیاسی.
لەم چاوپێکەوتنەدا، دکتۆرە نەهلە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، تیشک دەخاتە سەر لایەنە شاراواکانی ئەم پرۆسەیە. ئەو بەوردی باس لەوە دەکات کە چۆن ڕێککەوتنی سیاسی جێگەی بە دیموکراسی لێژ کردووە و چۆن ئەمە کاریگەریی نەرێنی لەسەر مافەکانی ئافرەتان داناوە، بەتایبەتی لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیدا.
دکتۆرە نەهلە ئەفەندی: دەنگدان لە پەرلەمانی عێراق دیموکراسی نییە، بەڵکو ڕێککەوتنی سیاسییە
دکتۆرە نەهلە ئەفەندی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ “هێلین” تیشک دەخاتە سەر میکانیزمی یاسادانان و ئاستەنگەکانی بەردەم مافەکانی ئافرەتان لە عێراق.
میکانیزمی دەرکردنی یاسا
سەبارەت بە پرۆسەی پێشنیازکردنی پرۆژەیاسا لە پەرلەمانی عێراق، دکتۆرە نەهلە وتی: “سەرەتا پرۆژەیاسای نوێ لە ڕێگەی حکومەتەوە دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران. دوای ئەوە، چەندین کۆبوونەوە و کۆڕ و سیمینار لەسەر بابەتەکە ئەنجام دەدرێت و لایەنی پەیوەندیدار بانگهێشت دەکرێن. پاشان لە دانیشتنی پەرلەماندا خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت و ئەگەر هیچ پێشنیاز و گۆڕانکارییەک نەبوو، دەخرێتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.”
یاسای باری کەسی و مافەکانی ئافرەتان
وتیشی: “ئێمە لە پەرلەمانی عێراق یاسای باری کەسێتیمان هەیە کە مافە تایبەتییەکانی ئافرەتان، منداڵان و خێزان لەخۆدەگرێت، هەروەها لیژنەی تایبەتمان بەم بابەتە هەیە. بەڵام دەستوەردانی لایەنە خێڵەکی و ئایینییەکان بوونی هەیە، بۆیە گۆڕانکاری و هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە زۆرجار لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندا نییە. بۆ نموونە، لەم ماوەیەی دواییدا هەموارکردنەوەی یاساکە ڕێگەی داوە گرێبەستی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی ئافرەتانە. هەرچەندە ئاستی ڕۆشنبیریی ئافرەتان بەراورد بە ساڵانی پێشوو باشتر بووە و زیاتر ئاشنان بە یاساکان، بەڵام هەندێک لەو ئافرەتانەی لە گوندەکاندا دەژین هۆشیارییان کەمترە. پێویستە لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینارەوە ئەو ئافرەتانە هۆشیار بکرێنەوە بۆ ئەوەی مافەکانیان بپارێزن و بەدەستی بهێنن.”
ڕێککەوتنی سیاسی لەبری دیموکراسی
دکتۆرە نەهلە زیاتر ڕوونیکردەوە: “هەر یاسایەک کە لە پەرلەمانی عێراقدا دەربکرێت، پێویستە سێ لایەنی سەرەکی (کورد، سوننە و شیعە) لەسەری کۆک و ڕازی بن. لە کاتی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتیدا، هەرچەندە مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو و کورد و هەندێک لە سوننەکان دژی بوون، بەڵام سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتی و ناکۆکییە، دواجار تێپەڕێندرا و دەنگی لەسەر درا. ئەمە ئەوە دەگەیەنێت کە بە شێوەیەکی گشتی، دەنگدان لە پەرلەمانی عێراقدا دیموکراسی نییە و زیاتر شێوازێکی ڕێککەوتنی سیاسییە.”
یاسای نەوت و گاز
لەکۆتاییدا ئاشکرای کرد: “تاکە یاسایەک کە لە هەرێمی کوردستان هەبێت و لە عێراق نەبێت، یاسای نەوت و گازە. پێشبینی دەکرێت لە ئایندەدا ئەو پرۆژەیاسایە لە پەرلەمانی عێراقدا دەنگی لەسەر بدرێت و جێبەجێ بکرێت.”

